دوو سەعات کارەبا بە 200 ملیار دۆلار.. گەندەڵی عێراق بەرەو هاوینێکی تاریک و تاقەتپڕوکێن دەبات

:: PM:04:54:09/06/2025 ‌
لە ماوەی 20 ساڵی ڕابردوودا، عێراق نزیکەی 200 ملیار دۆلاری لە کەرتی کارەبادا خەرج کردووە، بەڵام دەرەنجامەکەی ئەوەیە کە پێشبینی دەکرێت هاووڵاتییان لە هاوینی ئەمساڵدا تەنیا دوو بۆ چوار سەعات کارەبای نیشتمانییان هەبێت. ئەم هاوکێشە شۆکهێنەرە، کە لەلایەن شارەزایان و ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکانەوە پشتڕاست دەکرێتەوە، پەردە لەسەر قەبارەی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی لە یەکێک لە گرنگترین کەرتە خزمەتگوزارییەکان لادەدات و ئاماژەیە بۆ ئەوەی عێراقییەکان ڕووبەڕووی هاوینێکی سەختی بێ کارەبایی دەبنەوە.

ئەمڕۆ دووشەم نۆی حوزەیرانی 2025، شارەزای ئابووریی عێراقی مەنار عوبێدی، ڕای گەیاندووە کە قەبارەی خەرجیی ساڵانە بۆ کەرتی کارەبا لە وڵاتدا 10 تریلیۆن دیناری تێپەڕاندووە، ئەمەش لە کاتێکدایە هیچ چارەسەرێکی ڕیشەیی بۆ ئەم کەرتە نەدۆزراوەتەوە. عوبێدی لە لێدوانێکدا کە بۆ ئاژانسی شەفەق نیوزی عێراقی داویەتی، دەڵێت: "بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی بۆ ساڵی 2024 کۆی خەرجیی ڕاستەوخۆ بۆ کەرتی کارەبا گەیشتووەتە نزیکەی 10 تریلیۆن و 400 ملیار دیناری عێراقی (یەکسانە بە هەشت ملیار دۆلار)".

ناوبراو وردەکاریی خەرجییەکانی بەم شێوەیە خستووەتەڕوو: سێ تریلیۆن و 390 ملیار دینار بۆ کرێی کارەبا، سێ تریلیۆن و 300 ملیار دینار بۆ کڕینی سووتەمەنیی هاوردەکراو، ترلیۆنێك و 200 ملیار دینار بۆ بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی کارەبا، و دوو ترلیۆن و 300 ملیار دینار بۆ خەرجیی تری وەک قەرەبوو و مووچە، لەگەڵ 238 ملیار دینار بۆ هاوردەکردنی وزە لە دەرەوە.

عوبێدی دووپاتی کردەوە کە "ئەم ژمارانە تەنیا خەرجیی ڕاستەوخۆن و داهاتی کۆکراوە (جبایە) نادیارە، ئەمەش وا دەکات قەبارەی زیانە ساڵانەییەکانی دەوڵەت زۆر گەورەتر بێت".

ئەم شکستە داراییە گەورەیە، وێنایەکی ترسناک بۆ هاوینی ئەمساڵی عێراق دەکێشێت. ڕاپۆرتێکی پێشووتری ماڵپەڕی "میدلاین"ی ئەمریکی هۆشداری دابوو کە هاوینێکی تاقەتپڕوکێن چاوەڕێی عێراق دەکات و پلەکانی گەرما 50 پلەی سیلیزی تێدەپەڕێنن. بەپێی ڕاپۆرتەکە، عێراق بەهۆی ڕاگرتنی هاوردەی غاز و کارەبا لە ئێرانەوە، 40%ی توانای بەرهەمهێنانی لەدەست داوە، کە یەکسانە بە 11 هەزار مێگاوات. بەمەشەوە، حکوومەت تەنیا توانای بەرهەمهێنانی 17 هەزار مێگاواتی هەیە، لە کاتێکدا پێویستی بە 45 هەزار مێگاواتە، واتە 28 هەزار مێگاوات کورتهێنانی دەبێت.

بەگوێرەی لێکدانەوەی ڕاپۆرتە ئەمریکییەکە، بەم بڕە کارەبایەی لەبەردەستە، حکوومەتی عێراق تەنیا دەتوانێت ڕۆژانە چوار سەعات کارەبا دابین بکات و لە هەندێک ناوچەشدا ئەم ماوەیە بۆ تەنیا دوو سەعات کەمدەبێتەوە. ئەمەش وا دەکات هاووڵاتییان بۆ ماوەی 20 بۆ 22 سەعات پشتیان بە مۆلیدە ئەهلییەکان بەستبێت و پێشبینی دەکرێت نرخی ئەمپێرێک کارەبای مۆلیدە بگاتە 35 هەزار دینار.

لەبەرانبەر ئەم دۆخە کارەساتبارەدا، مەناڕ عوبێدی پێی وایە چارەسەرە کاتییەکان بێسوودن و دەڵێت: "دۆسیەی کارەبا بووەتە ئاڵۆزترین ئاستەنگ لە عێراقدا و چارەسەری ڕیشەیی بریتییە لە گواستنەوەی دەسەڵاتەکانی بەرهەمهێنان و دابەشکردن و کۆکردنەوەی داهات لە حکوومەتی ناوەندییەوە بۆ حکوومەتە خۆجێییەکان". ئەو پێشنیازی هەڵوەشاندنەوەی تەواوی وەزارەتی کارەبا دەکات و دەڵێت: "با پارێزگاکان خۆیان گرێبەست بۆ دروستکردنی وێستگەی کارەبا بکەن و خۆیان "جبایە" کۆبکەنەوە. ئەگەر ئەم ڕێگا بوێرانەیە نەگیرێتەبەر، عێراق بەردەوام دەبێت لە بەهەدەردانی سامانی گەورە بەبێ گەیشتن بە ئاسایشی وزە".

جێی سەرنجە، لە کاتێکدا حکوومەتی فیدراڵی بەو هەموو داهاتە زەبەلاحەوە كە تەنیا 200 ملیار دۆلاری لە كەرتی كارەبادا خەرج كردووە،  لەبەردەم ئەم قەیرانەدا دەستەوەستانە و بەردەوام دژایەتیی هەرێمی کوردستان دەکات و بودجە و مووچەی دەبڕێت، هەرێمی کوردستان بە ئیمکانیاتێکی زۆر کەمترەوە، مۆدێلێکی جیاواز و سەرکەوتووتری پێشکەش کردووە. لە ڕێگەی "پڕۆژەی ڕووناکی" و پێوەری زیرەکەوە، ئێستا زیاتر لە ملیۆنێک هاووڵاتیی هەرێم خاوەنی کارەبای 24 سەعاتی نیشتمانین. بڕیاریشە لە ماوەی مانگێکی تردا، تەواوی سەنتەری شاری هەولێر ببێتە خاوەنی کارەبای بەردەوام، ئەمەش جیاوازییەکی گەورە لەنێوان شێوازی ئیدارەدان و خزمەتکردنی هاووڵاتییان لە هەولێر و بەغدا نیشان دەدات.


وشە - پۆڵا مەحموود