"بە سەركەوتنی هێرشەكەی ئیسرائیل باڵەكانی ئێران لە ناوچەكە دەبڕێت"

:: PM:06:02:21/06/2025 ‌

ئیسرائیل هەر لە كاتی هێرشەكەی بزووتنەوەی حەماس ئێرانی بە پلاندانە و پاڵپشتیكاری هێرشەكە تۆمەتبار كرد، ئەو بە هەنگاو لە ئێران نزیك بووەوە، گوزرێكی گەورەی لە حەماس و حزبوڵای لبنانی و رژێمی بەشار ئەسەد و حوسییەكانی یەمەن دا، دوای كپكردنی میلیشیا شیعەكانی عێراق، خۆی گەیاندە ئاسمانی ئێران و لە هەینی رابردووەوە ئاسمانی ئەو وڵاتەی كۆنترۆڵ كردووە و گورزی گەورەی لێ دەوەشتێنێت، راپۆرتەكان ئاماژە دەكەن كە سەركەوتنی هێرشەكەی ئیسرائیل واتە لەناوچوونی گوڕ و هێز و شكۆی میلیشیاكانیشە.

وەك لە راپۆرتێكدا هاتووە، دوای زنجیرەیەك لێدانی بە ئازار كە لە مانگەكانی رابردوودا لەسەر دەستی ئیسرائیل تووشی هاتنەوە، ئێستە میلیشیا شیعەكان توانای دەستپێشخەرییان لەدەست داوە، بە شێوەیەكی كردەیی كۆتایی بە توانا و كاریگەرییان هێنا، دوای ئەوەی لە قۆناغەكانی پێشوودا هەڕەشەیەكی ڕاستەقینەیان بۆ سەر ئیسرائیل دروست كردبوو.

بەپێی شارەزایان، داڕمانی نەخشەی هەژموونی ئێران لە ناوچەكە، یەكێك دەبێت لە دیارترین گۆڕانكارییە سیاسی و سەربازییەكان كە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەخۆیەوەی دەبینێت، ئەوەش لەكاتێكدایە كە باس لە جووڵەیەكی چاوەڕوانكراوی سەربازی كە میلیشیا شیعەكانی عێراق دەكرێت بە بەشداریی ئەمریكا، هاوتەریب لەگەڵ جووڵەیەكی نێودەوڵەتی بۆ كۆتاهێنان بە هەڕەشەی حوسییەكان لە یەمەن، دوای ئەوەی تواناكانی حزبوڵا لاواز كران و جبەخانەكانی وێران بوون، جیا لەوەی بەسەر بزووتنەوەی حەماسدا هات لە دوای هێرشەكەی 7ی ئۆكتۆبەری 2023.

خالید عزی مامۆستای پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان لە زانكۆی لبنانی لە بەیرووت، دووپات لەوە دەكاتەوە كە قۆناغی دوای هێرشەكانی ئیسرائیل وەك پێشوو نابێت، ئاماژە بەوەش دەكات كە نەخشەی هەژموونی ئێران بە شێوەیەكی بەرچاو پاشەكشە دەكات، لە كاتێكدا تاران ئەو باڵانەی لەدەست داوە كە هەمیشە وەك ئامرازی هەژموونی هەرێمی بەكاری دەهێنان.

ئاماژەی كرد، تاران بەدرێژایی ساڵانێك خۆی وەك سەركردەیەك نیشان داوە كە بە باڵەكانی لە ناوچەكە دەورە دراوە و لە كاتی هەر هەڕەشەیەك ئەوان بەرگری لێ دەكەن، بەڵام ئەوان لە ماوەی دوو ساڵی رابردوو لە چوارچێوەی پلانێكی ئیسرائیلی بە پشتیوانیی ئەمەریكا گورزی كوشندەیان بەر كەوتووە، ئەمەش بووەتە هۆی داخورانی وردە وردەی هەژموونی ئێران لە عێراقەوە تا لبنان و سووریا و یەمەن.

ئەو مامۆستایە زیاتر گوتی، تەلئەبیب ستراتیجییەتێكی وردی پێڕەو كردووە بۆ داماڵینی باڵەكانی ئێران لە تواناكانیان، پێش ئەوەی راستەوخۆ دەست بە ئامانجگرتنی ناوخۆی ئێران بكات، لەم چوارچێوەیەدا كۆگەی مووشەك و درۆنەكانیان و ئامرازەكانی هەڕەشە وردە وردە لە ناوەڕۆكەكەیان بەتاڵ كراونەتەوە، لێدانە بە ئازارەكان بۆ حزبوڵا و حوسییەكان و حەماس، سەرەڕای دوودڵیی میلیشیا عێراقییەكان لە جووڵەكردن لە ترسی تووشبوون بە هێرشی هاوشێوە، ئەوە پشتڕاست دەكەنەوە كە تاران چیتر كارتی یارییەكانی پێشووی بەدەستەوە نەماوە.

دووپاتی كردەوە، دوای ئەوەی دەركەوت كە چیتر باڵەكانی ئێران ناتوانن پشتیوانی پێشكەش بكەن، تاران ناچار بووە پشت بە مووشەك و هاوپەیمانیەتی لەگەڵ هەندێك وڵات ببەستێت بۆ سووككردنی تەنگژەكەی سەری، كە ئەم بژاردەش باجەكەی گران دەبێت، لەپێش هەموویانەوە لەدەستدانی یەكجارەكیی ئەو باڵانە دوای لاوازكردنیان.

 لای خۆیەوە شاكر دامۆنی شارەزا لە كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێی وایە ئەگەر هێرشەكانی ئیسرائیل بەردەوام بن و ئامانجەكانیان بپێكن، ئەوا بە تەواوی كۆتایی بە رۆڵی سیاسی و سەربازییانەی میلیشیاكانی ئێران لە ناوچەكە دێنن، تەنانەت ئەگەر رێككەوتنێكی ئەتۆمیی نوێش لە نێوان واشنتۆن و تاراندا بكرێت.

روونی كردەوە، رەنگە ئەمەریكا هەڵوەشاندنەوەی ئەو باڵانە وەك بەشێك لە مەرجەكانی هەر رێككەوتنێكی نوێ لەگەڵ ئێران دابنێت، ئەوەش تاران ناچار دەكات دەستبەرداریان بێت، یان بۆ رووبەڕووبوونەوەی چارەنووسی خۆیان جێیان بێڵێت، چونكە خەریكە ئێران وای دەبینێت كە تێچووی هێشتنەوەی ئەم باڵانە لەو قازانجە سیاسی و سەربازییەی كە هەیانە زیاتر بووە.

ئەو شارەزایە دەڵێت، ئێران پێشبینیی داڕمانی سیستمە هەرێمییەكەی بەم خێراییە و بەم توندییە نەدەكرد، گوتی، نەهێشتنی هەژموونی ئێران لە لبنان و یەمەن و عێراق پێویستیی بە پرۆسەیەكی پاككردنەوەی نێودەوڵەتیی گشتگیر هەیە، كە راستەوخۆ پێوەستە بە رووبەڕووبوونەوەی ئێستەی نێوان ئێران و ئیسرائیلەوە، ئەوەش لەكاتێكدایە كە هێزە ناوخۆییەكان لەناو ئەم وڵاتانەدا كە پێشتر لە لایەن میلیشیاكانەوە زیانیان بەر كەوتووە، سەرهەڵدەدەنەوە و هەوڵی رێگریكردن لە هەر هەوڵێك بۆ زیندووكردنەوەیان دەدەن.

دامۆنی ئاماژەی كرد، ئیسرائیل لەم قۆناغەدا بە زیرەكی مامەڵەی كردووە، چونكە سوور بووە لەسەر لاوازكردنی باڵەكانی پێش چوونە ناو رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆی تاران، ئەمەش زەوینە بۆ قۆناغێكی نوێی ململانێ خۆش دەكات، كە ناونیشانە سەرەكییەكەی لەناوبردنی میلیشیا عێراقییەكان دەبێت بە پشتیوانیی ئەمەریكا، دواتریش قۆناغێكی گشتگیرتر بۆ ریشەكێشكردنی حوسییەكان لە یەمەن، لە چوارچێوەی جووڵەیەكی نێودەوڵەتیی فراوانتردا.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل