پارتی كرێكارانی كوردستان لەوەتەی هەیە وەك گرووپێكی چەكداری نایاسایی لە هەرێمی كوردستان كاری كردووە و چەند ناوچەیەكی دابڕیوە و بنكە و بارەگەی داناوە، بەهۆی شەڕ و پێكدادانەكانیشی ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی خستبوو مەترسیی بۆردمان و هێرشی ئاسمانی توركیا، جیا لە هەراسانكردنی خەڵكی ئەو ناوچانە، بۆیە دوای بڕیاری خۆهەڵوەشانەوە و چەكدانانی، خەڵكی ناوچە سنوورییەكان چاویان بڕیوەتە ئاوەدانی و ئارامی.
بڕیاری چەكدانان و خۆهەڵوەشانەوەی پەكەكە وا دەكات ئەو ناوچانەی لە هەرێمی كوردستان داگیری كردبوون، چۆڵ بكرێن و بگەڕێنەوە بۆ سەر خاكی هەرێم، خەڵكیش بتوانن بە ئاسوودەیی و بێ كێشە سەردانیان بكەن و بێ ترس لە بۆردمان و كردنەئامانجیان سەردانی گوند و رەز و باخەكانیان بكەن.
سەلمان عەزیز دانیشتووێكی شارباژێڕ بە "وشە"ی راگەیاند، چەكدارانی پەكەكە بە شێوەیەكی فراوان لە سنووری شارباژێڕ و گوندە سنورییەكان هەبوون و بەهۆی ئەوانەوە بەردەوام لە لایەن توركیاوە بۆردمانی سنوورەكە كراوە و خەڵك نائارام بوون و بۆ ساتێكیش پشوویان نەداوە و هەمووكات ئامادەی ئەوە بوون بۆردمان بكرێن، ئەوەش روونە لە ماوەی چەندین ساڵی رابردوو بە سەتان جار بۆردمانی ناوچەكەمان كراوە و خەڵك زیانی ماددی و مایەكی و بگرە گیانیشی بەر كەوتووە.
روونی كردەوە، بەهۆی بوونی پەكەكەوە مەترسی لەسەر ناوچەكەمان هەبووە، روونە ئەگەر پەكەكە نەبوایە، كە ئەوان شەڕیان لەگەڵ توركیا هەیە، ئەو ناوچانەی كوردستان بۆردمان نەدەكران، ئێستەش خەڵكی ئەو ناوچە سنوورییانە چاویان لەوەیە دوای بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی پەكەكە، دوای چەندین ساڵ پشوویەك بدەن و بە ئارامی بمێننەوە و لانی كەم بتوانن بچنە ئەو ناوچانە كە ئەوان كردبوویانە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆیان و رێگەیان نەدەدا خەڵك بچێت و سەردانیان بكا و ئەو شوێنانە ببینن.
لای خۆیەوە ئیدریس ئیسماعیل ئەندامی پێشووی پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی گوت، خاكی هەرێمی كوردستان هەر لە زاخۆوە تا خانەقین یەك پارچەیە و هیچ جیاكاری و جیاكردنەوەی نییە، بەڵام ئەوە راستییە كە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی پەكەكە، بەتایبەتی قەندیلی فراوان و بەرین، خەڵك وەك ناوچەیەكی كوردستان یان وەك ناوچەیەكی گەشتیاری نەیتوانیوە سەردانیان بكات، تا شوێنێكی سنووردار رێگە بەوە دراوە.
ئاماژەی كرد، چەندین ناوچەی تر لە سنووری ئامێدی و شارباژێڕ، ئەمەش دابڕینی بەشێكی خاكی كوردستان بوو، رەنگە بۆ داهاتوو بەو جۆرە نەمێنێت و خەڵك بتوانن ئەو ناوچانەش وەك ناوچەكانی تری كوردستان ببینن.
كاوە ئەحمەد مامۆستایەكی زانكۆیە بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، پەكەكە لە چوارچێوەی دەسەڵات و بەرنامەی حكوومەت نەبووە و جیاواز كاری كردووە، خۆی بە دەسەڵات زانیوە و ناوچەیەكی بۆ خۆی دابڕیوە و وەك فەرمانڕەوا كاری كردووە، مافی بە خەڵكی كوردستان نەداوە بچنە ئەو شوێنانە و سەردانیان بكەن كە خاكی كوردستانە، بۆیە جێگەی خۆیەتی بڵێین لە دوای ئەو بڕیارە، بەشێكی زۆر لە ناوچەكانی كوردستان دەگەڕێنەوە سەر خاكی كوردستان.
شایەنی باسە لە 12ی ئەم مانگە پارتی كرێكارانی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا ئەنجامی دوایین كۆنگرەی لە 5 و 7ی ئەم مانگە راگەیاند، بەوەی وەك وەڵامدانەوەی پەیامەكەی عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری گیراوی پەكەكە، بڕیاری چەكدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەی داوە، ئەوەش لە پێناو پرۆسەی ئاشتی لە توركیا.
وشە/ تایبەت