ئیسرائیل تارانی ئاگرباران کرد

:: PM:05:07:15/06/2025 ‌
وەک پێشتر هەڕەشەی کردبوو، ئیسرائیل دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەم، زۆر بە خەستی تارانی کردووتە ئامانج و لە دەیان ناوەند و باڵەخانە و شوێنی سەربازیی داوە، دووکەڵ لە ئاسمانی تاران لە دەیان شوێن بەرز دەبێتەوە.

دەگوترێ کەم گەڕەکی تاران هەیە ئاگر و دووکەڵی لێ بەرز نەبێتەوە، ئیسرائیل ژمارەیەکی زۆر لە ناوەندە حکوومییەکانی کردووەتە ئامانجی هێرشی ئاسمانی.

باڵەخانەی وەزارەتی ئیتڵاعات لە نزیک گەڕەکی خاجێ عەبدوڵا، دەوروبەری وەزارەتی ناوخۆی ئێران لە گۆڕەپانی فاتمی، باڵەخانەی فەرماندەیی پۆلیسی تاران لە شەقامی پۆلیس، ناوەندی چاککردنەوەی فڕۆکە لە نزیک گەڕەکی ئێکبەتان و باڵەخانەی وەزارەتی نەوت بەشێکن لەو شوێنانەی کراونەتە ئامانج.

هەر لە تاران ناوەندی فەرماندەیی هێزی ئاسمانیی ئێران لە ناوچەی 13ی رۆژهەڵاتی تاران، ناوەندی سەرەکیی هێزی دەریاوانی و پشت هۆتێل سپیناس لە فولکەی کەشاوەرز کراونەتە ئامانج و ژمارەیەک تەقینەوەش لە دەوروبەری نیاوەران، گەڕەکی هاشمی، پیروزی، گۆڕەپانی نارمەک، گەڕەکی سەهروەردی، دەوروبەری گۆڕەپانی وەلیعەسر، فڕۆکەخانەی خومەینی و مێهرئاباد، بەهارستان، گەڕەکی جومهوری و نزیک گەڕەکی بوستانی ویلایەت لە باشووری تاران روویان داوە.

باس لەوە دەکرێ، ترس و دڵەراوکێیەکی زۆر لەناو خەڵکی تاران بڵاو بووەتەوە، خەڵک لە ترسا هەوڵی راکردن لە شارەکە دەدەن.

ئەو هێرشانە دوای ئەوە دێن، کە وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دوای كۆبوونه‌وه‌ی لەگەڵ وەزیری دەرەوە و سه‌رۆكی ده‌زگای هه‌واڵگریی مۆساد و سوپاسالاری ئیسرائیل و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌فسه‌رانی باڵای وڵاته‌كه‌، باسی له‌وه‌ كرد، كه‌ گورزی کاریگەر لە دژی ئێران دەوەشێنن و ئەوەی کراوە بەشێکی کەم بووە لە پلانی هێرش.

ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ ئێران كردبوو، كه‌ گورزه‌كانیان بۆ سه‌ر سه‌ری ماره‌كه‌یه‌ و پێست له‌ له‌شی مار جیا ده‌كه‌نه‌وه‌، گوڕی هێرشه‌كانیان زۆر به‌هێزه‌.

وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل له‌ هۆشدارییه‌كی به‌په‌له‌دا، کە بە زمانی فارسی نووسیبووی؛ داوای له‌ خه‌ڵكی ئێران كردبوو، خۆیان له‌ هێرشه‌كانی ئیسرائیل بپارێزن، چ ئێستە و چ لە داهاتوودا لە‌ كۆمه‌ڵێك شوێن دوور بكه‌ونه‌وه‌ كه‌ ده‌كرێنه‌ ئامانج.

لە‌ به‌ره‌به‌یانیی هه‌ینی، 13ی حوزه‌یرانی 2025، ئیسرائیل ده‌ستی به‌ هێرشی ئاسمانی بۆ سه‌ر ئێران كرد، له‌ رۆژی یه‌كه‌می ئه‌و جه‌نگه‌دا زیانێكی زۆری گیانی و مادی به‌ ئێران گه‌یاند، ئێواره‌ی هه‌مان رۆژ ئێران وه‌ڵامی هێرشه‌كه‌ی دایه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ زۆربه‌ی مووشه‌كه‌كانی ئێران له‌ ئاسمان ته‌قێنرانه‌وه‌، به‌ڵام ژماره‌یه‌ك مووشه‌ك كه‌وتنه‌ خواره‌وه‌ و به‌ر شوێنی نیشته‌جێبوون كه‌وتن.
  
به‌پێی دواین زانیارییه‌كانی میدیا فه‌رمییه‌كانی ئێران، 80 كه‌س كوژراون كه‌ ژماره‌یه‌كیان له‌ فه‌رمانده‌ باڵاكانی سوپای پاسداران بوون، ژماره‌یه‌كی تریان له‌ زانا ئه‌تۆمییه‌كان و سه‌رووی 800 كه‌سیش بریندار بوون. له‌ ئیسرائیلیش به‌هۆی مووشه‌كه‌كانی ئێران، 80 ئیسرائیلی تا ئێسته‌ بریندار بوون كه‌ سێ كه‌س له‌وانه‌ به‌هۆی قورسیی برینه‌كانیان گیانیان له‌ده‌ست داوه‌.

هێشتا دیار نییە بەهۆی هێرشەکانی ئەمڕۆی ئیسرائیل لە تاران و پارێزگاکانی تر، چ ژمارەیەک گیانیان لەدەست داوە.


وشە - سلێمان تاشان