دوای كوژرانی سنوار كێ دەبێتە بەرپرسی باڵی سەربازیی حەماس؟

:: PM:09:51:28/05/2025 ‌

لە دوای هێرشەكەی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل تا ئێستە گەورەترین گورزی سەربازی بە بزووتنەوەكە دراوە، هەزاران چەكدار و دەیان سەركردە و فەرماندەی سەربازی كوژراون، جیا لە وێرانبوونی ژێرخانی سەربازییەكەی لە كەرتی غەزە، ئەمڕۆ ئیسرائیل كوژرانی محەمەد سنوار بەرپرسی سەربازیی حەماسی دووپات كردەوە، بەڵام كێ شوێنی دەگرێتەوە؟

بە كوژرانی محەمەد سنوار حەماس تەواوی سەركردە سەربازییە باڵاكانی لە دەست دا و تەنیا كەسێكی ناسراوی ماوە بە ناوی "شەبەح" واتە تارمایی، راپۆرتەكان باسی ئەوە دەكەن كە دوای كوژرانی سنوار محەمەد شبانە ناسراو بە "ئەبو ئەنەس"، شوێنی دەگرێتەوە، بەڵام لە هێرشەكەی 13ی ئەم مانگە ئەویش لەگەڵ سنوار بووە و پێشبینی دەكرێت ئەویش كوژرابێت، بۆیە ئەوەی ماوە كەسێكە بە ناوی عزەدین حەداد "ئەبو سوهەیب" كە بە شەبەح ناسراوە و ئەگەری هەیە ببێتە سەركردەی باڵی سەربازیی حەماس.  

ئەو فەرماندە سەربازییەی حەماس لە دیارترین داواكراوەكانە لە لایەن ئیسرائیل و فەرماندەی ئۆپراسیۆنەكانی بزووتنەوەكە لە باكوری غەزە بووە، یەكێكە لە بەرپرسە سەربازییە دیارەكانی كەتیبەكانی عزەدین قەسام باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماس، ئەندامی ئەنجوومەنی بچووككراوەی سەربازییە ئیسرائیل لە 2023 بڕی 750 هەزار دۆلاری بەرانبەر گرتن یان كوشتنی داناوە.

حەداد یەكێكە لە پلانداڕێژەكانی هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ی تشرینی یەكەمی 2023، چوار جار هەوڵی كوشتنی دراوە، ئەو لە سەركردە سەربازییەكانی حەماس لە پلەی پێنجەم دێت لە دوای محەمەد زەیف و مەروان عیسا و ئەحمەد غەندوور و ئەیمەن نەوفەل، كە هەر هەموویان لە لایەن ئیسرائیلەوە كوژراون.

ئەوانەی ماون

بەشێكی سەركردەكانی باڵی سیاسیی حەماس لە دەرەوەی فەلەستین دەژین، هەرچی باڵی سەربازییە لە پاڵ شەبەح هەریەك لە محەمەد شبانە فەرماندەی حەماس لە رەفەح، كە ئەگەر هەیە ئەویش لەگەڵ محەمەد سنوار كوژرابێت، ئەبو عوبەیدە گوتەبێژی حەماس، كە ئەگەری هەی ئەویش لەگەڵ سنوار لە هێرشەكە كوژرابێت، رائید سەعد ئەندامی ئەنجوومەنی سەربازیی حەماس كە پێشتر كوژرانی هاتە راگەیاندن، بەڵام دەركەوت نەكوژراوە، هەیسەم حەواجری فەرماندەی كەتیبەی كەناراواەكانی قەسام، كە ئەویش كوژرانی راگەیندرابوو، بەڵام دەركەوت زیندووە، ئەوانە بۆ شوێنگرەوەی سنوار كاندیدن.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل