چیای گابار لە قەڵای پەكەكەوە بۆ سەرچاوەی ئابووری دەوڵەتی توركیا

:: AM:10:02:22/05/2025 ‌
نوعمان كورتولموش سەرۆكی پەرلەمانی توركیا، لەگەڵ پەرلەمانتاران و شاندێكی هاوڕێی،  چوونە چیای گابار كە گەورەترین یەدەگی نەوت لە چیای گابار دۆزراوەتەوە، ڕایان گەیاند كە ئەم بیرە نەوتە هێمای گەشەكردن و سەربەخۆیی توركیایە.

چیای گابار كە سەردەمانێك قەڵای پەكەكە بوو و مەعسووم كۆركمازی لێ شەهید بووە، موراد قەرەیڵان بۆ ماوەیەكی زۆر وەك بڕیارگەی بۆتانی ARGK بەكاری هێناوە، ئێستە بووەتە شوێنێكی ئارام و ئابووری گەورە بۆ توركیا، چی رووی دا كە پەكەكە چەندان ساڵە ئەو ناوچەی بۆ دەوڵەت بەجێهێشت، تا بیرە نەوتی لێ بدرێت و بیكەنە شانازی بۆ توركیا.

مەعسووم كۆركماز نازناوی "عەگید" لە ساڵی 1956 لە شارۆچكەی فارقین لە دایك بووە، بووەتە یەكەم فەرماندەی باڵی سەربازیی پەكەكە و ئەندامی ئەنجوومەنی ناوەندی پەكەكە، لە 28ی ئاداری 1986 لە چیای گابار لە شرناخ شەھید بوو.

دوای ئەوەش پەكەكە چەندان ساڵە لەو دەڤەرە شەڕی كرد و پاشان بەشێوەیەكی سەرسوڕهێنەر بۆ ئەبەد لە ناوچەكە نەمان و بۆ توركیایان بەجێهێشت، چەندان ساڵە ئەو وڵاتەش كۆمپانیا و كارگەی گەورەی بردووەتە چیاكە و بەئارامی خەریكی بیرە نەوتن، ئێستە بووەتە دەستكەوتێكی گەورە لە بواری وزە بۆ توركیا. 

 دەوڵەتی توركیا ماوەیەكی زۆرە خەریكی هەڵكۆڵینی بیری نەوتە لە چیای گابار، ڕۆژانە زیاتر لە 30 هەزار بەرمیل نەوت لەو ناوچەیە دەردێنێـت. پەكەكە و هێزە سەرباییەكەی هەرگیز ئەو بیرە نەوتییانەیان نەكردووە كێشەی خۆیان، بچووكترین ڕێگریشیان لێ نەكردوون. لە 19ی ئایاری 2025دا بە سەتان كەس لەگەڵ شاندەكەی پەرلەمان، لەسەر ئەم چیایە بە ئاڵای توركیاوە گردبوونەوە و هەموویان دروشمی توركیایەكی بێ تیرۆریان دەگوتەوە.

جێگەی سەرنجە كە دەوڵەتی توركیا دەستی بەسەر چیای گاباردا گرتووە و نەوتی كوردستان دەردەهێنێ و دەیفرۆشێت، كەچی پەكەكە كاری پێی نەبووە و هیچ لەمپەرێكی بۆ دروست نەكردوون، بەڵام بۆڕییە نەوتەكانی هەرێمی كوردستانی دەتەقاندەوە.

رۆژی 22ی 12 ساڵی 2015 لە شارۆچكەی نسێبینی سەربە پارێزگای ماردین، بۆمبێكی دروستكراو لەلایەن چەكدارانی پەكەكەوە لەناو دوو بوتڵی غازدا چێنرابوو، بۆ ئەوەی بە بۆڕیی نەوتی هەرێمی كوردستان– توركیا بتەقێنرێتەوە.

چیای گابار شاخێكە بەدارستانی چڕ و ئاوی زۆر و چەندان دۆڵ و گردی گەورەی تێدایە. بە واتایەكی تر چیای گابار بۆ مانەوەی گەریلا بە هەموو شێوەیەك زۆر گونجاو بوو، بەڵام پەكەكە لە ساڵی 2017ـەوە تەنیا پێنج چالاكی بچووكی لەسەر چیای گابار ئەنجام داوە، هیچ كام لەو چالاكییانەش بە ئامانجی ڕێگریكردن لەو بیرە نەوتییانە نەبووە، ئەوە لە كاتێكدا ڕۆژانە لانیكەم 100 بارهەڵگر و ئۆتۆمبێل بەبێ هیچ ترس و دڵەڕاوكێیەك، سەردانی ئەو بیرانە دەكەن. ئایا ئەم بێدەنگییەی پەكەكە هۆی چی بوو كە بەئاسانی دەیتوانی كێشە بۆ ئەو كۆمپانیانەی چیای گابار دروست بكات.

لە 10ی حوزەیرانی 2021دا، موراد قەرەیڵان فەرماندەی گشتیی هەپەگە، لە كەناڵی ستێرك تیڤی قسەی كرد و ڕای گەیاند، بە ئاگاداری ئەردۆغان، شاندێك هاتە لای ئێمە و تەكلیفیان لێ كردین، با لە ناوخۆی توركیادا ئاگربەست بەرقەرار بكەین. لە ناو توركیادا چالاكی ئەنجام مەدەن، لە بەشەكانی تر چی دەكەن، بیكەن.

دیارە گابار بووەتە تەناهیترین شوێن كە سەرۆكی پەرلەمان و وەزیرێك و دەیان پەرلەمانتار، باڵی خۆیان ڕادەوەشێنن و دەڕۆنە سەر لووتكەی چیای گابار. شاخەكانی باكوری كوردستان 100 ساڵە هەرگیز بەم شێوەیە لەلایەن توركیاوە داگیر نەكراوە. دوای ئەوەی پەكەكە لە ساڵی 1984دا شەڕی چەكدارانەی لە چیای گابار دەست پێ كرد.



وشە - سۆران عەزیز