بەغدا دەیەوێ لە رێگەی نەدان و دواخستنی مووچە و قووتی خەڵكی كوردستان، هەرێمی كوردستان بێ ئیرادە بكات، بەڵام ئەوەیان بۆ ناچێتە سەر و لە ماوەی حكوومەتەكانی رابردووی بەغدا زۆر هەوڵی ئەوە درا هەرێم بێ ئیرادە بكرێت و بە هەموو شێوەیەك دژایەتیی كوردستان كرا، بەڵام هەموو ئەوانە رۆیشتن و بوونە رابردوو و هەرێمی كوردستان بەردەوامە لە بەهێزیدایە، ئەوانەی ئێستەش ناتوانن تا سەر ئاوا بكەن و كوردستان خاوەن ئیرادەیە و مل بۆ ستەم و برسیكردنی بەغدا دانادات.
دوای دوو ساڵ لە دواخستنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، بەغدا هەموو مانگێك مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی دوا دەخست و ئێستەش دەیەوێ بە دواخستن و نەدانی مووچە هەرێمی كوردستان رووبەڕووی دۆخێكی خراپ بكات و ئیرادەی هەرێم بشكێنێت، سیاسەتوانان دەڵێن، بەغدا ناتوانێت تا سەر ئەو كارە بكات و ئەوانەی رابردوو زۆر لەوە خراپتر دژی هەرێم بوون، بەڵام بۆیان نەچووە سەر و هەرێم خاوەن ئیرادەی خۆی مایەوە.
د. مەحموود عوسمان سیاسەتوانی دیاری كورد بە "وشە"ی راگەیاند، ئەوەی روونە بەغدا هیچ بڕوای بە مافی كورد و مادەی 140 نییە، ئەمە ئەوەیە كە لای بەغدا دەمێكە روون بووەتەوە، ئەو كێشانەی ئێستەش لە نێوان هەردوولا دروست بوون، نازانین چی بكەین و باسی چی بكەین؟، هەریەكەیان باس لەوە دەكات كە بە جۆرێك مامەڵەیان كردووە، ئەو لیژنەی هەرێمیش كە چوونەتە بەغدا لەبارەی مووچە و رێككەوتن، نازانین چییان پێ گوتراوە و چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا كراوە؟
لای خۆیەوە سەرباز خۆشناو چاودێری سیاسی بە "وشە"ی گوت، بەغدا چەند دەیەیەكە هەموو شتێك و بە هەموو جۆرێك رووبەڕووی هەرێم بووەتەوە بۆ ئەوەی سزای بدات و بێ ئیرادەی بكات، هیچ نەماوە دژی كورد نەیكات، لە كوشتن و بڕینی بودجە و ئێستەش دەستی بۆ مووچە و بڕینی برد، كە بڕینی مووچە و قوتی خەڵك ناڕەوایە و خراپە، دوورە لە ئەخلاقی سیاسی و مافی مرۆڤ.
روونی كردەوە، هەرێمی كوردستان دەڵێت هەموو شتێكمان جێبەجێ كردووە، كەچی بەغدا بابەتەكەی بە سیاسی كردووە و هەڵبژاردنیش لە رێیە، ئەمە هەمووی بۆ ئەوەیە دەنگێكی زۆر بێنن، بەڵام خەڵكیان بە ئامانج گرتووە، دەبێت هەرێمی كوردستان هەڵوێستی خۆی وەرگرێت و چیتر رێگە نەدات بەغدا بەو جۆرە مامەڵە لەگەڵ خەڵكی هەرێمدا بكات و خەڵك بكاتە قوربانی مووچە.
هەر پێوەست بەو بابەتە عومەر رەنگێنەیی پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە زانكۆی سلێمانی بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، دەسەڵاتە یەك لە دوای یەكەكانی بەغدا هەمیشە دژی كوردستان بوون، ئەوان بە هەموو شێوەیەك دژی كورد وەستاونەتەوە، هەرێمی كوردستان لە دەستووردا سەربەخۆیە لە دەسەڵاتەكاندا، ئەوان لە رابردوودا خەڵكی كوردستانیان ئەنفال كرد، خەڵكی كوردیان كوشت، بۆچی، چونكە ئەوان دژی كورد بوون، ئەو بڕیارەیان دابوو، خۆیان یەكلا كردبووەوە، دەسەڵاتی ئێستەش بە هەمانشێوە دژی كورد و كوردستانە، بەڵام بە جۆرێكی تر دژایەتیی دەكات، ئەویش بەكارهێنانی مووچەیە.
روونی كردەوە، راستییەكەی بەغدا ئەو بەغدایە نییە كە خەڵك پێیان وایە خەمخۆر و دڵسۆزی خەڵكی كوردستانە، سەركردایەتیی كوردستانیش ئەوە دەزانێت كە بەغدا ئامانجێكی هەیە ئەویش ئەوەیە هەرێمی كوردستان لاواز بكات و پێگەی لاواز بكات، بەغدا بەم جۆرە دەڕوانێتە هەرێمی كوردستان، ئەوەی بەغدا لە مووچە بۆ خەڵكی عێراقی دەكات، هیچ كات ئامادە نییە بۆ هەرێمی بكات، بابەتێكی تریش ئەوەیە كاتی ئەوە هاتووە ئەو هێز و لایەنە سیاسییانەی هەرێم واز لە ململانێ و ركابەرایەتیی یەك بێنن و چیتر كۆتایی بەو دۆخە ناوخۆییە بێنن و بەرانبەر بەغدا یەك دەنگ بن.
وشە/ تایبەت