وەزارەتی بازرگانی عێراق چەند ساڵێكە گرفتی بۆ جووتیارانی هەرێمی كوردستان دروست كردووە و ئەو گەنمەی كە بەرهەمی دێنن، هەمووی لە سایلۆكان وەرناگیرێت و لە هەر دۆنمێك چەند كیلۆیەك لە جووتیاران وەردەگیرێت، ئەوەش وا دەكات جووتیاران ئەو بڕە گەنمەی دەمێنێتەوە لە دەرەوەی سایلۆ بە بازرگانەكانی بفرۆشن و بەهۆیەوە تووشی زیان بن.
شاڵاو جەمال بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی پارێزگای سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، ئەمساڵ بۆ هەموو هەرێمی كوردستان 400 هەزار تۆن گەنم دیاری كراوە، هەر جووتیارێك بەپێی دۆنمی چێنراو لە سایلۆكان گەنمی لێ وەردەگیرێت، واتە هەموو بەرهەمەكەی لێ وەرناگرن، ئەو بڕەی دیاری كراوە بۆ هەر دۆنمێك 130 كیلۆ گەنمی لێ وەردەگیرێت.
خەسرەو جاف جووتیاری نمونەیی بە "وشە"ی گوت، ئەوەی بەغدا دەیكات ستەمە لە جووتیارانی هەرێمی كوردستان، بۆ شارەكانی خوار و ناوەڕست و جووتیارانی خۆیان هەرچەندە بەرهەم هەبێت لێیان وەردەگیرێت، بەڵام بۆ جووتیارانی هەرێمی كوردستان ئەو بڕەی دیاری كراوە بۆ دۆنمێك لەوە زیاتر وەرناگیرێت، جووتیار هەیە گەنمێكی زۆری لێ دەمێنێتەوە، دەبێت لە دەرەوە بیفرۆشێت بە بازرگانەكان بە نرخێكی كەم، ئەوەش زیانە بۆ جووتیار، لەكاتێكدا هەرێمی كوردستان ئەمساڵ لە بەرهەمی گەنم تا رادەیەكی باش بەرهەمی زۆر دەبێت.
لای خۆیەوە نام ئەترووشی بەڕێوەبەری سایلۆكانی دهۆك و زاخۆ بە "وشە"ی راگەیاند، پارساڵ 700 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان وەرگیرا و ئەمساڵ بۆ 400 هەزار تۆن كەم كرایەوە، چۆن بۆ ئێمە رەوانە بكرێت لەسەر ئەو بنەمایە ئێمە لە سنووری دهۆك و زاخۆ لە چوار سایلۆ وەردەگرین، كە ئەمساڵ لە دهۆك هەمووی 117 هەزار و 911 تۆن وەردەگرین، كە وەزارەتی كشتوكاڵ بۆ ئێمەی دیاری كردووە بۆ زاخۆ 38 هەزار تۆن و بۆ بەردەڕەش 24 هەزار تۆن و ئاكرێ 15 هەزار تۆن و بۆ شێخان 19 هەزار تۆن و سێمێل 13 هەزار و بۆ دهۆك چوار هەزار و 300 تۆن و بۆ ئامێدی دوو هەزار تۆن وەردەگرین.
روونی كردەوە، ئەمساڵ بەرهەمی گەنم لە پارێزگای دهۆك زۆر زیاترە و هەوڵەكانی سەرۆكی حكوومەت و نوێنەرانی كورد بەردەوامە بۆ زیادكردنی پشكی هەرێم، بەڵام لیژنەی 57 هەیە ئەوان رێژەكە دیاری دەكەن ئەمساڵ رێژەی هەرێمی كوردستان زۆر كەم بوو،÷ كە هێشتا دیار نەبوو جووتیارانی هەرێمی كوردستان چەند گەنم دەچێنن ئەوان رێژەیان دیاری كرد، ئەوەش لە چوارچێوەی ئەو ئابڵوقە ئابووریەی خراوەتە سەر هەرێم، بۆیە ئەوەی كراوە زیاتر بۆ مەرامی سیاسییە، چونكە پارساڵ گەنمی دهۆك كەمتر وەردەگیرا و رەوانەی مووسڵ دەكرا، كەچی ئەمساڵ ئەوەش قەدغە كراوە.
لای خۆیەوە عامر زەنگەنە بەڕێوەبەری سایلۆی روڤیا بە"وشە"ی گوت، راستە بەرهەمی گەنم لە سنووری شارۆكەی بەردەڕەش زۆر زیاترە لەوەی دیاری كراوە، بەڵام ئێمە لەو رێژەی بۆ ئێمە لە لایەن وەزارەتی كشتوكاڵ دیاری دەكرێت ناتوانین زیاتر وەرگرین، بۆیە ئەمساڵ بۆ بەردەڕەش 24 هەزار و 800 تۆن دیاری كراوە.
وشە/ هۆشیار و بڵند