فۆرن ئەفێرز: كوردستانی عێراق و كەتەلۆنیا نزیكن لە دەوڵەتەوە

:: PM:02:25:21/05/2025 ‌
دەوڵەتبوون کاڵایەکی گرانبەهایە. دوای شەپۆلێک لە دروستکردن و ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت، تەنیا سێ وڵاتی نوێ لە 30 ساڵی ڕابردوودا ددانیان پێدا نراوە، تەیموری ڕۆژهەڵات لە  2002، مۆنتینیگرۆ لە 2006 و باشووری سوودان لە 2011، لەو ماوەیەدا هەوڵی زۆری تریش هەبوون، بەڵام زۆرینەی ئەو هەوڵانە لەلایەن پرەنسیپی یەکپارچەیی دەوڵەتەنانەوە کۆسپیان بۆ دروست کراوە کە پێشینە بە سنوورە جێگیرەکان دەدات، تەنانەت لە دۆخەکانی دەوڵەتی شکستخواردوویشدا،  ڕێگەی سەربەخۆیی یاسایی، دوورودرێژ و نادڵنیا دەکات، بەڵام لە چەند ساڵی ڕابردوودا، ئەم نۆرمە لاوازتر بووە، لە شوباتی 2022، ڕووسیا هێرشی بۆ سەر ئۆکراینا دەست پێ کرد، بە ئامانجی سڕینەوەی وڵاتەکە لەسەر نەخشە. 

سەرەتا بیرۆکەی داگیرکردنی ئۆکراین لەلایەن ڕووسیاوە بە شۆک و ترسەوە وەرگیرا، دواتر لەلایەن سەرۆک ترەمپەوە ئاسایی کرایەوە، کاتێك داوای ئەوەی کرد ڕێگە بدرێت مۆسکۆ هەندێک لەم خاکە بگرێت. ترەمپ هەروەها هەڕەشەی ئەوەی کرد کە دەوڵەتی "کەنەدا و گرینلاند" کە ناوچەیەکی ئۆتۆنۆمی دانیمارکە، بیلکێنێت بە خۆیەوە. 

هێشتا دیار نییە ترەمپ تا چەند بە راستی قسە دەکات، بەڵام ئەنجامەکە ڕوونە: وڵاتە یەکگرتووەکان کە بەهێزترین وڵاتی جیهانە، چیتر یەکپارچەیی وڵاتان وەک توخمێکی گرنگی سیستمی جیهانی نابینێت. ئەمە بۆ هەندێک لە گرووپە جیاخوازەکان، بێگومان هەواڵێکی باشە. بزووتنەوەکانی سەربەخۆیی چیتر پێویست ناکات بیسەلمێنن کە دۆزەکەیان دادپەروەرانەیە. لە جیاتی ئەوە، لەوانەیە تەنیا پێویستیان بە هاوڕیزی (هاوپەیمان)ی لەگەڵ وڵاتە بەهێزەکان هەبێت، بە تایبەت لە ناوچە گرنگە ستراتیجییەکان. 

خواستی ترەمپ بۆ دیپلۆماسیی کەسی، دەشێت یارمەتی جیاخوازەکان بدات، بە مەرجێک سەرکردەی کاریزماییان هەبێت و بتوانن خۆیان لە دیپلۆماسیی دامەزراوەیی قورس وەلا بدەن و ڕاستەوخۆ پێوەندی لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکادا بکەن. بەڵام ڕەتکردنەوەی نۆرمە نێودەوڵەتییەکان لەلایەن ترەمپەوە، شمشێرێکی دووسەرە، چونكە ئەم نۆرمانە جیاخوازەکان سنووردار دەکەن و بەرگری لە سەرکوتکردنی حکوومی ناوەندی دەکەن. هەروەها ڕێگە دەدەن بە جیاخوازەکان بۆ پێشکەشکردنی داواکارییەکانیان.

بزووتنەوەکانی سەربەخۆیی بە شێوەیەکی نموونەیی بوونی خۆیان و گەیشتن بەو مافە، بە زمانی مافەکانی مرۆڤ و مافی دیاریکردنی چارەنووس پاساو دەدەن، بەڵام ترەمپ ئەمانەی بەلاوە گرنگ نییە، لە جیاتی ئەوە، ئەم سەرۆکە سەرکردە بەهێز و دڕندەکان لە بەرانبەر جیاخوازە تازەکان بە باشتر دەزانێت. ئەو خۆی لەگەڵ سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پووتین ڕێکخستووە کە کوشتن و جۆرەکانی تری توندوتیژییان بەکار هێناوە بۆ سەرکوتکردنی جیاخوازانی کورد و چیچان،.ترەمپ گوێ بە جیاخوازە هەژارەکان نادات، "ئەگەر نەتوانن پاداشتی خێرای پێ بدەن".

بۆ بزووتنەوەکانی سەربەخۆیی، سەردەمی ترەمپ بەم شێوەیە هەم دەرفەت و هەم مەترسییە، هەم کۆتوبەندی کەمتر و هەم پاراستنی کەمترە، بۆ ئەو گرووپانەی ئەو بە ستراتیجی و بەسوودیان دەبینێت (یان لەبەر هۆکارێکی تر لای باشن)، ڕێگەی دەوڵەتبوون ئاسانتر دەبێت. بەڵام بۆ ئەوانەی ترەمپ بە بێ سوود دەیانبینێت، یان هیچ ناگۆڕێت یاخۆ ژیانیان قورستر دەکات. 

لە سیستەمێکدا کە "دانپێدانان  بە  سەربەخۆیی پشت بە کاریگەری دەبەستێت نەک یاسا"، زۆر بزووتنەوە دەتوانن بەختی خۆیان بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی تاقی بکەنەوە. بەڵام بەبێ نۆرم یان پارێزگاریی بەردەوام، سەرکەوتن زەحمەتە و شکستیش مەترسیدارتر دەكات. زۆر ناوچەی جیابووەوە لەوانەیە جۆرێک لە دانپێدانان وەربگرن، بەڵام لاواز و ناتەواو دەبن، پشتبەستن بەوەی ئایا سەرکردەکانیان دەتوانن بەردەوام بن لە یارمەتیدانی دەوڵەتە بەهێزترەکان؟ بە گشتی جیهان زیاتر خوێنڕشتن بە خۆوە دەبینێت، چونکە هەم حکوومەتەکان و هەم جیاخوازەکان، دوور لە کۆتووبەندی جیهانی یان سنووردارکردنی نۆرماتیڤ، وا دەکات  زیاتر پێداگر بن.

سەروەری بۆ فرۆشتن

ترەمپ بە هیچ شێوەیەک یەکەم سەرۆکی مۆدێرنی ئەمەریکایی نییە کە نۆرمەکانی یەکپارچەیی پشتگوێ دەخات، کاتێک نەگونجاو بن، بەڵام ترەمپ یەکەمینە لە دەیەکانی ڕابردوودا کە بە تەواوی ئەم بیرۆکەیە پشتگوێ دەخات. ئەو لە شوباتی ڕابردوو گوتی "ئۆکراینییەکان لەوانەیە ڕۆژێک لە ڕۆژان ڕووسی بن، یان لەوانەیە ڕۆژێک لە ڕۆژان ڕووسی نەبن". هەروەها چەندان جار سنووری نێوان ئەمەریکا و کەنەدای بە "هێڵێکی دەستکرد" ناو بردووە.

ئەم لێدوانانە هەواڵی خراپن بۆ خەڵکی ئۆکراینا و کەنەدا، بە ڕوونی دەریانخستووە کە نایانەوێت بچنە پاڵ ڕووسیا یان ئەمەریكا، بەڵام ئەگەر شێوازی (ڕیاڵپۆڵەتیک)ی ترەمپ سەرکەوتوو بێت، لەوانەیە قەوارە جیاخوازەکان بە ئاسانتر ڕەوایەتی بەدەست بێنن، بە هاوڕیزیی لەگەڵ وڵاتە یەکگرتووەکان یان هێزە مەزنەکانی تر. 

بزووتنەوە جواداخوازەکان لە شوێنە بەنرخەکان، وەک جیاخوازە کوردەکان لە عێراقی دەوڵەمەند بە نەوت یان سەرکردایەتی سۆماڵیلاند (کە هەنووکە بە کردەوە سەربەخۆیە و لە قۆچی گرنگی جیۆگرافیای ئەفریقا هەڵکەوتووە)، لەوانەیە دانپێدانان و پشتگیری ئەمەریکا بەدەست بێنن، ئەگەر ئامانجەکانی واشنتۆن پێش بخەن. جیاخوازەکان لە گرینلاند کە بەدوای جیابوونەوە لە دانیمارکن، یان لە کالیدۆنیای نوێ کە بەدوای سەربەخۆیی لە فرەنسا دەگەڕێن، دەتوانن پشتگیری لە وڵاتە یەکگرتووەکان یان هێزێکی مەزنی تر بەدەست بێنن، ئەگەر بتوانن بەڵێنی ڕێگاکانی بازرگانی، بنکەی سەربازی، یان دەستگەیشتن بە سەرچاوەکانیان بدەن.

