"بڕیاری راگرتنی هاوردەكردن لە هەرێمەوە نایاسایی و سیاسییە بۆ لاوازكردنی ئابووریی كوردستانە"

:: PM:09:44:05/06/2025 ‌
رێگریكردن لە ناردنی خۆراك و كەلەپەلی بازرگان و جووتیاران لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ ناوچەكانی خوارو و ناوەڕاستی عێراق، زیانی گەورە لە هەرێمی كوردستان دەدات، ئەو كارەی بەغدا دەیكات بۆ ئەوەیە هەرێمی كوردستان لە رووی ئابوورییەوە رووبەڕووی گوشار بكاتەوە، زیانێكی زۆر لە بەرهەمی ناوخۆی هەرێم بدات و بێكاری و هەلی كار كەم بكاتەوە، خاوەنكاریش رووبەڕووی مایەپووچی بكاتەوە و كوردستان بكاتە ناوچەیەك بە هەمان شێوەی ناوچەكانی عێراق.

لە چەند رۆژی رابردوو سەرۆكی دەستەی دەروازە سنوورییەكانی عێراق، سەردانی باوگەیەكی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراقی كرد، هەڕەشەی لە كارمەندانی ئەو بازگەیە كردبوو كە بە هیچ شێوەیەك رێگە نەدەن خۆراك و كەلوپەل لە ناوچەكانی هەرێمەوە بۆ خوارو و ناوەڕاستی عێراق بێت، لەكاتێدا عێراق بەهۆی گەندەڵییەوە تەنیا پشت بە هاوردە دەبەستێت و ئەو خۆراك و كاڵایانەی پێویستن لە وڵاتانەوە هاوردەی دەكات و هەرێمیش بەرهەمهێنەری زۆرینەی خۆراك و كەلوپەلە پێویستییەكانە، بەڵام رێگە نادرێت كەلوپەل و خۆراكی هەرێم بچێتە ناوچەكانی تری عێراق.

ساماڵ عەبدولرەحمان بەڕێوەبەری پێشووی گومرگی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، عێراق و شارەكانی بازاڕی گەرمی ساغبوونەوەی بەرهەم و كەلوپەلی هەرێمی كوردستان و بازرگانانی هەرێمن، هەر رێگرییەك لە چوون و بردنی كاڵاكان لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ شارەكانی عێراق گرفتی گەورە بۆ بازرگان و خاوەن بەرهەمەكان دروست دەكات، بۆیە پێویستە ئەو بابەتە بە گفتوگۆ چارەسەر بكرێت، چونكە بازرگانان زیان دەكەن، دەبێت دانیشتن بكرێت بۆ ئەوەی كۆتایی بەو رێگرییە بێت.

لای خۆیەوە فەرمان سابیر خاوەن نووسینگەی كڕین و فرۆشتنی مریشك بە "وشە"ی گوت، رێگریكردن لە ناردنی مریشك بۆ شارەكانی خوارو و ناوەڕاست، یان هەر جۆرە داخستنێكی سنووری لە نێوان هەرێم و عێراق، راستەوخۆ زیان بە خاوەن كێڵگە پەلەوەرییەكان دەگات، چونكە ئەو هەموو بەرهەمی مریشكەی لە كوردستان هەیە، كە ساڵانە سەتان هەزار تۆن مریشك بەرهەم دێت، كوردستان بۆ پێویستی ناوخۆ كەمتر لە سەت هەزار تۆنی پێویستە.

روونی كردەوە، ئەگەر چوونی مریشك بۆ ناوچەكانی تری عێراق رێگری لێ بكرێت و نەچێت بۆ شارەكانی عێراق، هەمووی بە زیان دەشكێتەوە بۆ خاوەن كێڵگەكان و لە ناوخۆ ئەوەندە هەرزان دەبێت راستەوخۆ كاریگەریی خراپی لەسەر كێڵگەكان هەیە.

هێمن سەعید شارەزای یاسا لەوبارەوە بە "وشە"ی گوت، كارەكەی دەستەی دەروازە سنوورییەكانی عێراق بەرانبەر بە هەرێم و راگرتنی هاوردە لە هەرێمەوە بۆ شارەكانی عێراق نایاساییە، چونكە هەمووان دەزانن كە عێراق و هەرێم یەك خاكن، كەواتە بە چ یاسایەك و بە چ جۆرێك تۆ رێگری لە هاتن و چوونی كاڵا و خۆراك و هەر شتێكی تر دەكەیت، كەچی لە وڵاتانی تر هەمان شت بە نرخێكی گرانتر هاوردە بكەیت و خەڵكەكەت بارگرانی بكەوێتە سەر.

ئەو شارەزایە یاساییە ئاماژە كرد، ئەوە روونە كە بڕیارەكەی عێراق سیاسییە لەپێناو لەناوبردنی ئابووری و گوشار دروستكردنە لەسەر هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی تووشی كێشە ببێتەوە و زیان بگەیەنێت بەوانەی كە ئەو كارە دەكەن.

وشە/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل