پێشنیازی رووسیا بۆ وەستانی شەڕی ئۆكراینا چییە؟

:: PM:09:48:02/06/2025 ‌

شەڕی ئۆكراینا لە 24ی شوباتی 2022 لە دوای هێرشێكی فرەوانی سەربازیی سوپای رووسیا بۆ سەر ئەو وڵاتە دەستی پێ كرد و هێشتا بەردەوامە، جیا لەو شەڕ و كوشتارە زۆرەی لە بەرەكانی شەڕ و لە بۆردمانە مووشەكی و ئاسمانی و درۆنی هەردوولا بۆ یەكتر هەیە، رووسیا توانیویەتی چەند ناوچەیەك لە خاكی ئۆكراینا داگیر بكات، ئێستە جیا لە شەكەتیی هەردوو وڵات، گوشارێكی ئەمەریكی بۆ وەستانی شەڕەكە هەیە.

لە دوای دەستبەكاربوونی لە كۆشكی سپی لە سەرەتای ئەمساڵ، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا گوشاری خستووەتە سەر ئۆكراینا و رووسیا بۆ ئاگربەست و وەستانی شەڕەكە، لە 16ی مانگی ئایاری رابردوو یەكەم گەڕی گفتوگۆی نێوان هەردوو وڵات لە توركیا بەڕێوە چوو، ئەمڕۆش دووەم گەڕی گفتوگۆكان هەر لە توركیا ساز كرا، رووسیا یاداشتێكی وەك پێشنیاز بۆ وەستانی شەڕ داوەتە ئۆكراینا.

وەك میدیاكانی رووسیا بڵاویان كردەوە، یاداشتەكەی رووسیا لە سێ بەش و دوو پێشنیاز بۆ مەرجەكانی رووسیا بۆ وەستانی شەڕ و 31 بڕگە پێك هاتووە، لە یاداشتەكەدا هاتووە، دداننانی یاسایی نێودەوڵەتی بە دەسەڵاتی رووسیا بەسەر نیوچەدوورگەی كریمیا و كۆمارەكانی لۆگانسك و دۆنیتسك و هەردوو ناوچەی زابۆرۆجی و خێرسۆن و پاشەكشەی تەواوەتی یەكە سەربازییەكانی ئۆكراینا لە خاكی رووسیا.

بێلایەنبوونی ئۆكراینا و وازهێنانی لە هەوڵی چوونە ناو هاوپەیمانی و قەوارە سەربازییەكان و قەدەغەكردنی هەر چالاكییەكی سەربازیی وڵاتی سێیەم لەسەر خاكی ئەو وڵاتە یان بڵاوكردنەوەی هێزی سەربازی بیانی یان دامەزراندنی بنكەی سەربازی لەوێ و سازنەكردنی رێككەوتنی نێودەوڵەتی لە داهاتوو، پێویستە ئۆكراینا نەبێتە خاوەن چەكی ئەتۆمی و رێگەش بە بڵاوكردنەوەی لەسەر خاكەكەی نەدات.

پێویستە ژمارە و چەكداریی سوپای ئۆكراینا سنووردار بكرێت و لابردنی هەموو سزا ئابوورییەكانی هەیە و واز لە داوای قەرەبووكردنەوەی زیانەكانی شەڕ بۆ هەردوولا و ئاساییبوونەوەی پێوەندییە ئابووری و دیپلۆماسییەكانیش بە هەنگاو دەبێت، دوو بژارە بۆ وەستانی شەڕ هەیە، یەكەمیان دەستكردن بە كشانەوەی تەواوەتی هێزە چەكدارەكانی ئۆكراینا لە خاكی رووسیا، لەوانەش هەردوو كۆماری لۆگانسك و دۆنیتسك و هەردوو ناوچەی زابۆرۆجی و خێرسۆن بۆ ماوەیەك كە رێككەوتنی لەسەر دەكرێت. 

دووەم بژارە بریتییە لە قەدەغەی بڵاوبوونەوەی هێزە سەربازییە ئۆكراینییەكان لە دەرەوەی ئەو ماوەی لەسەری رێككەوتوون، وەستانی خۆپڕچەككردن و دەستكردن بە دەركردنی سەربازان لە ریزەكانی سوپا و وەستانی گەیشتنی یارمەتییە سەربازییەكان بۆ ئۆكراینا، لەوانە زانیاریی هەواڵگری و ئینتەرنێت، رێگریكردن لە بەشداریی شارەزایانی سەربازیی بیانی لە شەڕ لەپاڵ ئۆكراینا، لێبوردنی هەردوو وڵات لە زیندانیانی سیاسی و ئازادكردنی هاووڵاتییان، هەڵوەشاندنەوەی باری نائاسایی و راگەیاندنی وادەی هەڵبژاردنی سەرۆك و ئەنجوومەنی باڵای ئۆكراینا و واژووكردنی رێككەوتنێك بۆ جێبەجێكردنی هەموو ئەوانە.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل