"مەسروور بارزانی رۆڵێكی گەورە دەگێڕێت و خەمێكی گەورەی لەسەر شانە بۆ بەهێزكردنی كوردستان"

:: PM:09:24:19/05/2025 ‌

هەرێمی كوردستان لە پێوەندییەكانی دەرەوە بەرەو بەهێزبوون و كرانەوەی زیاتر هەنگاو دەنێت، ئێستە كوردستان شان بە شانی وڵاتانی دنیا پێوەندیی دیپلۆماسی دەبەستێت و لەگەڵ زلهێزەكان كۆ دەبێتەوە و پێوەندی دروست دەكات، ئێستە سەرۆكی حكوومەتی هەرێم لە واشنتنە و شارەزایان پێیان وایە ئەو رۆڵێكی گەورە دەگێڕێت و خەمێكی گەورەی لەسەر شانە بۆ بەهێزكردنی كوردستان.

شارەزا و سیاسەتوانان باس لەوە دەكەن كە هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی دەرەوە و دیپلۆماسیدا، پێگەیەكی بەهێزی هەیە و لەگەڵ وڵاتان بەبێ جیاوازی سیاسەت دەكات و هیچكات لایەنگری ناكات، ئەوەش وای كردووە كە زۆرترین پێوەندی هەبێت، لەو نێوەندەشدا ئەمەریكا وەك گەورەترین زلهێز پێوەندییەكی بەهێز لە نێوان هەردوولادا هەیە، ئەمەش لە رووی سەربازی، ئابووری، تەناهی و دیپلۆماسییەوە كاریگەریی گەورەی لەسەر هەرێم هەیە، كە لە ماوەی كابینەی نۆ بە سەرۆكایەتیی مەسروور بارزانی كاری گەورەی لەسەر كراوە.

شوان كەریم زراری وەبەرهێنەری دیاری كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، لەو سەردانانەی كە مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دەرەوە ئەنجامی دەدات و لەگەڵ وڵاتانی خاوەن ئابووریی بەهێز پێوەندی دروست دەكات، كوردستان سوودمەندی یەكەمە، چونكە لە هەر سەردانێك وەبەرهێنەرانی گەورە و كۆمپانیاكان پێوەندییان لەگەڵ دروست دەكرێت و دەهێنرێنە هەرێمی كوردستان و كاری وەبەرهێنان و سەرمایەداری دەكەن، بەوەش كوردستان ژێرخانی ئابوورییەكەی بەهێز دەبێت، ئەمە جگە لەوەی پشتیوانی بۆ هەرێم فەراهەم دەكات.

ئەو باسی لەوەش كرد، مەسروور بارزانی رۆڵێكی گەورە دەگێڕێت و خەمێكی گەورەی لەسەر شانە بۆ بەهێزكردنی كوردستان، سەردانی ئەمجارەی بۆ ئەمەریكایە و دەیەوێ لەوێ چەندین گرێبەست و رێككەوتن لەبواری سامانە سروشتییەكان لەگەڵ كۆمپانیاكانی ئەمەریكا واژوو بكات، ئەمەش بۆ خزمەتكردن و زیاتر بەرەوپێشبردن و ئابووریی هەرێمی كوردستانە.

لای خۆیەوە عومەر رەنگێنەیی مامۆستای زانكۆ، بە "وشە"ی گوت، هەرێمی كوردستان وەك قەوارەیەكی دەستووری لە چوارچێوەی عێراقدا كار دەكات، ددانپێدانانێكی نێودەوڵەتی بە قەوارەی هەرێم هەیە، لە ماوەی 15 ساڵی رابردوو هەرێم پێوەندی و رایەڵەی دیپلۆماسیی بەهێزی لەگەڵ دنیای دەرەوە و وڵاتە زلهێزەكان هەیە، ئەمەش دەستكەوتێكی گرنگە بۆ هەرێم و پێویستە پێوەندییەكان زیاتر پەرەیان پێ بدرێت و بپارێزرێن، لە ماوەی كابینەی نۆیەم هەنگاوی گەورە بۆ دروستكردنی پێوەندی و بەهێزكردنی پێگەی هەرێمی كوردستان نراوە و توانراوە پشتیوانی زۆر بە دەست بێنێت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و بەتایبەتیش لە لایەن زلهێزەكانەوە.

روونی كردەوە، ئەمەریكا، فڕەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا پێنج لەو وڵاتە بەهێزانەن كە هەرێمی توانیویەتی پێوەندیی باشیان لەگەڵ دروست بكات، ئەو وڵاتانە لە هەموو رووێكەوە بەهێزن، هەروەها وڵاتانی تریش وەك قەتەر و ئیمارات، ئەمە بۆ هەرێمی كوردستان زۆر گرنگە، كوردستان دەتوانێت لە هەموو رووەكانەوە سوود لە بەهێزیی ئەو وڵاتانە و پێوەندییەكانیان وەربگرێت، كوردستان چەند پشتیوانی زیاتری نێودەڵەتی هەبێت هێشتا زیاتری پێویستە.

هەر پێوەست بە سەردانەی سەرۆكی حكوومەت بۆ ئەمەریكا هیوا رەشید چاودێری سیاسی بە "وشە"ی راگەیاند، سەردانەكانی سەرۆكی حكوومەت و بانگهێشتنەكانی بۆ دەرەوەی وڵات و بەشداریكردنی لە كۆبوونەوە و كۆڕبەندە جیهانییەكان، ئێستەش چوونی بۆ ئەمەریكا و كۆبوونەوە لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئەو وڵاتە، ئەوە دەگەیەنێت كە ئەمەریكا بە شێوەیەكی راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ هەرێمدا دەكات، ئەمەش زۆر شت هەڵدەگرێت، بەتایبەتی بۆ ئەوانەی باس لە لاوازكردنی پێگەی هەرێم دەكەن.

شایەنی باسە مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە سەردانەكەی بۆ ئەمەریكا، سەرپەرشتیی دوو گرێبەستی گەورە لەگەڵ هەردوو كۆمپانیای نەوتی ئەمەریكی "ئێچ كەی ئێن ئینێرگی" و "ویستێرن زاگرۆس"، دەكات و بە جیا دوو رێككەوتننامەی گەورە و گرنگ لە بواری پەرەپێدانی كەرتی نەوتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان واژوو دەكەن، كە بەهاكەیان دەگاتە دەیان ملیار دۆلار و كاریگەرییەكی دیار و ئەرێنییان لەسەر پێشخستنی كەرتی نەوت و وزە و ژێرخانی ئابووریی هەرێمی كوردستان دەبێت.

وشە/ تایبەت



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل