مۆڵەتەکەی ترەمپ: دوو هەفتە بۆ دیپلۆماسی یان جەنگ؟ عێراق چاوەڕێی چارەنووسێکی نادیار دەکات

:: PM:11:46:21/06/2025 ‌
لەکاتێکدا پەرەسەندنەکان لەنێوان ئێران و ئیسرائیلدا گەیشتوونەتە لووتکە، بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، بۆ دیاریکردنی مۆڵەتێکی دوو هەفتەیی بۆ بڕیاردان لەسەر دەستوەردانی ڕاستەوخۆ، ناوچەکەی خستووەتە دۆخێکی چاوەڕوانییەوە. لە کاتێکدا هەندێک ئەمە بە "دوا دەلاقەی دیپلۆماسی" دەزانن، هەندێکی تر وەک ئامادەکارییەکی کۆتایی بۆ گورزێکی سەربازیی وێرانکەر لێکی دەدەنەوە. لەم نێوەندەدا، عێراق بە دڵەڕاوکێوە چاودێریی ڕووداوەکان دەکات، چونکە دەزانێت هەر ئەگەرێک ڕووبدات، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەری دەبێت.

دوو ڕێگا لە بەردەم ئێراندا

بەپێی شیکارییەکان ترەمپ دوو ڕێگای لە بەردەم ئێران داناوە کە سێیەمی نییە: یان دانوستان و قبووڵکردنی مەرجەکانی ئەمەریکا بۆ پاراستنی ڕژێمەکەی، یان ڕووبەڕووبوونەوەی بژاردەی سەربازی.

ڕێگای یەکەم "دیپلۆماسی": ئەم مۆڵەتە وەک دەرفەتێک سەیر دەکرێت بۆ ئێران تا بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ، بەتایبەت لەژێر فشاری نێوەندگیریی وڵاتانی وەک سعوودیە، عومان و وڵاتانی ئەوروپا. بەڵام لایەنی ئێرانی پێی وایە ئەم شێوازە "دیاریکردنی مۆڵەت"ـە، کێشەکان قوڵتر دەکاتەوە نەک چارەسەریان بکات، چونکە ئەمەریکا داوای پابەندبوون دەکات بێ ئەوەی باسی داواکارییە سەرەکییەکانی تاران بکات، کە بریتییە لە هەڵگرتنی یەکجارەکیی سزاکان و وەرگرتنی گەرەنتیی ئەمنی.

ڕێگای دووەم (سەربازی): لە بەرانبەردا، ئاماژەکان هەموو بەرەو ئامادەکاریی سەربازی دەچن. جوڵەپێکردنی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "نیمیتز" و بۆمبهاوێژەکانی B2، دووپاتکردنەوەی رژدبوونی هەڕەشەکەیە. پلانی ئەمەریکا ئەوەیە کە ئەگەر ئێران "بەبێ مەرج خۆی ڕادەست نەکات"، لە ماوەی ئەم دوو هەفتەیەدا ئامادەکارییە سەربازییەکان تەواو بکرێن بۆ چوونە ناو جەنگەکەوە.

عێراق، گەورەترین زیانمەند

لەکاتێکدا هەموو ناوچەکە لە دۆخی ئامادەباشیدایە بەهۆی مەترسییەکانی وەک زیانی ژینگەیی دامەزراوە ئەتۆمییەکان و داخرانی گەرووی هورمز، دۆخی عێراق "تایبەتمەندیی" خۆی هەیە و مەترسییەکانی لەسەری زۆر گەورەترن.

بەپێی دکتۆر ئیحسان شەممەری سەرۆکی ناوەندی بیرکردنەوەی سیاسی، هۆکارەکە بوونی ئەو گرووپە چەکدارانەیە کە ڕایانگەیاندووە ئەگەر ئەمەریکا دەستوەردان بکات و ڕژێمی ئێران یان ڕێبەرەکەی بکاتە ئامانج، ئەوانیش ڕاستەوخۆ دەچنە ناو جەنگەکەوە.

ئەمە وا دەکات كە هەر ڕێککەوتنێکی ناوخۆیی لەنێوان گرووپە چەكدارەكانی و چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەیە، کە وەک "ڕێککەوتنێکی ناسک" وەسف دەکرێت، لە یەکەم ساتی دەستوەردانی ئەمەریکادا هەڵبوەشێتەوە.

شەممەری هۆشداری دەدات و دەڵێت: "ئەگەر ئەم سیناریۆیە ڕووبدات، عێراق دەبێتە گەورەترین زیانمەند، چونکە ناسکترین وڵاتی ناوچەکەیە و هەمیشە بۆ یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکان بەکارهێنراوە. لەو کاتەدا هیچ توانایەک بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخی ناوخۆیی نامێنێت و عێراق خۆی لە بەردەم دەرگای ڕۆژهەڵاتێکی ناوەڕاستی نوێدا دەبینێتەوە."


وشە - پۆڵا مەحموود