هەرێمی كوردستان لە كەرتی گەشتیارییەوە پێشكەوتنی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە و ساڵ لە دوای ساڵ هاتنی گەشتیاران بۆ هەرێمی كوردستان زیاتر دەبێت، بەهۆیەوە بازاڕی كوردستان دەجووڵێت و ئەو پارەیەی كە گەشتیاران لە هەرێم خەرجی دەكەن بۆ گیرفانی پڕۆژە گەشتیارییەكان و هۆتێل و مێوانخانە و دوكان و شوێنەكان دەبێت، ئەمەش كاریگەریی لەسەر ئابووری و بازاڕ هەیە، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزاریی هەرێم دەڵێت، لەو ماوەیەدا گەشتیاران 75 ملیۆن دۆلاریان هێناوەتە كوردستان.
لە لایەكی ترەوە بەهۆی ئەوەی هەرێمی كوردستان ناوچەیەكی ئارام و سەقامگیرە، بووەتە رووگەی گەشتیاران، كاتێك لە بۆنە و جەژنەكان بە سەتان هەزار گەشتیار روو دەكەنە ناوچە گەشتیارەكانی، بێ ئەوەی هیچ كێشەیەك رووبدات، بە ئارامی پشووی خۆیان بەسەر دەبەن و هەمووان بەبێ جیاوازی پارێزراو دەبن، هەموو ئەوەش بەهۆی ئەو سەقامگیرییەیە كە لە هەرێمی كوردستان هەیە، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزار دەڵێت، گەشتیاران سەتان ملیۆن دۆلاریان هێناوەتە كوردستان.
ئیبراهیم عەبدولمەجید بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزاریی هەرێم بە "وشە"ی راگەیاند، هەرێمی كوردستان ناوچەیەكی گەشتیارییە، ئێستە كوردستان لە كەرتی گەشتیاریدا هەنگاوی زۆر باشی ناوە، ساڵ بە ساڵ كەرتی گەشتیاریی لە كوردستان پێشوەچوونی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت، ساڵ بە ساڵ هاتنی گەشتیار بۆ كوردستان زیاتر دەبێت و پڕۆژەی زیاتری گەشتیاری لە كوردستان دەكرێتەوە، كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گرنگی زۆری بە كەرتی گەشتیاری داوە و ئێستە كوردستان بە چوار وەرزە گوشتیار سەردانی دەكات و ساڵانە ملیۆنان گەشتیار دێنە هەرێمی كوردستان.
روونی كردەوە، بۆ ئەم جەژنی قوربانە، لە سەرەتاوە پێشبینیی ئەوەمان كردبوو كە نزیكەی 300 هەزار گەشتیار سەردانی هەرێمی كوردستان بكات، لە ناوچەكانی خوار و ناوەڕاستی عێراق، ئێران و توركیا و وڵاتانی ئەوروپی، بەڵام بەپێی ئەو زانیاریانەی لە لیژنەكان بە بەڕێوەبەرایەتی و دەستەی گەشتوگوزار هاتوون، تا چوارەم رۆژی جەژن سەرو 300 هەزار گەشتیار سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردووە، ئەوەش ئامارێكی دڵخۆشكەرە و نیشانەی ئەوەیە ئێستە كوردستان وەك ناوچەیەكی گەشتیاری مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت.
عەبدولمەجید باسی لەوەش كرد، ئەو گەشتیارانەی كە دێنە هەرێمی كوردستان، بە بڕی جیاواز پارە خەرج دەكەن، گەشتیارانی بیانی، بەتایبەتی ئەوانەی لە ئەوروپا و وڵاتانی كەنداو دێن بۆ مانەوە لە سەور دوو هەزار دۆلار خەرج دەكەن، گەشتیارانی خوارو و ناوەڕاستی عێراق كەمتر خەرج دەكەن، بەڵام بەپێی ئەو خەمڵاندانەی كە كردوومانە بە شێوەیەكی گشتی دانراوە، هەر گەشتیاری 250 بۆ 300 دۆلار لە ماوەی مانەوەی خەرج دەكات، بەو پێیە ئەگەر 300 هەزار گەشتیار سەردانی هەرێمیان كردبێت و بۆ هەر یەكەیان 250 دۆلار دابنێین، بڕی 75 ملیۆن دۆلاریان هێناوەتە كوردستان، ئەو بڕە پارەیەش بۆ گیرفانی خاوەنكارەكان دەچێت.
لای خۆیەوە رێژەن رەئووف بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری دوكان بە "وشە"ی راگەیاند، ئەم جەژنە هاتنی گەشتیاران بۆ هەرێمی كوردستان و بۆ ناوچەی دوكان بە ریژەیەكی بەرچاو زیادی كردووە، تا چوارەم رۆژی جەژن سەرو 115 هەزار گەشتیار هاتوونەتە دوكان و تا كۆتایی هەفتەش هاتنی گەشتیاران بۆ دوكان بەردەوام دەبێت، بەراورد بە جەژنی رەمەزان گەشتیاری زۆرتر سەردانی ناوچەی دوكانی گەشتیارییان كردووە.
عەتا ئەنوەر خاوەنی كۆمپانیایەكی گەشتیارییە بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، هەرێمی كوردستان بۆ گەشتیاران و بۆ خەڵكەكەش ناوچەیەكی ئارام و سەقامگیرە، ئەمەش وای كردووە ساڵانە بە سەتان هەزار گەشتیار لە بۆنەكاندا روو لە ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان بكەن.
دووپاتی كردەوە، ئەو ئارامی و سەقامگیرییەی لە هەرێم هەیە لە زۆر ناوچە و وڵات نییە، ئەوەش وای كردووە خەڵك بێن بەبێ ترس بمێننەوە و كاتەكانی خۆیان بەسەر ببەن، بە پارێزراوی گەشت و سەیران بكەن و لە شوێنە گەشتیارییەكان بمێننەوە، ئەو گەشتیارانە بازاڕی هەرێم بە ئاستێكی بەرچاو دەجووڵێنن، چونكە پارەیەكی زۆر دێننە هەرێم و لە ماوەی مانەوەیان خەرجی دەكەن.
وشە/ هۆشیار عەلی