ئه‌لیزابێس تسوركۆڤ، ئه‌وكاته‌ى له‌لایه‌ن میلیشیاكانى كه‌تائیبى حزبوڵا رفێنرا، له قاوه‌خانه‌یه‌كى كه‌ڕاده دانیشتبوو و چاوه‌ڕێى وه‌رگرتنى دیداری به‌رپرسێكى حزبوڵا بوو، تا وه‌ك توێژه‌رێك قسه‌ى له‌گه‌ڵ بكات. به‌ڵام كاتێك له‌گه‌ڵ یه‌كێك له پیاوه‌كانى حزبوڵا ده‌چێته ده‌ره‌وه‌ى قاوه‌خانه‌كه، ئیتر چاره‌نووسى ده‌گۆڕێت. بابه‌تى ئه‌و؛ چه‌ندان وڵات خه‌ریك ده‌كات و یه‌كه‌م كه‌سیش كه رفاندنى ئه‌و راده‌گه‌یەنێت بینامین نه‌ته‌نیاهۆى سه‌رۆك وه‌زیرانى ئیسرائیله.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م 25ى ئایاری 2025، رۆژنامه جیهانییه‌كان باسیان له‌وه كردووه، دانوستانێك هه‌یه بۆ ئازادكردنى ئه‌لیزابێس تسوركۆڤ كه كچێكى رووسى-ئیسرائیلییه و دوو ساڵ ده‌بێت له به‌غدا رفێنراوه. چیرۆكى تسوركۆڤ بۆ ئه‌و كاته ده‌گه‌ڕێته‌وه، کاتێک له قاوه‌خانه‌یه‌كى كه‌ڕاده‌ى شارى به‌غدا دانیشتبوو و چاوه‌ڕوانى كه‌سێكى ده‌كرد، به‌ڵام نه‌یزانى ئه‌و كه‌سه بۆ هه‌تاهه‌تایه چاره‌نووسى ئه‌و ده‌گۆڕێت. به‌ر له‌وه‌ى باس له چیرۆكى تسوركۆڤ بكرێت، ده‌بێت هه‌ندێك زانیارى له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سه بخرێته ڕوو، كه ئه‌مڕۆ میدیاكانى سه‌رقاڵ كردووه.
ئه‌لیزابێس تسوركۆڤ (Elizabeth Tsurkov) یان به رووسى (ئه‌لیزاڤیتا تسوركۆڤا) له 11ى تشرینى دووه‌مى 1986، له شارى سانت پتروسبۆرگ لە وڵاتى رووسیا له‌دایك بووه، دواتر له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌ى روویان له ئیسرائیل كردووه و ساڵانێك له‌وێ ژیاوه، بۆیه ئێسته تسوركۆڤ دوو ره‌گه‌زنامه‌ى هه‌یه (رووسى و ئیسرائیلى)، جیا له‌وه‌ش ئه‌وكاته‌ى گیرا قوتابیى دكتۆرا بوو له زانكۆى پرینستۆنى ئه‌مه‌ریكى، پسپۆڕییه‌كه‌ى سیاسه‌ته‌كانى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست بوو.
تسوركۆڤ ئه‌و ماوه‌یه‌ى کە له ئیسرائیل ژیاوه، بڕوانامه‌ى به‌كالۆریۆس و ماسته‌رى له زانكۆى قودس و ته‌لئه‌بیب به‌ده‌ست هێناوه. دواتر بۆ خوێندنى دكتۆراكه‌ى رووى له ئه‌مه‌ریكا كردووه، ئه‌وه‌ى جێى سه‌رنج بێت، ئه‌و كچه وه‌ك توێژه‌رێك كارى كردووه، زۆربه‌ى كاره‌كانیشى له‌سه‌ر گرووپه توندڕه‌وه‌كانى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست بووه. تسوركۆڤ به چوار زمان قسه ده‌كات: رووسى، عیبرى، عه‌ره‌بى و ئینگلیزى.
تسوركۆڤ و عێراق
به‌گوێره‌ى ئه‌و راپۆرتانه‌ى له دوو ساڵى رابردوودا بڵاو كراونه‌ته‌وه، تسوركۆڤ ده‌یان جار هاتووه‌ته عێراق، ئه‌وه‌ى سه‌یر بێت ئه‌وه‌یه کە ئه‌و به نهێنى سه‌ردانى عێراقى كردووه. مه‌به‌ست ئه‌وه نییه به نهێنیى به‌رپرسانى عێراق، به‌ڵكو به نهێنیى وڵاته‌كه‌ى (ئیسرائیل) سه‌ردانى عێراقى كردووه، چونكه ئیسرائیل گەشتكردنی بۆ عێراق له هاووڵاتییانى خۆى قه‌ده‌غه كردووه. ئه‌مه‌ش نهێنییه‌ك بوو كه مایه‌ى گومان بوو. به‌ڵام هه‌ر زوو به‌رپرسان له رووسیا، عێراق و ئیسرائیل دووپاتیان كرده‌وه، تسوركۆڤ وه‌ك هاووڵاتییه‌كى رووسی سه‌ردانى عێراقى كردووه و په‌ساپۆرته رووسییه‌كه‌ى به‌كارهێناوه.
دواجاریش مه‌به‌ستى بووه توێژینه‌وه‌یه‌ك له‌سه‌ر میلیشیاكانى شیعه له عێراق بكات، هه‌ر بۆ ئه‌مه‌ش هه‌وڵى به‌ده‌ستهێنانى دیدارى به‌رپرسانى میلیشیاكانى شیعه‌ى داوه.
ئیما تسوركۆڤ کە خوشكى ئه‌لیزابێسه، دوایین كه‌س بووه قسه‌ى له‌گه‌ڵ كردووه و ده‌ڵێ، "زۆر ئاسایی بووه" ئه‌وه‌ى جێى سه‌رنج بێت ئیما باس له‌وه ده‌كات، ئه‌لیزابێس له عێراق بووه بۆ ئه‌وه‌ى راپۆرتێك له‌سه‌ر تێڕوانینى خه‌ڵك بۆ سیاسه‌ت بكات، هیچ دیمانه‌یه‌كى به‌رپرسى میلیشیاكانى نه‌كردووه.
چیرۆكى رفاندنى تسوركۆڤ
شه‌وى 19ى ئادارى 2023، تسوركۆڤ له قاوه‌خانه‌یه‌كى ناوچه‌ى كه‌ڕاده داده‌نیشێت و چاوه‌ڕوانى پیاوێكى گه‌نج ده‌كات كه ناوى ئه‌حمه‌د عه‌لوانییه، ئه‌حمه‌د ده‌چێته لاى تسوركۆڤ دواتر بەشێوەیەکى ئاسایی به‌یه‌كه‌وه له قاوه‌خانه‌كه ده‌رده‌چن، ئه‌مه دیمه‌نى دوایین ڤیدیۆیه تسوركۆڤى ده‌رخستووه، کە دواى رفاندنى بڵاوكرایه‌وه. ئه‌وه‌ى جێى سه‌رنج بێت ئه‌حمه‌د عه‌لوانى ئامۆزاى محه‌مه‌د عه‌لوانییە کە سه‌ركرده‌یه‌كى كه‌تائیبى حزبوڵاى عێراقى بووه. تسوركۆڤ داواى لێ كردووه، دیدارێكى محه‌مه‌د رێك بخات بۆ ئه‌وه‌ى له توێژینه‌وه‌كه‌ى به‌كارى بهێنێ.
رفاندنى تسوركۆڤ له‌لایه‌ن كه‌سوكارى و حكوومه‌تى ئیسرائیلى بێده‌نگى لێكرا، تا له پێنجى حوزه‌یرانى 2023، واته دواى تێپه‌ڕبوونى زیاتر له دوو مانگ، بنیامین نه‌ته‌نیاهۆى سه‌رۆك وه‌زیرانى ئیسرائیل په‌یامێكى بڵاوكرده‌وه و تێیدا ئاشكراى كرد، كچێكى ئیسرائیلى له‌لایه‌ن كه‌تائیبى حزبوڵا رفێنراوه و له ژیان ماوه، به‌رپرسیارییەتیى رفاندنه‌كه‌شى خسته ئه‌ستۆى حكوومه‌تى عێراق.
چیرۆكى تسوركۆڤ دواى راگه‌یاندنه‌كه گه‌وره ده‌بێت
دواى ئه‌وه‌ى چیرۆكى رفاندنى تسوركۆڤ له‌لایه‌ن نه‌ته‌نیاهۆ بڵاوكرایه‌وه، چه‌ندان لێدوان و زانیاریى تر له‌سه‌ر تسوركۆڤ بڵاو كرایه‌وه، له‌وانه گوترا پێشتر مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى پێشووى عێراق له ساڵی 2020، ئه‌مه‌ریكا و رووسیاى له‌وه ئاگادار كردووه‌ته‌وه کە ژیانى ئه‌و ژنه له مه‌ترسییه كه هاموشۆى عێراق ده‌كات.
كازمى كه خۆى ماوه‌یه‌كى زۆر به‌رپرسى هه‌واڵگریى عێراق بووه، له ره‌گه‌زنامه رووسى و ئیسرائیلییه‌كه‌ى كه‌وتووه‌ته گومانه‌وه.
ئایا تسوركۆڤ سیخوڕ‌ى مۆسادى ئیسرائیلى بوو؟
میلیشیاكانى عێراق باسیان له‌وه كردووه، تسوركۆڤ سیخوڕ‌ى مۆسادى ئیسرائیلى بووه، به‌ڵام به‌رپرسانى ئیسرائیل چه‌ندان جار دووپاتیان كردووه‌ته‌وه ئه‌و ژنه هیچ پێوه‌ندییه‌كى به مۆساده‌وه نه‌بووه، به‌ڵكو وه‌ك هه‌ر ئیسرائیلییه‌ك ماوه‌یه‌ك خزمه‌تى سه‌ربازیى كردووه و دواتریش ماوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ ناتان شرانسكى بووە كه كۆمه‌ڵێك پۆستى له حكوومه‌تى ئیسرائیل هەبووە و سه‌رده‌مێك وه‌زیرى بازرگانى و پیشه‌سازى بووه.
بایه‌خى تسوركۆڤ بۆ ئیسرائیل
ئه‌وه‌ى جێى سه‌رنج بێت، ئیسرائیل له دوو ساڵى رابردوودا بایه‌خێكى زۆرى به دۆسیه‌ى تسوركۆڤ داوه، ته‌نانه‌ت چه‌ند مانگێك دواى دیار نه‌مانى، رۆژنامه‌یه‌كى رووسى به ناوى
نیزاڤیسمایا بڵاوى كرده‌وه، ئه‌گه‌رى هه‌یه نه‌ته‌نیاهۆ هێز بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ى تسوركۆڤ به‌كار بهێنێ و چه‌ندان شوێنى عێراق بکرێته ئامانج، ته‌نانه‌ت ئه‌و كات سایتى ئیلافیش باسى له‌وه كرد، عێراقییه‌كانیش بیر له‌وه ده‌كه‌نه‌وه کە ئیسرائیل ده‌ست بۆ ئه‌و بژارده‌یه ببات.