لە جیهانی ترەمپدا، جیاخوازەکان دەتوانن لە ڕێگەی دیپلۆماسیشەوە سەرکەوتوو بن یان لانیکەم سەرنجڕاکێش بن. بە شێوەیەکی نموونەیی، بەڵام جیاخوازەکان لە گفتوگۆکاندا لە کەمایەسیدان، چونکە لەو کەناڵە دامەزراوەییە فەرمییانە دابڕاون کە دیپلۆماسی بە شێوەیەکی ئاسایی پێیاندا دەڕوات، لە كاتێكدا ترەمپ بە ڕێکوپێکی ئەم ڕێکارە ستانداردە پشتگوێ دەخات. لە جیاتی ئەوە، ئەو "دیپلۆماسیی کەسیی" پێ باشترە، وەک گفتوگۆکانی ساڵی 2018ی لەگەڵ ڕێبەری کۆریای باکور کیم جۆنگ ئون، ئەمە واتای ئەوەیە سەرکردە کاریزمییە جیاخوازەکان، دەتوانن خۆیان لای سەرۆکی ئەمەریکا خۆشەویست بکەن، بە پێوەندیی ڕاستەوخۆ لەگەڵیدا.

جیابوونەوە دەبێتە مامەڵەیەکی جیۆپۆڵەتیکی

ئەوەیش بڵێم، جیهانی ترەمپ بە هیچ شێوەیەک سەرکەوتنی زیاتر بۆ جیابوونەوەخوازان گەرەنتی ناکات، سەرۆک کۆتووبەندەکانی لەسەر بزووتنەوەکانی سەربەخۆیی کەم کردووەتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا ئارەزووی بۆ پیاوانی بەهێز و کۆنترۆڵی ناوەندی، بەربەستی نوێ دروست دەکات بۆیان، بەو پێیەی ترەمپ مەیلی بۆ ڕابەرە نیشتمانییە توندوتیژەکانە کە هێز پێشان دەدەن، نەک یاخیبوونی نوێ یان ڕکابەرانی ژێر-نەتەوەیی (واتە بزوتنەوەی نەتەوەی لە چوارچێوەی دەولەتی نەتەوەیی سەردەست). ئەمەیش وای لێ دەکات زیاتر پشتگیری ڕژێمە بەردەوامەکان بکات لە بری کەرتە جیابوونەوەخوازەکان، هەتا ئەو کاتەی ڕژێمەکە پشتگیری ئەو بکات. 

بۆ نموونە، لە یەکەم خولی سەرۆکایەتیی ترەمپدا، ننامدی کانو ڕابەری بزووتنەوەی جیاخوازی بیافرا لە نێجیریا، داوایەکی کەسی ئاراستەی سەرۆکی ئەمەریکا کرد، پشتگیری ترەمپی بۆ "بریکسیت" وەک بەڵگەیەک بۆ باوەڕی بە خۆبەڕێوەبەری هێنایەوە، بەڵام هیچ بەڵگەیەک نییە کە ترەمپ وەڵامی داواکانی کانوی دابێتەوە، چ بە ئاشکرا یان بە نهێنی. ڕەنگە بیافرا بۆ حکوومەتی ئەمریکا بایەخێکی ستراتیجی کەمی هەبووبێ، بۆیە وەک مەسەلەیەکی ناوخۆیی نێجیریا مامەڵەی لەگەڵدا کرد، وەک دەیان ساڵی پێشووتر.

هەڵبەت بیافرا تاکە نمونە نییە، سەرەڕای ئاماژە گوتاربێژییەکان بۆ سەروەری، حکوومەتی ترەمپ گرنگییەکی بەرچاوی نەداوە بۆ پشتگیری زۆربەی بزووتنەوەکانی سەربەخۆیی وەک کوردەکان لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یان کەتەلۆنییەکان لە ئیسپانیا. 

