"عێراق مەكەن بە فریادەڕەس ئەوان هەنگاو بۆ دوژمنایەتی دەنێن"

:: PM:07:21:11/06/2025 ‌
سزادانی بەكۆمەڵی خەڵكی كوردستان لەلایەن عێراقەوە، كاردانەوەی زیاتری بەدوای خۆیدا هێناوە، بەشێك لە نووسەر و چاودێران پێیان وایە ئەوە، لە ئەنجامدا بە خراپی بەسەر بەغدادا دەشكێتەوە. 

بەدران ئەحمەد حەبیب، رۆشنبیری ناسراوی كورد لەوبارەیەوە نووسیویەتی، ئەو خۆدانەدوایە لە ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، كە ئەمجارە بەغدا نەزانانە كردی، هەرچییەك سۆنگە و سەوی بێت بە زیانی عێراق خۆی شكایەوە.

روونیشی كردەوە، بەم كارە، لە ناوخۆدا كەلێنی خستە نێوان گەلی هەرێمی كوردستان و وڵاتی عێراق، لە دەرەوەیشدا بیانوو و هۆكێكی تری دایە دەستی ئەوانەی پاڵپشتی لە جیاوەبوونی كوردستان لە عێراق دەكەن.

بەشێكی تر لە نووسەران و رۆشنبیران پێیان وایە، ئەوەی بەغدا دەیكات بە تەنیا نییە، بەڵكو كۆمەڵێك كەس كە وەك "جاشمۆدێرن" مامەڵە دەكەن، كارئاسانی بۆ ستەمی بەغدا دژی گەلی كورد دەكەن. 

سۆران سێوكانی، نووسەری كورد نووسیویەتی، هەموو نەتەوەیەكی داگیركراو جاشی تێدایە، بەس كێشەی جاشمۆدیرنەی كورد ئەوەیە، كە جاشێتیان كردووە بە ئایدۆلۆجیا واتە لە رۆحەوە بوون بە جاش نەك بۆ بەرژەوەندییەكی دنیایی.

هەر لەسەر ئەو پرسە، ئاراس سەعید، نووسەر و رۆژنامەنووس پێی وایە، پرسی بژێویی خەڵكی كوردستان، هەمیشە لای دەسەڵاتدارانی بەغدا بەسیاسی كراوە، كراوەتە كارتی فشار بۆ رادەستبوونی كوردستان، بۆیە پێویستە چاككردنی بژێویی خەڵك و دابینكردنی مووچە بەبێ پشتبەستن بە بەغدا، كارنامە و ئامانجی سەرەكیی حزبە كوردستانییەكان بێت، بە حكوومەتی هەرێمی كوردستانیشەوە.

ئەو دەڵێ‌، ئێستە سیاسەتی حكوومەتی عێراقی بەرە و خراپی و دوژمنایەتی دەڕوات دەرهەق بە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەشی، بەتایبەتی وا دەردەكەوێت حكوومەتی عێراقی نەخوازێت دانوستان بكات. وێرای ئەوەی هەرێمی كوردستان بە پشتبەستن بەو دەسەڵاتانەی كە مادەی 121 و مادەی 112 دەستووری عێراقی ڕێگەی پێیداوە لە فرۆشتنی نەوت، بەڵام بەغدا ڕێگری لە هەناردەكردنی نەوتی هەرێم دەكات و دواتریش بودجەكانی دەبڕێت.

"حكوومەتی عێراق شكستی خواردووە و چەندان گرفتی ئابووری و سیاسی و تەناهی بەرۆكی گرتووە، لەوانە تەنگژەی دارایی، تەنگژەی سەروەری، تەنگژەی كارەبا و غاز، تەنگژەی ژینگە و كەمئاوی و پرسی هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاكان كە حكوومەتی ئەمەریكا و ئیسرائیل و ئەنجوومەنی ئاسایش دووپاتیان لێ كردووەتەوە، كەچی حكوومەتەكە لەجێی ئەوە خۆی ئەو گرفتانە چارەسەر بكات كە تووشی بووە، تەنگژەكانی بۆ ناوەوەی هەرێم فڕێ دەدات". ئەو نووسەرە وا دەڵێ‌.

ئەو روونیشی كردەوە، ئامانجە شاراوەكانی پشت ئەم سیاسەتە ڕوونە، بەغدا هەموو داهاتی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی خستووەتە ژێر دەستی خۆی، بودجەشی ناداتێ! ئەم حكوومەتە پەنا دەباتە بەر برسیكردنی خەڵك، دەیەوێت لەناو هەرێمی كوردستان ناكۆكییەكان قووڵ بكاتەوە بۆ ئەوەی دواجار خۆی وەك فریادڕەس نیشان بدات.

لە كۆتاییشدا دەڵێ‌، كەسانێك دەیانەوێت هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان لەو ڕاستییە ترسناكە چەواشە بكەن و گوایە بەغدا فریادڕەسە. جێی داخە كۆمەڵێك میدیا و پەرلەمانتار و حزبی ئۆپۆزسیۆن و كۆمەڵێك بەناو نووسەر و ڕۆشنبیر بە ئەجێندای دەرەكی ماشێنێكی گەورەی میدیاییان بەگەڕ خستووە، بۆ ئەوەی ماسكی ئەو سیستمە ترسناكە دژەكوردییەی بەغدا نەكەوێت و ڕووخسارە ترسناكەكەی دەرنەكەوێت.

ئەوە لە كاتێكدایە، كە حكوومەتی عێراق وەك هەنگاوێكی دوژمنكارانە و سزادانی بەكۆمەڵ مووچەی خەڵكی كوردستانی راگرتووە و نایدات، جیا لەوەیش چەندان گوشاری تری لەسەر كوردستان دروست كردووە. 

بەڵام خەڵكی كوردستان گەیشتووەتە ئەو راستییەی كە پێویستە تەنگژەكان لەگەڵ بەغدا بە تەواوی یەكلا بكرێنەوە.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم