"ئەوانەی دژایەتیی گرێبەستەكانی ئەمەریكا دەكەن نایانەوێ كوردستان پێش بكەوێت"

:: PM:09:35:20/05/2025 ‌

مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەموو كات لە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان كاری كردووە و بەردەوام لە هەوڵی ئەوە بووە پێگەی كوردستان لەسەر ئاستی دەرەوە و ناوخۆش بەهێزتر بكات، ئابووریی كوردستان زیاتر بەرەوپێش ببات، كاتێك گەورەترین گرێبەست لە ئەمەریكا واژوو دەكات، بۆ پێشوەچوونی ئابووریی هەرێم و ژێرخانی ئابوورییە، كەچی كەسانێك دەكەونە دژایەتیكردنی، ئەوانە نایانەوێ كوردستان زیاتر پێش بكەوێت.

لە رابردوو كەسانێك هەمیشە پیلانیان دژی قەوارەی هەرێمی كوردستان دادەنا، هەمیشە كاریان ئەوە بوو كار بۆ لێدان لە هەرێمی كوردستان و لاوازكردنی بكەن، بەڵام بە هەوڵی هەمووان توانرا ئەو پیلانانە پووچەڵ بكرێنەوە و لەناو ببرێن، ئێستەش بەرانبەر بە ئەنجامدانی گرێبەست و هەوڵەكانی زیاتركردنی سەرچاوەی داهاتی هەرێم، وەك هەمیشە كەوتوونەتە دژایەتیكردن، هەمیشە دەیانەوێ بازاڕ شێواو بێت بۆ ئەوەی چەواشەكاری و موزایەدەی خۆیان بكەن.

لەوبارەوە رێبوار كەلاری چاودێری سیاسی بە "وشە"ی راگەیاند، هەموو كاتێك دژایەتیكردنی قەوارەی هەرێمی كوردستان بەرنامەیەك بووە و لە لایەن دوژمن و نەیارانی هەرێم پێڕەو كراوە و كاری لەسەر كراوە، ئامانجیان ئەوەیە ناوخۆی هەرێم تێك بدەن و ئەو ئارامی و سەقامگیرییەی هەیە بیشێوێنن، هیچكات پێشكەوتنی هەرێمیان پێ باش نەبووە و دەیانەوێ هەموو كات دۆخەكە شێواو بێت بۆ ئەوەی موزایەدەی خۆیان بكەن و لەو بەرنامەیە لانەدەن، ئەگینا بۆچی دەبێت رووبەڕووی پڕۆژە و كارەكانی حكوومەت ببنەوە كە بۆ بەرژەوەندیی خەڵك و كوردستانە؟

روونی كردەوە، كۆمەڵێك دژەناوخۆ هەن هیچ كات چاویان بە پێشكەوتن و گەشەسەندن و بەهێزییەكانی هەرێمی كوردستان هەڵنایەت، لەگەڵ نەیار و دوژمنان لە هەوڵی ئەوەدان پیلان دژی هەرێم بگێڕن و هەموو كاتێك دژایەتیی خۆیان بۆ حكوومەتی هەرێم و قەوارەی هەرێم پێشان داوە، لە كۆتاییشدا ئەوانە بە هەمان شێوەی ئەوانەی رابردوو تەنیا ماندووبوونیان بۆ دەمێنێتەوە، چونكە هەرێم بەهێزتر دەبێت، بۆ بەهێزكردنی ئابووریی هەرێم دەبێت كوردستان هەنگاوی گەورە بنێت.

لای خۆیەوە محەمەد سەعدەدین سەرۆكی پارتی گەشەپێدانی توركمانی، بە "وشە"ی گوت، لە ماوەی رابردوو و ئێستەش كۆمەڵێك ناحەز و دژ بە حكوومەتی هەرێم بوون و هەمیشە خەریكی دانانی پیلان بوون، هەموو هەوڵیان ئەوە بوو چۆن قەوارەی هەرێم لاواز بكەن، چی بكەن تا ئەو دەسەڵاتەی ئێستە نەپڕژێتە سەر خزمەتكردن و گرنگی بە كار و بەرنامەی خۆی نەدات، خەڵكیان هان دەدا دژی حكوومەتی هەرێم، زۆر رێگە گیرایەبەر، بەڵام بەو ئامانجە نەگەیشتن، چونكە هەرێمی كوردستان خاوەن ئابووری بەهێزە و لە بواری ئابووریدا زیاتر پیش دەكەوێت. 

ئەو باسی لەوەش كرد، سەرۆكی حكوومەت هەموو كات ئەوەی دووپات كردووەتەوە، خۆڕاگریی بەندە بە سەركەوتن، ئەمە گرنگە بۆ خەڵكی كوردستان، هەرێمی كوردستان ناوچەیەكی ئارامە، ئابوورییەكی بەهێزیشی هەیە، خاوەنی دوو سەرچاوەی سروشتی بەهێزە لە دنیا كە نەوت و گازی سروشتییە، لەسەر نەخشەی ئابووریی دنیا كوردستان پێگەی بەهێزی هەیە، هاوكات پێكەوەبوونمان بۆ كوردستان گرنگە، بۆ پاراستنی خۆمان و نەتەوە و نیشتمانەكەمان.

هەر سەبارەت بە هەوڵەكانی سەرۆكی حكوومەت بۆ بەهێزكردنی كەرتی ئابووریی كوردستان، كاوە ئەحمەد مامۆستای زانكۆ بە "وشە"ی راگەیاند، كۆمەڵێك هەن هەر دەیانەوێ قەوارەی هەرێم نەمێنێت، هەر ئەوانە بوون كە داوایان كرد هەرێم بچێتەوە سەر بەغدا و بەغدا پارەمان دەداتێ، كاتێكیش دەمانەوێ لەسەر پێی خۆمان بوەستین و كاری سەربەخۆ بكەین دیسانەوە دژایەتی دەكەن.

ئەو مامۆستایە دووپاتی كردەوە، راستییەكەی ئەوەیە ئەوانە دژی ناوخۆن و دەیانەوێ بە كۆمەڵێك بەرژەوەندیی خۆیان بگەن و بە خەڵك بڵێن كە دڵسۆزین و خەمی ئێوەمانە، كەچی هەمیشە دەیانەوێ بازاڕێك هەبێت بۆ خۆیان بۆ چەواشەكردنی خەڵك.

وشە/ تایبەت



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل