هێرشی ئیسرائیل بۆ سه‌ر ئێران له ماوه‌ی دوو رۆژی رابردوودا، زیاتر بۆ سه‌ر ناوه‌نده ئه‌تۆمی و سوپای پاسداران و زانا ئه‌تۆمییه‌كانی ئه‌و وڵاته بووه و ئه‌گه‌ر ئێران زیاتر ده‌ست بكاته‌وه و زیان به ئیسرائیل بگه‌یه‌نێت، ئه‌وا پێشبینی ده‌كرێ ئیسرائیل ستراتیجیی جه‌نگ له لێدانی به‌رنامه‌ی ئه‌تۆمی و سوپای پاسداران بۆ لێدان له ژێرخانی ئابووریی ئێران بگۆڕێت. ئیسرائیل به چه‌ند هێرشێكی لاوه‌كی ئه‌و په‌یامه‌ی به به‌رپرسانی ئێران گه‌یاندووه.
دوێنێ شه‌موو ئیسرائیل چه‌ند دامه‌زراوه‌یه‌كی پێوه‌ست به نه‌وت و گازی كرده ئامانج، به‌ڵام به‌ئامانجگرتنه‌كه ته‌نیا بۆ گه‌یاندنی په‌یام بوو به به‌رپرسانی ئێران نه‌ك زیانگه‌یاندن به پڕۆژه‌كان، یه‌كێك له‌و پڕۆژانه پڕۆژه‌ی گازیی ''پارسی جنووب''ییه له پارێزگای بووشه‌هر كه به یه‌كێك له گرنگترین سه‌رچاوه‌كانی دابینكردنی گازی ئێران هه‌ژمار ده‌كرێت.
درۆنه‌كانی ئیسرائیل نزیك پڕۆژه‌كه‌یان كرده ئامانج و له دوای ئه‌و هه‌نگاوه‌ش بنیامین نه‌ته‌نیاهۆ په‌یامێكی بۆ به‌رپرسانی ئێران بڵاو كرده‌وه و هه‌ڕه‌شه‌كانی له رێگه‌ی په‌یامه‌كه‌وه نارد.
به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌میش له درێژه‌ی هێرشه‌كانی ئیسرائیل، پاڵاوگه‌ی نه‌وتی تاران كرایه ئامانج و به پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی میدیاكانی ئێران بڵاویان كردووه‌ته‌وه، ته‌نیا چه‌ند كۆگه‌یه‌كی سووته‌مه‌نی سووتاون و زیان به پڕۆژه‌ی سه‌ره‌كیی پاڵاوگه‌كه نه‌كه‌وتووه.
ئه‌گه‌ر ئیسرائیل توانای ئه‌وه‌ی هه‌بێت مووشه‌ك ره‌وانه‌ی ژووری نوستن له یه‌كێك له نهۆمه‌كانی باڵه‌خانه‌یه‌ك بكات و سه‌ركرده‌یه‌كی سه‌ربازی بكوژێت، ئه‌وا زۆر ئاسانتر ده‌توانێت له پاڵاوگه‌یه‌ك بدات كه له ئاسمانه‌وه به جوانی دیاره یان له پڕۆژه‌یه‌كی به‌رهه‌مهێنانی گاز بدات كه شوێنه‌كه‌ی ئاشكرایه و ته‌نانه‌ت ناتوانرێت بشارێته‌وه.
ئه‌گه‌ر ئیسرائیل له ناوه‌نده ئابوورییه‌كانی ئێران بدات، ئه‌وا ده‌توانێت له ماوه‌یه‌كی كورتدا كۆتایی به دابینكردنی كاره‌با و گازی سروشتی له ئێران بهێنێت كه پێداویستییه‌كی سه‌ره‌كیی خزمه‌تگوزارییه و له ئه‌گه‌ری نه‌مانی ئه‌و خزمه‌تگوزارییانه، قه‌یرانێكی گه‌وره‌ی ناوخۆیی به‌ربینگی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران ده‌گرێت.
جگه له ناوه‌نده‌كانی وزه، ناوه‌نده‌كانی به‌رهه‌مهێنان و كارگه‌كانی ئۆتۆمبێلسازی و پڕۆژه‌كانی پێترۆكیمیایی و پیشه‌سازیی ئاسن و ده‌یان ناوه‌ندی تری ئابووریی ئێران، له به‌رده‌م ئه‌وه‌دان له‌ناو ببرێن كه زیان و قه‌یرانه‌كان زۆر گه‌وره و فره‌ڕه‌هه‌ند ده‌بن.
له به‌ره‌به‌یانیی هه‌ینی 13ی حوزه‌یران، ئیسرائیل ده‌ستی به هێرشی ئاسمانی بۆ سه‌ر ئێران كرد و له رۆژی یه‌كه‌می ئه‌و جه‌نگه‌دا زیانێكی زۆری گیانی و مادی به ئێران گه‌یاند، ئێواره‌ی هه‌مان رۆژ ئێران وه‌ڵامی هێرشه‌كه‌ی دایه‌وه و هه‌رچه‌نده زۆربه‌ی مووشه‌كه‌كانی ئێران له ئاسمان ته‌قێنرانه‌وه، به‌ڵام ژماره‌یه‌ك مووشه‌ك كه‌وتنه خواره‌وه و به‌ر شوێنی نیشته‌جێبوون كه‌وتن.
گه‌ڕی دووه‌می هێرشه‌كان شه‌وه‌ی رابردوو له‌لایه‌ن ئێران درێژه‌ی پێ درا و دیسان ژماره‌یه‌ك له مووشه‌كه‌كانی ئێران زیانیان به شوێنی نیشته‌جێبوون له ئیسرائیل و باڵه‌خانه‌كان گه‌یاندووه.
به‌پێی دواین زانیارییه‌كانی میدیا فه‌رمییه‌كانی ئێران، 80 كه‌س له‌و وڵاته به‌هۆی هێرشه‌كانی ئیسرائیل كوژراون كه شه‌ش كه‌سیان له فه‌رمانده بالاكانی سوپا و نۆ كه‌سیان له زانا ئه‌تۆمییه‌كان بوون و سه‌رووی 300 كه‌سیش بریندار بوون. میدیاكانی ئیسرائیلیش ده‌ڵێن به‌هۆی مووشه‌كه‌كانی ئێران له رۆژی یه‌كه‌می هێرشه‌كه 80 ئیسرائیلی بریندار بوون كه سێ كه‌س له‌وانه به‌هۆی قورسیی برینه‌كانیان گیانیان له ده‌ست داوه. باس له‌وه ده‌كرێ به‌هۆی هێرشه‌كانی شه‌وی رابردووی ئێران سێ كه‌سی تر له ئیسرائیل كوژراون و ژماره‌یه‌كی تر بریندار بوون.