شەڕی ئیسرائیل و ئێران چۆن كار لە ئابووریی عێراق دەكات؟

:: PM:06:49:18/06/2025 ‌

بەر لە و شەڕەی دوایی عێراق بەدەست تەنگژەیەكی قووڵی دارایی و ئابووریدا تێپەڕ دەبوو و تا ئێستە خشتە داراییەكانی بودجەی 2025ی رەوانەی پەرلەمان نەكراوە، بەهۆی نزیكیی شەڕەكە و ئەگەری پەلهاوێشتنی بۆ ناو عێراق، كاریگەریی شەڕەكە، بەتایبەتی لە رووی ئابووری و داراییەوە زۆرە، شارەزایەكی ئابووری پێی وایە عێراق بەهۆی پێگە جوگرافییەكەی و پشتبەستنی نیوچە تەواوەتی بە نەوت و بوونی بە بەشێك لە تۆڕێكی هەستیار لە ناوچەكە، ناتوانێت خۆی لە كاریگەرییەكانی ئەو شەڕە بەدوور بگرێت.

نەوار سەعدی مامۆستای ئابووریی نێودەوڵەتی دەڵێت، ئەگەر عێراق راستەوخۆی نەچێتە ناو شەڕەكەوە، بەڵام كاریگەرییە ئابوورییەكان لەسەری زۆرن، ئەوەش بەهۆی پێگەی جوگرافی و پشتبەستنی تا ئاستێكی زۆر بە داهاتی فرۆشتنی نەوت و بوونی بە بەشێك لە تۆڕێكی هەستیار لە ناوچەكە، بۆیە ناتوانێت خۆی لە كاریگەرییەكانی ئەو شەڕە بەدوور بگرێت.

روونی كردەوە، تا ئێستە دەتوانرێت سێ زیانی راستەوخۆی ئابووریی شەڕەكە لەسەر عێراق دیاری بكرێت، یەكەم هەڵكشانی نرخی دۆلار لە بازاڕەكانی عێراق، بەهۆی نیگەرانی و ترس لە فرەوانبوونی بازنەی شەڕەكە و كارتێكردنی لە بازاڕی نەوت و داهاتی دەوڵەت، ئەو بەرزبوونەوەش نرخی كاڵاكان زیاتر دەكات و گوشاری هەڵاوسان لەسەر شانی هاووڵاتییان زیاتر دەكات.

سەعدی دووپاتی كردەوە، دووەم كاریگەری وەستان و چەقبەستنی بازاڕە، لەسەر ئاستی وەبەرهێنان و ئاڵوگۆڕی بازرگانی، بەوەش پلانە ئابوورییەكان و سەرمایە پەك دەخات و وەبەرهێنەران لە عێراق و ناوچەكە دوور دەخاتەوە، سێیەمیش گرانبوونی نرخی مادە خۆراكییەكان بەهۆی نیگەرانی لە پەككەوتنی هاوردەكردن و ئەو دەنگۆیەی بازرگانان بڵاوی دەكەنەوە یان قۆرخكاری كە روو دەدات، ئەوەش كاریگەرییەكی راستەوخۆی كۆمەڵایەتی دەبێت، بەتایبەتی بەهۆی پشتبەستن بە هاوردەكردنی زۆرینەی مادە خۆراكی و كاڵاكان لە دەرەوە.

ئەو شارەزایە وریایی لە زیادبوونی كاریگەرییەكان بەهۆی پەرەسەندنی زیاتری دۆخەكە دەدات، بەتایبەتی بەهۆی داخرانی گەرووی هورمز كە نەوتی عێراق زۆرینەی بەوێدا تێپەڕ دەبێت،  جیا لە كاریگەرییە تەناهی و سیاسییەكان، ئەگەر بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا بێتە بۆردمانكردن، بۆیە مەترسییەكی گەورە لەسەر ئابووریی عێراق لە كاتی بەردەوامبوونی شەڕەكە هەیە و ئابوورییەكەی مەترسیی پەككەوتنی لەسەرە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل