چاودێر و شارەزایان باس لەوە دەكەن كە پارتی دیموكراتی كوردستان هەموو كات بەهۆی هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانیەوە، زۆرترین دژایەتی كراوە و هەموو كاتیش ئامادەی هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی بووە، هیچ كات لە قۆناغە سەختەكان كە رووبەڕووی هەرێم بووەتەوە، هەڵنەهاتووە هەر ئەوەشە وای كردووە كە رۆژ بە رۆژ زیاتر ببێتە جێی متمانەی هاووڵاتییان، بۆیە پارتی هێز و پێگەی خۆی هەیە و زۆر لەو كێشانەی كە رووبەڕووی هەرێم دەكرێنەوە گەورەترە.
هەرێمی كوردستان خاوەنی تاكە حزبی نەتەوەیی و نیشتمانییە، ئەویش پارتی دیموكراتی كوردستانە كە هیچ كات خەڵكی كوردستانی بێ هیوا نەكردووە، ئامادە نەبووە لەپێناو بەرژەوەندیی تایبەت كار بكات و هەمووكات بەرژەوەندیی گشتی و بەرژەوەندییە باڵاكانی كوردستانی پێش خستووە و بە تەنیا رووبەڕووی قەیران و كاتە سەختەكان بووەتەوە، بەرپرسیاریەتیی هەڵگرتووە و كاری بۆ بەهێزكردنی پێگەی هەرێمی كوردستان كردووە.
لەوبارەوە دڵشاد نامیق مامۆستای زانكۆ بە "وشە"ی راگەیاند، حزبەكانی تر بە تەنیا فریای دژایەتیكردن و لاوازكردن و لێدان لە پێگەی هەرێم دەكەون، بەڵام لە ساڵی 1992وە پارتی هەردەم بەهێز و بەهێزتر بووە و پێگەی فراوان بووە و هێزی پارتی زۆر لەوە زیاترە كەسانێك دەیبینن، پارتی ئەو هێزەیە كە لەسەر ئاستی عێراق بڕیار دەدات و خاوەن كەسایەتییەكە كە سەرۆك بارزانییە و لەسەر ئاستی ناوچەكە و دەرەوەش پرس و راوێژی پێ دەكرێت، لە عێراقیش بەردەوام بۆ چارەسەری كێشەكان سەردانی دەكەن.
روونی كردەوە، بە درێژایی مێژوو و تا ئێستە بە بەردەوامی پارتی بە هۆی هەڵوێستە نیشتمانی و نەتەوەییەكانی رووبەڕووی دژایەتیی دوژمنان بووتەوە و هەوراز و نشێوی زۆری بینیوە، پارتی هێزێكە تاقیكردنەوەی قورس و ئەستەمە، پارتی حزبێكە لە ئاست كێشەكان كە بۆ هەرێم دروست دەكرێن گەورەتر و بەهێزترە.
لای خۆیەوە نەژاد ساڵح رۆشنبیر و نووسەر بە "وشە"ی گوت، خەڵكی هەرێمی كوردستان زۆرباش دەزانن چ حزبێك كاری بۆ كوردستان كردووە، ئەوەی دەیەوێ هەرێمی كوردستان پێش بخات و لەسەر پێی خۆی بوەستێت پارتییە، چونكە تەنیا ئەو بەغدا دەناسێت، هەر حزبێك نیشتمانی و نەتەوەیی بوو و گرنگی بە خاك و وڵاتی خۆی دا، ئەوە براوە دەبێت، مێژوو هەمیشە باسی ئەو هێز و لایەنانە دەكات كە نیشتمانی و نەتەوەیین.
رێبوار كەلاری كادری پێشكەوتووی پارتی بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، بەهێزیی پارتی وای كردووە، خەڵكی كوردستان رۆژ دوای رۆژ متمانەی زیاتری پێ بكەن و بە تاكە حزب دەیبینن كە دەتوانێت پارێزەری كوردستان و بەرژەوەندییەكانی بێت، تەنانەت هیوای گەلی كوردە لە هەر چوار پارچەی كوردستان بۆ هێنانەدێی ئاشتی و یەكڕیزی بۆ گەلی كورد، ئێستە لە ژێر سەركردایەتیی سەرۆك بارزانی خاوەن پێگەیەكی بەهێزە لە ئاستی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتیش، رۆڵی كارا و یەكلاكەرەوەی هەیە لە هاوكێشە سیاسییەكان و پرۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان.
ئەو باسی لەوەش كرد، پارتی دیموكراتی كوردستان تاكە حزبە لە هەرێمی كوردستان هەموو كاتێك ئامادەیی تێدا بووە بەرپرسیاریەتی هەڵبگرێت و رووبەڕووی هەر ئاستەنگ و قەیران و دۆخێك ببێتەوە كە تووشی هەرێمی كوردستان هاتبێت، بەپێچەوانەوە حزب و لایەنەكانی تری كوردستان ئەگەرچی بەشداریی حكوومەتیش بووبن، ئەمە بەهێزییە، متمانەیە، ئیرادە و بەرپرسیاریەتییە، پێگەیە.
وشە/ تایبەت