جووتیاران باس لەوە دەكەن كە بەرهەمی كاڵەكی ئەمساڵی هەرێمی كوردستان ئەوەندە زۆرە دەتوانن پێویستیی هەرێم و عێراقیش پڕ بكەنەوە، باس لەوە دەكەن، ئەمساڵ سێ هێندەی پار كاڵەك كراوە و بەرهەمی سێ ئەوەندەی پارە، بەڵام دەیانەوێ لە ئێستەوە حكوومەتی هەرێم وەك هەمیشە كە پاڵپشتیی جووتیاران بووە، بازاڕ بۆ ساغكردنەوەی بەرهەمەكانیان دابین بكات.
هەرێمی كوردستان بە بەرهەمی كاڵەكی باش و بەتام ناسراوە، جووتیارانی هەرێمی كوردستان ساڵانە سەتان هەزار تۆن بەرهەمی كاڵەك دەخەنە بازاڕەوە كە بەشێكی زۆری بۆ شارەكانی خوارو و ناوەڕاستی عێراق دەڕوات، بەپێی پێشبینییەكان ئەمساڵ لە هەرێمی كوردستان یەك ملیۆن تۆن كاڵەك بەرهەم دێت.
خەسرەو جاف جووتیاری نموونەیی بە "وشە"ی راگەیاند، ئەمساڵ سێ هێندەی ساڵی رابردوو زەوی بە كاڵەك چێنراوە، جووتیارانی هەرێمی كوردستان لە هەموو ناوچەكان بەرهەمێكی زۆری كاڵەكیان دەبێت، ئەگەر بێت و خوای گەورە دۆخێكی خراپ نەهێنێتە پێشەوە، بەڵام لە ئێستەوە جووتیاران لە خەمی ساغبوونەوەی بەرهەمەكانیانن، چونكە جووتیار ئەو هەموو خەرجی و ماندووبوونە دەكات، هەمووكات لە خەمی ئەوەیە ئەو بەرهەمەی پێگەیشت چۆن ساغبێتەوە تا زیانەكانی زیاتر نەبێت.
روونی كردەوە، كاڵەكێكی زۆر هەیە و سەتان هەزار دۆنم زەوی چێنراوە بە كاڵەك، كاڵەك وەك خەیار و تەماتە نییە و پێویستیی رۆژانە نییە تا سەرفی زۆری بێت و وەك میوە حیسابی بۆ دەكرێت، ئەمساڵ ئەوەندە بەرهەممان هەیە دەتوانین هەموو عێراق بە كاڵەك بژیەنین و زۆر لە بەشی پێویست زیاترە، دەتوانین رۆژانە دەیان تۆن كاڵەك رەوانەی عێراق بكەین، تەنیا بازاڕمان دەوێت و هیچی تر، لە هەموو هەرێمی كوردستان ئەمساڵ یەك ملیۆن تۆن بەرهەمی كاڵەك دەبێت.
لای خۆیەوە خەڵات سەعید جووتیارێكی پێنجوێن بە "وشە"ی گوت، زۆربەی زۆری زەوی پێنجوێن بە كاڵەك چێنراوە، بۆ ئەمساڵ پێشبینیی ئەوەمان نەدەكرد ئەو هەموو زەوییە بە كاڵەك بچێنرێت، گرفتی ئاویشمان هەیە لەو سنوورە بەو پێیەی ئەمساڵ كەمبارانی بوو، جووتیار هەیە ئێستە بەرهەم دەچێنێت و هەشە لە رابردوو چاندوویەتی.
ئاماژەی كرد، لە ناوچەكانی تر چەند هەفتەیەكی تر بەرهەمی كاڵەكی خۆمانە دەكەوێتە بازاڕەوە، لەگەڵ وەرزی پێگەیشتن ئەگەر پیشتر كار نەكرابێت بۆ ئەوەی بازاڕ بۆ ساغبوونەوەی بەرهەمەكانمان هەبێت، بە دڵنیاییەوە تووشی زیان دەبین، چونكە بەرهەمی ئەمساڵ ئەوەندە زۆر دەبێت هەرگیز شتی وا رووی نەداوە.
هەر پێوەست بە بەرهەمی ئەمساڵی كاڵەك لە هەرێمی كوردستان سەروەر عەلی بەرپرسی عەلوەی سلێمانی بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، هێشتا زووە بۆ ئەوەی بەرهەمی ناوخۆی كاڵەكی جووتیارانی هەرێمی كوردستان پێ بگات و بكەوێتە بازاڕەوە، جووتیارانی هەرێم بەهۆی شارەزایی و لێهاتوویان توانایان هەیە زۆرترین و باشترین بەرهەمیان هەبێت، لە چەند هەفتەی داهاتوو بەرهەمی ناوخۆ پێ دەگات، ئەوەندە بزانین جووتیاران كاڵەكێكی زۆریان كردووە، ئەگەر وەك خۆی دەرچێت و گرفتێك روونەدات بەرهەم زۆر دەبێت.
وشە/ هۆشیار عەلی