رەنگە میلیشیای عێراق خۆیان بۆ نەگیرێ‌.. ئێران ماندوو بووە؟

:: PM:03:31:15/06/2025 ‌
بەشێك لە چاودێرانی سیاسیی پێیان وایە ئێران لە دوو ڕۆژی رابردوودا، توانای ئیدارەدانی جەنگی نەماوە و پەنابردنی بۆ وڵاتانیش تا ناوەندگیری بكەن، گەورەترین بەڵگەیە لەسەر ئەو ڕاستییە. 

ڕۆژی 13ی حوزەیران بە دەسپێشخەریی ئیسرائیل، جەنگی نێوان ئێران و ئەو وڵاتە دەستی پێ كرد و تا ئێستە بەردەوامە، دوای ئەوەی بنكەی گرنگەكانی تاران بۆردمان كرا و دەیان پلەداری ئەو وڵاتە كوژران، ئێران بەچڕی وەڵامی دایەوە و چەند ناوەندێكی ئیسرائیلی كردە ئامانج. 

سەبری زیلان شارەزای كاروباری ئێران پێی وایە، ئەو جەنگە بۆ ئێران ماندووكەر دەبێت ئەگەر درێژە بكێشێ‌، چونكە روونە كە ئێران لە گۆڕەپانەكەدا بە تەنیا ماوەتەوە. 

ئەو بۆ "وشە" گوتی، لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە كە عێراق نەبێتە بەشێك لەو ململانێیەی لە ناوچەكەدا هەیە، هەرچەندە قورسە میلیشیاكانی عێراق تا كۆتایی ددان بەخۆیاندا بگرن و دەستوەردان نەكەن. 

لەلایەكی ترەوە پێڕەو ئەنوەری نووسەر نووسیویەتی، ئێران لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا یەكجار ماندوو بووە بەدەست جەنگەوە، دەستەبژێری سەربازی، دامەزراوە هەستیارەكان و پێگەكانی وزەی بەیەكەوە دەكرێنە ئامانج.

"ئەمڕۆ ئێران داوای هەریەك لە قەتەر، عەمان و قوبرس كردووە بۆ وەستانی جەنگ و ناوەندگیری، بەڵام ئیسرائیل سوورە لەسەر بەردەوامیدان بە جەنگ و یاری سفر دەكات، دەیەوێت بەڕێژەی 100 براوە بێت و رژێم بگۆڕێت"، پێڕەو ئەنوەر وای نووسیوە.

ئەو دەڵێ‌، ئێران ترسی لەم یارییە هەیە و نایەوێت ناسنامەی دەسەڵات و سیستمە سیاسییەكەی لە دەست بدات، تەنانەت ئەگەر پڕۆژە ئەتۆمییەكەشی لە دەست بدات، لە بەرانبەردا ئیسرائیل ئەم جەنگە بەدەرفەت دەزانێت و بە ئەڵقەیەكی گەورەی زنجیرە رووداوەكانی جەنگی حەوتی ئۆكتۆبەر دەبینێت.

ئەوەی پێوەستە بە ئەمەریكایش، دواین پێشهات ئەوەیە كە تەلەڤزیۆنی سی ئێن ئێن ئاشكرای كرد، شەوی رابردوو ستیڤ ویتكۆف نوێنەری تایبەتیی ترەمپ لەگەڵ عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران قسەی كردووە.

وەك ئاشكرایە بەر لەوەی ئیسرائیل هێرش بكاتە سەر ئێران، تاران و واشنتن لەسەر ئەوە رێككەوتبوون كە ئەمڕۆ یەكشەم گەڕی شەشەمی دانوستان بەڕێوە بەرن، بەڵام بەهۆی جەنگ ئەو كۆبوونەوەیە هەڵوەشایەوە.

بەگوێرەی سەرچاوەكە، لایەنی ئێرانی بە ویتكۆفی گوتووە، ئێستە نیازی دانوستان لەگەڵ ئەمەریكایان نییە و تەنانەت بەرپرسیارێتیی ئەو هێرشەی ئیسرائیلی خستووەتە پاڵ ئەمەریكا.

دیار نییە بە وردی ئەو دوو دیپلۆماتكارە چ زانیارییەكی تریان ئاڵوگۆڕ كردووە، بەڵام لەلایەكی ترەوە ئەڵمانیاش رای گەیاندووە كە لە پاڵ بەریتانیا و فڕەنسا، ئامادەییان دەربڕیوە تا دانوستانی بەپەلە لەبارەی پرسی ئەتۆمیی ئێران بە ئامانجی كەمكردنەوەی بارگرژییەكان دەست پێ بكەن.

جێی باسە ئێران و ئەمەریكا لە پرسی ئەتۆمی هێڵی سووریان بۆ یەكتر دیاری كردووە، ئەمەریكا داواكارە ئێران واز لە پیتاندنی یۆرانیۆم بهێنێت و ئێرانیش ئامادە نییە واز لە پیتاندن بهێنێت و ئەمە گرێكوێرەی دانوستانەكانی نێوان ئێران و ئەمەریكایە.

لە كاتی ئامادەكردنی ئەم راپۆرتەدا، هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بەشێوەیەكی چڕ بەردەوامە و چەندان ناوەند و فڕۆكەخانە كراونەتە ئامانج. 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم