سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەمەریكایە و جیا لە دیدار و كۆبوونەوەكانی، سەرپەرشتیی واژووكردنی دوو رێككەوتننامەی بواری وزەی لەگەڵ كۆمپانیا ئەمەریكییەكان كردووە، راپۆرتێك ئاماژە بۆ هەوڵەكانی هەرێمی كوردستان دەكات و پێی وایە وەك دوورگەیەكی پاڵپشت بۆ ئەمەریكا لە ناوچەیەكی پڕ لە ئاڵنگاری دەمێنێتەوە، كاتێك سەركردەكانی هەرێم هەوڵ دەدەن بۆ داهاتوو هەرێمەكە بخەنە پێگەیەكی ستراتیجییەوە.
رۆژنامەی
"جیرۆزالیم پۆست"ی ئیسرائیلی لە راپۆرتێكی كە ئەمڕۆ چوارشەم بڵاو كرایەوە نووسیویەتی، هەرێمی كوردستان هەوڵی بەهێزكردنی هاریكاری لەگەڵ ئەمەریكا و هاوسەنگكردنی پێوەندییەكانی دەرەوەی لەگەڵ ئێران و توركیا دەدات، كاتێك هەرێم خوازیارە رێگە بۆ هاریكاریی باشتر لەگەڵ ئەمەریكا و ئیدارەی ترەمپ خۆش بكات، كە خۆی پێوەندییەكی مێژوویی گەرموگوڕی لەگەڵ ئەمەریكا هەیە.
روونی كردەوە، هەرێمی كوردستان لە نەوەتەكانی سەتەی رابردوو و لە دوای داگیركردنی عێراقیش لە 2003 لە لایەن ئەمەریكاوە پاڵپشتی دەكرێت، جیا لە پاڵپشتیكردنی لە كاتی شەڕی داعش، لەوكاتەی هەرێم تووشی چەند نسكۆیەك هاتەوە وەك كۆنترۆڵكردنی حكوومەتی فیدراڵی بۆ كەركووك لە 2017 لە دوای ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمەكە.
ئاماژەی كرد، حكوومەتی هەرێم تووشی بەربەستی زیاتر بووەتەوە، لەوانە ناچارە بۆ دروستكردنی هاوسەنگی لە پێوەندییەكانی لە نێوان ئێران و توركیا، كاتێك تاران بە بوونی گرووپە بەرهەڵستكارەكانی لەسەر خاكی هەرێم نارازییە، بەتایبەتی حزبەكانی رۆژهەڵات، هاوكات توركیا خاوەن چەند بنكەیەكی سەربازییە لە هەرێم لە شەڕی پەكەكە بەكاریان دێنێت، كە بەم دواییە خۆهەڵوەشانەوەی راگەیاند، بەڵام هێشتا ئەنقەرە گومانی لەو هەنگاوەی هەیە.
رۆژنامەكە پێی وایە بەو هۆیانەوە كورد خۆیان لە نێوان چەكووش و سندانەكەدا دەبیننەوە، چەند ئاراستەیەك هەریەكەیان بەربەستێكە بۆ سەربەخۆییان، لە لایەكی تر حكوومەتی عێراق هەوڵی سنوورداركردنی گرێبەستەكانی بواری وزە دەدات و دەیەوێ دەسەڵاتە فیدراڵییەكانی لەسەر حیسابی هەرێم بەهێز بكات.
ئەو رۆژنامە روونی كردەوە كە ئێستە مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم سەردانی واشنتن دەكات، لەوكاتەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمەكە سەردانی تارانی كرد، راپۆرتەكە باسی پۆستێكی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم لە تۆڕی ئێكس دەكات، كە تیایدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، ئێمە لەسەر پێوەندیی بەهێزی نێوان كوردستان و ئەمەریكا بنیات دەنێین، كە لەسەر گەشەسەندنی ئابووری و بەها هاوبەشەكان بنیات نراوە، ئەو سوپاسی سەرۆك ترەمپ و حكوومەت و ئیدارە و گەلی ئەمەریكای بۆ پاڵپشتیی بەردەوامی گەلی كوردستان و پێشمەرگە كرد، كە لە پاڵ ئەمەریكییەكان شەڕی تیرۆریان كرد.
دووپاتی كردەوە، گرەوەكانی هەرێمی كوردستان زۆرن، لەكاتێك كە سیاسەتەكانی حكوومەتی عێراق لە ناوچەكە روون نییە و بەدەست كاریگەریی میلیشیاكانی نزیك لە ئێران دەناڵێنێت كە خاوەن دەسەڵاتێكی گەورەیە لە عێراق، راپۆرتەكە پێشبینیی كرد حكوومەتی هەرێم بە وردی چاودێریی پەرەسەندنەكانی سووریا بكات و لە حاڵەتی پاشەكشەی هێزەكانی ئەمەریكا، رەنگە بەشێكی ئەو هێزانە بە شێوەیەكی كاتی لە هەرێمی كوردستان جێگیر ببن، بۆیە لە حاڵەتی پاشەكشەی ئەمەریكا لە سووریا رەنگە رۆڵی هەرێمی كوردستان بێتە گۆڕان.
راپۆرتەكە لە كۆتادا ئاماژە دەكات كە هەرێمی كوردستان وەك دوورگەیەكی پاڵپشت بۆ ئەمەریكا دەمێنێتەوە، لە ناوچەیەك واشنتن دووچاری ئاڵنگاری لە مامەڵەكردن لەگەڵ ئێران و هەندێكجاریش حكوومەتی عێراق دەبێتەوە، بۆیە هەردوو سەرۆكەكانی حكوومەت و هەرێمی كوردستان هەوڵ دەدەن بۆ داهاتوو هەرێمەكە بخەنە پێگەیەكی ستراتیجییەوە.