لە ئۆکتۆبەری 2019، ترەمپ تەنانەت فەرمانی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکای لە باکوری سووریا دەرکرد کە بە کرداری هێزەکانی سووریای دیموکرات بە ڕابەرایەتیی کوردی بەجێ هێشت و ڕێگەی بە تورکیا دا، هێرشێکی سەربازی لە دژیان ئەنجام بدات. ئەم هەنگاوە ڕەخنەی هەردوو حزبی لێکەوتەوە، وەک ناپاکییەکی ناسەقامگیرکەر بەرانبەر هاوبەشێکی جێی متمانە سەیر كرا، تا لە کۆتاییدا ترەمپ ڕازی بوو هێزەکانی ئەمەریکا لە سووریا بمێننەوە (هێشتا لەوێن)، ئەمە ئامادەیی ترەمپی پێشان دا بۆ پێشخستنی سیاسەتی هێزی ناوچەیی لەسەر حسابی جیابوونەوەخوازە دۆستەکان.

بە گشتی، دیدگای جیۆپۆڵەتیکی ترەمپ لایەنگری ناوچەی نفوزی جێگیرە، لەوێدا زلهێزەکان یاساکان دادەنێن. جیهانێکی پڕ لە ناوچە جیابووەوەکان، ئەم تێڕوانینە مافیاییە بۆ ڕێکخستن و کۆنترۆڵکردن لەبار دەبات و لاواز دەکات. هەروەها ئەو بەڵگە کلاسیکییانەی كە لایەنگرانی  جیابوونەوە دەیهێننەوە، كە خۆی لە مافەکانی مرۆڤ، مافی کەمینە، ناحەقی مێژوویی و خۆبەڕێوەبەریدا خۆی دەنووێنێت. بە واتایەکی تر، "ترەمپ لەوانەیە جیابوونەوە قبووڵ بکات، ئەگەر مەبەستێکی هەبێت"، بەڵام ئەوە دوورە خۆی هانی جیابوونەوە بدات وەک پرنسیب.

قەیرانی ناسنامە

لەبەرئەوەی ڕێکخستنی ترەمپ دەرەنجامێکی تێکەڵی بۆ جیابوونەوەخوازان هەیە، تاکە دەرئەنجام بۆ بزووتنەوەکانیان بەرهەم ناهێنێت. لەبری ئەوە، زەوینەی کارکردنیان دووبارە دادەڕێژێتەوە، جیابوونەوە دەبێتە مامەڵەیەکی جیۆپۆڵەتیکی، نەک داوایەکی یاسایی یان ئەخلاقی. ئەم گۆڕانکارییە هەندێک ئەنجامی پێشبینیکراوی دەبێت. 

ئەو چەند بزووتنەوە جووداخوازە سەرکەوتووەی سێ دەیەی ڕابردوو، بەشێکی زۆریان ئەنجامی داواکاری ئەخلاقی بوون، لەگەڵ ڕێکخستنێکی چڕوپڕدا، بەڵام ئێستە سەرکەوتنی جیاخوازی، بە گشتی پشت بە خزمەتکردنی بەرژەوەندی هێزێکی زاڵ دەبەستێت، نەک ڕەوایی دۆزەكە یان نفوز. 

جیابوونەوەخوازی، لەوانەیە وەک ئامرازێکی بەرەنگاریی ئیمپریالی کار نەکات و لە بری ئەوە، ببێتە ئامرازی ئیمپراتۆریەت خۆی، ڕێگەیەک بۆ زلهێزەکان بۆ پێشاندانی کاریگەریی یا بەشداریکردن لە ململانێی وەک بریکار (وەک ڕووسیا پێشتر کردوویەتی بە پشتگیریی ناوچە جیابووەکان لە جۆرجیا، مۆلدۆڤا و ئۆکرانیا).

کاتێک بزووتنەوەکانی سەربەخۆیی هەست بە دەروازەی نوێ لە سیستمێکی نێودەوڵەتی لاوازدا دەکەن، هێشتا لەوانەیە لە هەوڵەکانی جیابوونەوە ڕژدتر بن، بەڵام ئەمە بە هیچ شێوەیەک مانای ئەوە نییە کە سەرکەوتنی زیاتر بە  دەست بێت. ددانپێدانان دەگمەن دەمێنێتەوە، هەم لەبەرئەوەی بەرژەوەندییەکانی زلهێزەکان زۆرجار ناکۆکن و هەم لەبەرئەوەی دەوڵەتە خانەخوێکان بەهێز دەکرێن، بۆ سەرکوتی ڕاپەڕینە جوداخوازەکان، پێش ئەوەی زەوینە وەربگرن. لە بری دەوڵەتی نوێی تەواو. 

حاڵەتەکانی ددانپێدانانی بەشێك یان ناتەواو، لەوانەیە زیاتر باو بن، وەک کۆسۆڤۆ، قوبرسی باکور، فەڵەستین و سەحرای ڕۆژاوا. ئەم جۆرە ددانپێدانانە بۆ نموونە، لەوانەیە بە زوویی "بگاتە کەتەلۆنیا، کوردستانی عێراق، سۆمالیلاند و بەشە جیابووەکانی لیبیا و سووریا".
بۆ ئەو شوێنانەی پێشتر لە ڕووی کردارییەوە سەربەخۆن، "سیستمێکی جیهانی مامەڵەیی" لەوانەیە دەروازەی دیپلۆماسی نوێ یان کەناڵی ئابووری نوێ بکاتەوە کە ئەوان نزیکتر دەکاتەوە لە ددانپێدانانی فەرمی، بە مەرجێک بتوانن بەهای ستراتیجی وەک مافی بنکەدانان یان دەستگەیشتن بە سەرچاوەکان پێشکەش بکەن، بەڵام بۆ ئەو ناوچانەی کە سەربەخۆیی دیفاكتۆیان نییە، سەرکەوتن کەمتر پشت بە داواکاری یاسایی یا ئەخلاقی دەبەستێ.

لەم جیهانە نوێ و ناجێگیر و پشێودا، توندوتیژی پێوەندیدار بە جیابوونەوەیش زیاتر ڕوو دەدات. بەشێکی ئەوە بە سادەیی بەرهەمی هەوڵدانی نوێی جیابوونەوە دەبێت، بەڵام ناوچە جیابووەکان دەشتوانن هێرشی توندوتیژانەی زیاتر ئەنجام بدەن، بە هاندانی پشتگیرە نوێیەکانیان و کەمبوونەوەی دەرئەنجامەکانی پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتی. بەهەمانشێوە، فەرمانڕەواکان هەست بە بەهێزبوونی زیاتر دەکەن بۆ بەکارهێنانی توندوتیژی بۆ سەرکوتکردنی بزووتنەوە سەربەخۆخوازییەکان. 

ئەو دامەزراوە جیهانییانەی بە شێوەیەکی نەریتی هەم زیادەڕۆیی جیابوونەوەخوازی و هەم سەرکوتکردنی توندوتیژانە سنووردار دەکەن، توانای سنووردارکردنی هەردووکیان لە دەست دەدەن. 

یەکێتی ئەوروپا جارێک ڕۆڵی سەرەکی هەبوو لە سنووردارکردنی توندوتیژی نێوان سربیا و کۆسۆڤۆ، بە بەکارهێنانی دانوستانەکانی (وەرگرتنیان) وەک کارتی کاریگەر بۆ هاندانی هاوکاری دوولایەنە. 

نەتەوە یەکگرتووەکان یارمەتی سنووردارکردنی توندوتیژیی دا لە تەیموری ڕۆژهەڵات و باشووری سوودان، بە دابینکردنی هێزی ئاشتیپارێز، بەڵام لە کۆتاییدا، ئەم دامەزراوانە هێزی خۆیان لە پشتگیری وڵاتانی ئەندام وەردەگرن، ئەوەیش خاڵی لاوازییە. 

ترەمپ لە بەشی خۆیەوە، چەندان جار هێرشی کردووەتە سەر هەردوو دامەزراوەکە و بودجەی ئەمەریکای بۆ ئەرکەکانی پاراستنی ئاشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، کەم کردەوە.

بۆ بزووتنەوەکانی سەربەخۆیی، یاسا نوێیەکانی جیابوونەوە، داهاتوویەکی ناجێگیرتر و نادڵنیاتر دەگەیەنن، ئەگەر سەرکەوتن پشت بە کات، کاریزما و سوودی ستراتیجی نەبەستێ، هەندێک ناوچەی جیابووەوە لەوانەیە نەگات بە ئاستی ددانپێدانان. 

لە کۆتاییدا، هەموویان دەبێت بە ناو زەوینەیەکدا بڕۆن کە تێیدا سەروەری بەدەست نەهێنراوە، بەڵکو بە شێوەیەک لە  شێوەکان "کڕیویانە".

ڕایان د. گریفیس و سێڤا گونیتسکی

ڕایان د. گریفیس پڕۆفیسۆری زانستی سیاسییە لە زانکۆی سیراکیوس و نووسەری کتێبی "وڵاتە نایەکگرتووەکان: هەڕەشەکانی جیابوونەوە لە ئەمەریکای سوور و شین و بۆچی سەرکەوتوو نابن".

سێڤا گونیتسکی مامۆستا لە  توێژینەوەی ئاشتی و ناکۆکی لە زانکۆی تۆرۆنتۆ.

وەگێڕانی ڕامیار مەحموود



وشە - تایبه‌ت