هەرێمی كوردستان لە چەندان بوارەوە بووەتە خاوەنی پێگەیەكی بەهێز لە ناوچەكە و دنیاش، ئەو بەهێزییە لە هەموو رووێكەوە كاریگەریی گەورەی لەسەر هەرێمی كوردستان دەبێت، بەتایبەتیش لە رووی ئابوورییەوە، هەرێمی كوردستان لەم قۆناغەدا پێویستیی بە زیاتر بەهێزكردنی ئابوورییەكەی هەیە، گازی سروشتی ئەو بوارەیە كە بەهۆیەوە پێشكەوتنی گەورە لە بواری ئابووری بەدی دێنێت و ژێرخانی هەرێم بەهێزتر دەكات.
بەهۆی هەڵكەوتەی جوگرافیی هەرێم و بوونی یەدەگێكی گەورەی نەوت و گازی سروشتی، وڵاتانی دنیا مامەڵەی راستەوخۆی لەگەڵ دەكەن تا پێوەندی دروست بكەن، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمیش لەم رووەوە رۆڵی سەرەكیی بینیوە و سەرنجی هەموو لایەكی بۆ لای كوردستان راكێشاوە، شارەزایەكی ئابووری دووپاتی دەكاتەوە كە گازی سروشتی یەكێكە لەو بوارانەی كە وڵاتانی دنیا پەنای بۆ دەبەن و هەرێمی كوردستانیش بەهۆیەوە دەتوانێت پێشكەوتن و وەبەرهێنانەكانی بۆ هەرێم بگوازێتەوە و كاری گەورەی هاوبەش بكەن.
ناسر ئیسماعیل شارەزای بواری ئابووری و دارایی بە "وشە"ی راگەیاند، هەرێمی كوردستان لە دروستكردنی پێوەندی لەگەڵ وڵاتان هەنگاوی گەورەی ناوە، ئەو پێوەندییانەش لە رووی ئابوورییەوە كاریگەریی راستەوخۆیان بۆ سەر ئابووریی هەرێم و ژێرخانی ئابووری هەیە، وڵاتێكی وەك قەتەر كە یەكێكە لە ئابوورییە بەهێزەكانی دنیا، هەرێمی كوردستان دەتوانێت گەورەترین سوودی لێ وەربگرێت و پێشكەوتن و وەبەرهێنانەكانی بۆ هەرێم بگوازێتەوە و كاری گەورەی هاوبەش بكەن.
روونی كردەوە، هەر پێوەندییەك كە هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتان دروستی دەكات، هەر سەردانێكی وڵاتە گەورەكان لە رووی ئابووری كە دێنە هەرێمی كوردستان، كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ئابووریی هەرێمی كوردستان دەبێت، چونكە ئەو وڵاتانەی دێنە ناوچەكە لەگەڵ خۆیان وەزیری پێوەندیدار و گەورە كۆمپانیا دێنن و پێوەندی دروست دەبێت و كاری پێكەوەیی و هاوبەش دەكەن، ئەمەش بۆ هەرێمی كوردستان گرنگ و كاریگەرە و دەتوانێت ئابوورییەكەی فراوان بكات، گازی سروشتی جیاوازترە لە نەوت و بە بەهاترە، فرە سەرچاوەیی داهات یەكێكە لە هۆكارەكەكانی بەهێزبوونی ئابووری بۆ وڵات، هەرێمیش ئێستە نەوت و گازی سروشتی هەیە، لە ساڵانی داهاتوو بەرهەمی ئەوە دەردەكەوێت.
لای خۆیەوە بڵند فاتیح شارەزای پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان بە "وشە"ی گوت، روئیا و مەودای كاركردنی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و درووشمی كابینەكەی كە كوردستانێكی بەهێز بووە، لەو رووەوە سەرۆكی حكوومەت كاری گەورەی كردووە و هەنگاوی گرنگی ناوە لەپێناو ئەوەی گەشە بە ئابووری و ژێرخانی هەرێمی كوردستان بدات، لەو رووەوە ئێستە هەرێمی كوردستان پێگەیەكی بەهێزی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و پێوەندییەكان لەگەڵ وڵاتان هەیە، دروستكردنی ئەو پێوەندییانەش سوود بە هەرێم دەگەیەنن، وڵاتانی ناوچەكە و دەوروبەر دەیانەوێ پێوەندی لەگەڵ كوردستان دروست بكەن، چونكە كوردستان هەرێم وزە سەرەكییەكانە كە نەوت و گازی سروشتییە.
روونی كردەوە، بوونی چەندین كۆمپانیا گەورەی بیانی لە هەرێمی كوردستان ئەوەمان پێ دەڵێت كە خاڵی بەهێزی هەرێم ئابوورییەكی بەهێزە، پێشتریش چەندین وڵاتی ئەوروپی و ئاسیایی و وڵاتی خاوەن ئابووریی بەهێز لە كۆڕبەندەكاندا ئامادەییان نیشان داوە لەگەڵ هەرێم كار بكەن و بێنە هەرێمی كوردستان بۆ كاركردن.
هەر پێوەست بە گرنگیی رێككەوتنەكانی بواری نەوت و غاز كاوە فەتحوڵا مامۆستای زانكۆ بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، وڵاتانێكی زۆر خواستی ئەوەیان هەیە لە هەرێمی كوردستان كار بكەن، چونكە گازی سروشتی لەسەر ئاستی دنیا و لە لایەن وڵاتانەوە خواستی لەسەرە، بۆیە هەرێم دەتوانێت بەهۆی ئەوە پشتیوانی و پاڵپشتیی وڵاتان بەدەست بێنێت لە رووی سیاسی و سەربازییەوە، لە لایەكی تریش وەك شارەزایانی بوارەكە باسی دەكەن، ئابوورییەكەی بەهێزتر بكات.
وشە/ هۆشیار عەلی