"بەغدا لەسەر حیسابی هەرێم خۆی بەهێز دەكات و ئەوەی دەیكات نایاسایی و نادەستوورییە"

:: PM:09:37:14/06/2025 ‌

لە ماوەی دوو ساڵی رابردوو بەغدا هیچ مانگێك مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی لە كاتی خۆی نەناردووە و هەموو مانگێك چەند هەفتەیەك دوای خستووە، چەند مانگێكیش بەشێك لە پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی بڕی، هاوكات چوار مووچەی لەو دوو ساڵەدا نەداوە، جیا لەوە پارەی پەرەپێدانی پارێزگاكانی هەرێم، كە ساڵانە سەتان ملیار دینارە، ئەوەشی بۆ هەرێم نەناردووە.

بەغدا لە پیادەكردنی سیاسەتێكی نایاسایی و نادەستووری لەگەڵ هەرێمی كوردستان بەردەوامە، لە مانگی چواری ساڵی 2023ەوە، هەناردەكردنی نەوتی هەرێم وەستاوە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم خراوەتە سەر بەغدا، بەڵام هیچكات پابەندنی ناردنی پارەی مووچەی فەرمانبەران نەبووە و یاسای بودجەش كە لایەنەكانی ناو پەرلەمانی عێراق دەنگیان لەسەر داوە، وەك خۆی جێبەجێی نەكردووە، بگرە چەند مووچەیەكی فەرمانبەرانی هەرێمیشی خواردووە.
 
نەجیبە نەجیب ئەندامی پێشووی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە "وشە"ی راگەیاند، ئەوەی بەغدا بەرانبەر بە هەرێمی كوردستان و مووچەی فەرمانبەرانی دەیكات، شتێكی نوێ نییە، نەك تەنیا ئەو دوو ساڵە، چەندین ساڵە بەغدا پشكی هەرێمی كوردستان كە لەیاسای بودجە دیاری كراوە، وەك خۆی رەوانەی هەرێمی كوردستان نەكردووە، مووچەی فەرمانبەرانی نەداوە و مووچەی لە كاتی خۆی نەناردووە، ساڵ هەبووە كەمترین پارەی بۆ هەرێم ناردووە بە بەراورد بەوەی كە لە یاسای بودجە دانراوە، واتە بەغدا پابەندبوونی نییە و شتێكی نەكردووە كە جێگەی باس بێت.

روونی كردووە، هەروەها بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان، كە ساڵانە لەناو پڕۆژەیاسای بودجە دیاری كراوە و دواتر دەبێتە یاسا، ئەویشی بۆ هەرێمی كوردستان نەناردووە، لە لایەك مووچە و قووتی خەڵكی كوردستان نادات، لە لایەكیش پارە بۆ پڕۆژە و وەبەرهێنان و پەرەپێدانی پارێزگاكان نانێرێت، واتە لە رووی ئابووریەوە ئابڵوقەی خستووەتە سەر هەرێم، ئامانجی بەغدا ئەوەیە كە هەرێم بخاتە قاڵبێكەوە لە رووی ئابووری و توانای هیچی نەبێت و چاویشی لەوە بێت مووچەی بۆ رەوانە بكرێت، بەغدا لە ساڵی 2014 بەو جۆرە مامەڵە دەكات، دەیەوێ لەسەر حیسابی هەرێمی كوردستان خۆی بەهێز بكات، ئەمەی بەغدا دەیكات نە یاساییە و نە دەستوورییە و نە ئەخلاقییە و نە شەرعییە، بۆیە زۆر گرنگە لەم كاتەدا هەرێم چاوەڕێی بەغدا نەكات و بە هەر جۆرێك بێت مووچە دابەش بكات، بۆ ئەوەی بەغدا پێی وانەبێ ئەگەر پارە نەنێڕێت ئیتر هەرێم بێ دەسەڵات و بەو شێوەیە چاوەڕێ دەكات. 

لای خۆیەوە حەسەن مارف مامۆستا لە سلێمانی، بۆ "وشە" ئاماژەی دا، لە ماوەی ساڵی رابردوو بەهۆی دواخستن و نەناردنی مووچە لە لایەن بەغداوە، فەرمانبەرانی هەرێم رووبەڕووی گرفت و كێشە بوونەوە و هیچ كاتێك نەبوو مووچە لە كاتی خۆیدا وەربگرن، بەڵكو هەموو مانگێك بە بیانووی جیاواز بەغدا مووچەی دوا دەخست، ئەو دوو ساڵە مووچە لای بەغدا بوو، مامۆستایان و فەرمانبەران بەردەوام خۆپێشاندان و گردبوونەوەیان كردووە، دوای داعش تا ساڵی 2023 فەرمانبەر و مامۆستا بەهۆی مووچەوە خۆپێشاندانی نەكردووە، ئەو دواخستنە بووە هۆكاری ئەوەی سێ مووچەی ساڵی رابردووتری فەرمانبەران بفەوتێت، ساڵی رابردووش مووچەیەك فەوتا. 

پێشتریش وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردەوە، سەرباری ئەوەی بەغدا مووچە و بژێویی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستانی بڕیوە، كە پێشێلكارییەكی ئاشكرای مافە سەرەتاییەكانی مرۆڤە و سیاسەتی برسیكردنی بەرنامە بۆ داڕێژراوە، بۆ جێبەجێكردنی جیاكارییەكان كە دژی دەستوورن و ئەوەش لە دڕندانەترین پێشێلكارییەكانە، لە 28ی ئایاری مانگی رابردوو بەغدا بڕیاری دا مووچە بۆ هەرێمی كوردستان نەنێرێت، بە هەمان شێوەی ساڵی 2024 كە مووچە و بودجەی هەرێمی كوردستان بڕدرا.

وشە/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل