خێرخوازی لە كوردستان بووەتە پڕۆژەی بازرگانی و مامۆستا هەڵۆش هەڕەشە دەكات

:: AM:09:37:04/06/2025 ‌
ماوەیەكە كۆمەڵێك بابەت لەسەر ئەو خێرخوازانە بڵاو دەكرێـتەوە كە بەهۆی كاری خێرخوازییەوە پارەیەكی زۆریان دەست دەكەویـَت، یەكێكیشیان لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا دەڵێت، تەنیا بۆ سپۆنسەری ڤیدیۆیەك سێ هەزار و 700 دۆلارم وەرگرتووە.

لە نوێترین ڤیدیۆیدا مامۆستا هەڵۆ هەڕەشە لە كەسێك دەكات لە ژێر ناوی خێرخوازیدا پارەی خەڵك دەخوات، مامۆستا هەڵۆ دەڵێت: "لەسەر ئەو كارە بەردەوام بیت، هەموو كارە پیسەكانت بڵاو دەكەمەوە".

ئەو مامۆستایە ناوی هیچ كەسێك ناهێنێت، بەڵام دیارە مەبەستی كەسێكی ناسراوە لە بواری خێرخوازی و بەگوتەی مامۆستا هەڵۆ، بەو ناوەوە ژنان هەڵدەخەڵەتێنێت و پارەی خەڵك دەخوات.

ئاراسی خالیدی كە خێرخوازێكی دیارە، ماوەی چەند رۆژێكە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان چەندان شتی لەسەر بڵاو كراوەتەوە، لە شوێنێكدا ئەویش بەشێوەیەكی بازاڕی جنێو بە كەسێك دەدات و  پێی دەڵێت: شتم لەسەر تۆ هەیە.

ئەو خێرخوازە لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا دەڵێت: سێ هەزار و 700 دۆلارم لە كەسێك بۆ سپۆنسەری پەیجەكەم وەرگرتووە. هاوكات پارەش بۆ ستافەكەم لەو كەسە وەردەگرم كە پارەی بەناوی خێرخوازییەوە بۆ كۆ دەكەینەوە.

كاری خێرخوازی لە كوردستان رێك نەخراوە، هەر كەسێك بە ناوێك و بە شێوازێك دەستی بەم كارە كردووە، پارەیەكی زۆر بەناوی خێرخوازییەوە كۆ دەكرێتەوە و كەسی هەژاریش كە خێرەكەی پێ دەكرێت، ڤیدیۆ دەكرێت و دەبێت بە لاوازی پێشان بدرێت و سوپاسی خێرخوازیش بكات، ئەمە  وادەكات خێرخواز بەڕێگەی ئەو وێنە و ڤیدیۆییانەوە ناوبانگ پەیدا بكات و خێری تری دەست بكەوێت. لە كاتێكدا بنەمای كاری خێرخوازی ئەوەیە كەس بەخێرەكەت نەزانێت.

لەمبارەیەوە بێستوون شەهید جەبار نووسیویەتی، دەركەوت كێشەی‌ گەورە لە پرۆسە خێرخوازییەكاندا هەیە، بەجۆرێك هەندێك جار لە بایەخی‌ پرۆسەكە كەم دەكەنەوە.

ئەو نووسەرە دەڵێت: هەندێك خاوەن پێداویستیی تایبەت و هەژار و خەڵكی‌ شایستە، بە هیچ جۆرێك سوودمەند نەبوون. هاوكات شێوازی‌ دابەشكردنی‌ هاوكارییەكان بە جۆرێكە كە هەندێك جار شكاندنی‌ شكۆی‌ مرۆڤ ‌و هاووڵاتییانی‌ تێدایە و لە بەهای‌ هاوكارییەكان كەم دەكاتەوە، سیستمێكی‌ وا بێت كە تێیدا هاووڵاتیی‌ هەژار هەست بە كەمی‌ نەكات‌ و شكۆی‌ پارێزراو بێت.

لە كۆتاییدا ئەو نووسەر ئەوەشی گوت، ڕێگە نەدرێت هیچ دەزگایەك سەربەخۆیانە بەو كارە هەستێت، ئەوەش بۆ ئەوەی‌ ڕێگە بگیرێت لە كەسانێك كە بیانەوێت كاری‌ خێرخوازی تێكەڵ بە مەبەستی‌ تر بكرێت.

كێشەی كاری خێرخوازی لە هەرێمی كوردستان ئاڵۆز و گوماناوییە، لەمبارەیەوە مامۆستا هەڵۆ دەڵێت: چ پێویست ناكات كەسێك بیەوێت خێر بكات، پارە و ماڵەكەی بدات بەم كەسانە كە بەناوی خێرخوازییەوە كاری خراپ دەكەن، با كەسەكە خۆی بچێت ئەوەی دەیەوێت بیكات بەخێر بیداتە هەژارێك، خۆ هەژار لە هەموو شوێنێك هەیە.

لەبارەی رێكخستنی كاری خێرخوازی لە كوردستان "وشە" چەندان جار پێوەندیی بەگوتەبێژی وەزارەتی ئەوقافەوە كرد، بەڵام بەردەست نەبوو.

‏‎



وشە - سۆران عەزیز