چاودێرانی سیاسی: بەغدا بە هیچ شێوەیەک پابەندی یاسای بودجە نەبووە

:: PM:01:21:29/05/2025 ‌
چاودێرانی سیاسی پێیان وایە  ئەوانەی بە شان و باڵی بەغدایان هەڵدەدا و دەهۆڵیان بۆ بەغدا دەكوتی، بێدەنگ بوون و خۆشیان نازانن ئەوكات بۆچی وایان كرد، ئێستاش كه‌ به‌غدا به‌ شێوه‌یه‌كى نایاسایی بڕیاری داوه‌ مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى كوردستان نه‌نێرێت، جارێكى تر ده‌ستیان به‌ ده‌هۆڵكوتین كردووه‌ و پێیان وایه‌ هه‌مووكات به‌غدا له‌سه‌ر هه‌قه‌.
 
ئەوانەی هەوڵی ئەوەیان دا مووچەی راستەوخۆ لەلایەن بەغداوە بدرێت و دژی حكوومەتی هەرێم كاریان دەكرد و هەوڵی لاوازكردن و كەمكردنەوەی دەسەڵاتەكانی حكوومەتیان دەدا، هەوڵەكەیان نەك هەر شكستی هێنا، بگرە بەغدا ئەوانەشی تووشی هەڵە كرد، دوو مانگ مووچه‌ به‌دواكه‌وتنه‌وه‌ ده‌نێرێت له‌سه‌ر سێیه‌م مانگ گرفت دروست ده‌كاته‌وه‌.

ناسر ئیسماعیل، شاره‌زاى ئابوورى و دارایی بە "وشە"ی راگەیاند، بەپێی یاسای بودجە دەبێت بەغدا مانگانە سەرووی تریلیۆنێك و 380 ملیار دینار رەوانەی هەرێمی كوردستان بكات، بەڵام تا ئێستە پابەندی یاسای بودجە نەبووە، لە چەند مانگی رابردوودا كۆمەڵێك پەیدا بوون دەیانگوت بەغدا لە سەرووی یاسای بودجە مامەڵە لەگەڵ هەرێم بكات، ئەوە هیچ كات لە بەغدا چاوەڕێ ناكرێت كه‌ به‌ پێى یاسا و ده‌ستوور مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێم بكات، بەڵكو بۆ لاوازكردنی حكوومەتی هەرێم و قەوارەی كوردستان كارده‌كات و پاره‌ و مووچه‌ى كردووه‌ به‌ چه‌كى ده‌ستى.

ئەو روونى كرده‌وه‌، به‌غدا دوو ساڵه‌ ئه‌گه‌ر چى له‌كاتى خۆیدا مووچه‌ و پاره‌ى نه‌ناردووه‌، به‌ڵام ته‌نیا پاره‌ى مووچه‌ى ناردووه‌، به‌دواكه‌وتن و بیانوو و چه‌ند مانگێكیش به‌ لێبڕینەوە، هیچ ئیمتیازات و وه‌به‌رهێنان و په‌ره‌پێدانى پارێزگاكانیشى نه‌ناردووه‌، به‌غدا ته‌نیا ده‌یه‌وێت له‌ پێناو پاره‌ و مووچه‌ چۆك به‌ هه‌رێمدا بنێت، سیاسه‌تێكى هێنده‌ى خۆى لار و بێ مانا.

رێبوار كه‌لاری، چاودێرى سیاسی به‌ "وشه‌"ى راگه‌یاند، به‌غدا بۆ ئه‌وه‌ى هه‌رێم به‌ مووچه‌وه‌ سه‌رقاڵ بكات هه‌موو كات وه‌ك كارتى گوشار به‌كاری ده‌هێنێت، پێگه‌ى هه‌رێم له‌سه‌ر ئاستى دنیا و وڵاته‌ زلهێزه‌كان به‌هێز بووه‌، به‌غدا به‌ پاره‌ى مووچه‌ ده‌یه‌وێت هه‌رێم لاواز بكات، ئەوه‌ش ئەو بەغدایەی كە دەهۆڵیان بۆی دەكوتی و دنیایەكی خەیاڵییان لای خەڵكی ل دروست كردبوو، دواتریش كه‌ مووچه‌ نانێرێت، جارێكى تر ده‌هۆڵ ده‌كوتن و پێیان وایه‌ به‌غدا راستگۆیه‌.

ئه‌و باسى له‌وه‌ش كرد، ئەوانە شەو و رۆژ بە باڵای بەغدایان هەڵدەدا، بەغدایان كردە شامی شەریف، هەر ئەو بەغدایەی ئەوان بە باشی باسیان دەكرد، ئێستە چى ده‌ڵێن كه‌ دواى چوار مانگ له‌ ساڵى 2025 به‌غدا ده‌ڵێت هه‌رێم پاره‌ى بۆ ئه‌مساڵ نه‌ماوه‌ و هه‌مووى وه‌رگرتووه‌، ئه‌ى كوا ئه‌و هه‌موو پاره‌یه‌ى كه‌ ئه‌وان باسیان ده‌كرد، لە سەرووی ئەوەشەوە یەك هەڵوێستیان بەرانبەر بە ئەو ستەمەی بەغدا دەیكات نەبوو، ئەوان بە حیساب پاڵپشتیی فەرمانبەرانی هەرێم بوون.

حەسەن مارف، مامۆستا بە "وشە"ی گوت، ئەوانەی داوایان كرد سەر بە بەغدا بین و مووچە لە لایەن بەغداوە بدرێت و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان راستەوخۆ لە لایەن حكوومەتی عێراقەوە بدرێت، لە رابردووشدا هەر ئەوان بوون كە داوایان دەكرد حكوومەتی هەرێم نەوت رادەستی عێراق بكات و ده‌یانگوت به‌غدا باشتره‌، ئه‌وه‌تا به‌غدا مووچه‌یه‌كت پێ ده‌دات و بۆ سێ مووچه‌ بیانووى دنیات پێ ده‌گرێت و ئه‌ڵێ ناینێرم، باشىیی ئه‌مه‌ چییه‌، خۆ هه‌رێم هیچ گرفتێكى دروست نه‌كردووه‌ و ته‌نیا خۆیان ئاوا مامه‌ڵه‌ ده‌كه‌ن.


سلێمانی/ تایبەت



وشە - تایبه‌ت