لەكاتێكدا عێراق بەرەو هەڵبژاردنی پەرلەمانەكەی هەنگاو دەنێت، ناكۆكییەكی قووڵ و مەترسیدار بۆ سەر یەكپارچەیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە هەیە، كێشە سەرەكییەكە تەنیا لەسەر پۆست و دەسەڵات نییە، بگرە ململانێیەكی راستەوخۆیە لەسەر پۆستی سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی، كە بووەتە هۆی دروستبوونی دوو بەرەی دیار لە ناو چوارچێوەكەدا.
بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی "عالەم جەدید"، ململانێی سەرەكی لە نێوان گرووپی عەسائیبی ئەهلی حەق بە سەرۆكایەتیی قەیس خەزعەلی و فالح فەیاز سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی چڕ بووەتەوە و خەزعەلی بە ئاشكرا داوای دوورخستنەوەی فەیاز و دانانی كەسێكی نزیك لە خۆی لەو پۆستە دەكات، لە بەرانبەردا هێزەكانی ناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەسەر دوو بەرەدا دابەش بوون، بەرەی دژ بە فەیاز بە سەرۆكایەتیی خەزعەلی و پشتیوانیی نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا و بەرەی لایەنگری فەیاز كە لە لایەن محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیران و چەند لایەنێكی تری ناو چوارچێوەكە پاڵپشتی دەكرێت.
بەم دواییە خەزعەلی لە لێدوانێكی تەلەڤزیۆنی راشكاوانە گوتی، ئەوەی فەیازی لە پۆستەكەی هێشتووەتەوە بێگومان خودا نییە، بگرە لایەنی سیاسی هەن كە بەهۆی بەرژەوەندییەكانیان دەیپارێزن و ئەم لێدوانەش قووڵیی كێشەكەی دەرخست، بەپێی شارەزایان هۆكاری سەرەكیی ململانێكە چەند شتێكە، لەوانە ترس لە كاریگەریی فەیاز لە هەڵبژاردندا، كاتێك خەزعەلی و مالیكی نیگەرانن لەوەی فەیاز پێگە و دەسەڵاتی خۆی لەناو حەشدی شەعبی، بەتایبەت دوای دامەزراندنی ژمارەیەكی زۆر لە پارێزگە سوننەكان بۆ بەدەستهێنانی دەنگ و پشتیوانیكردنی لیستی سوودانی لە هەڵبژاردنەكان بەكار بێنێت.
نزار حەیدەر شرۆڤەكاری سیاسی پێی وایە ئەوەی روودەدات شەڕ و ململانێی نێوان "پاسەوانی كۆن"ی سەركردە شیعەكان و "نەوەی نوێ"یە، كە بەدوای دەرفەتەوەن بۆ گرتنەدەستی جڵەوی دەسەڵات و گوتی، نەوەی نوێ هیچ رێگەیەكی لەپێشدا نەماوە بۆ لابردنی پاسەوانی كۆن، تەنیا لە رێگەی یەكترشكاندن و بڵاوكردنەوەی نهێنییەكانەوە نەبێت، چونكە رێگە یاساییەكان داخراون.
د. غازی فەیسەڵ سەرۆكی ناوەندی عێراقی بۆ لێكۆڵینەوەی ستراتیجی ئاماژە دەكات كە چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەتەواوەتی هەڵناوەشێتەوە، چونكە هاوپەیمانیەتێكی ئایدیۆلۆجی نییە، بەڵكو هاوپەیمانیەتێكی تەكتیكییە بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات، بۆیە پێشبینی دەكرێت دوای هەڵبژاردن بە هاوكێشە و رێككەوتنی نوێوە، جارێكی تر بۆ پێكهێنانی گەورەترین بارستە یەك بگرنەوە.
لەوكاتەی فەیسەڵ ئاماژە دەكات، توانای ئێران بۆ مسۆگەركردنی یەكڕیزیی لایەنەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی پاشەكشەی كردووە، بەتایبەت دوای شەڕی غەزەوە، راپۆرتێكی بەریتانی ئاماژە بەوە دەكات كە ململانێكە دوو بەرەی ستراتیجی لە ناو چوارچێوەكە دروست كردووە، بەرەی یەكەم خەزعەلی و مالیكی و عامریە كە خوازیاری پاراستنی هەژموونی باڵە نزیكەكانی ئێرانن و بەرەی دووەم سوودانی و فەیازە كە داوای هاوپەیمانیەتێكی هاوسەنگتر لە نێوان تاران و واشنتن دەكەن.