ئێران دەتوانێت چی بكات؟

:: PM:07:03:23/06/2025 ‌

ئێستە ئێران رووبەڕووی هێرشە ئاسمانییەكانی ئیسرائیل و ئەگەری هێرشی بەهێزتری ئەمەریكا لەوەی دوێنێ ئەنجامی دا دەبێتەوە، ئەو وەك هەموو جارێك بەڵێنی تۆڵەكردنەوەی داوە، رەنگە ئەو پرسیارە بكرێت ئاخۆ دەتوانێت چی بكات؟، شارەزایان باسی سێ سیناریۆ دەكەن، داخستنی هەردوو گەرووی هورمز و بابولمەندەب و هێرشكردنە سەر بنكە سەربازی و بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكە، لە لایەن خۆی یان میلیشیاكانییەوە یان بەیەكەوە، بەڵام دەتوانێت ئەوە بكات؟

وەك هەموو جارێك ئەمەریكا چاوەڕوانی وەڵامدانەوەیەكی كۆنترۆڵكراوی ئێران دەكات، كە كەمترین زیان بگەیەنێت و شەمەرزاری لەسەر تاران لابدات، بەوەی تۆڵەی خۆی كردووەتەوە، ئەو وەڵامدانەوەش ئەمشەو یان سبەی دەبێت، جیا لە ئەگەری داخستنی كاتیی گەرووی هورمز بۆ هەمان مەبەست، پێشبینیی ئەوەش هەیە حوسییەكانی یەمەن لە داخستنی گەرووی بابولمەندەب تێوەبگلێنێت و بۆ لابردنی تەركیز لەسەر خۆی ئەوان دووچاری شەڕێكی تر بكات.

شارەزایانی سەربازی و سیاسی پێیان وایە ئەگەر ئێران بڕیاری پەرەسەندنی زیاتری دۆخەكەی دا و هێرشی كردە سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكە، واتە كردنەوەی دەرگە بە رووی شەڕێكی ناهاوتا لەگەڵ ئەمەریكییەكان و دانی هەلێك بۆ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بۆ لێدانی زیاتری ئێران و لێكهەڵوەشانەوەی هێزە سەربازی و ئەتۆمییەكەی، بە لۆجیكی هاوسەنگیی هێزیش لەو شەڕە ئێران دۆڕاو دەردەچێت. 

شارەزایان پێیان وایە كردنەئامانجی بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكە واتە بەنەیاریكردنی وڵاتانی كەنداو و پاڵنانیانە بەرەو بەرەی ئەمەریكا، ئەو كارەش كاریگەری لە داهاتوو و دابڕانی زیاتری ئێران دەبێت، بەڵام ئەگەر ئێران پاشگەز بووەوە و بە ئاگربەست رازی بوو، زۆر لاواز دەبێت و بەرنامە ئەتۆمییەكەی پەك دەخرێت و هێزی سەربازی و توانای گفتوگۆكردنی بۆ سووككردنی سزاكانی سەری كەم دەبێتەوە، بەگشتی وێنەی ئێران وەك یاریزانێكی بەهێز و كاریگەری ناوچەكە زیانی پێ دەگات و متمانەی لای باڵ و لایەنگرانی لە بەرەی موقاوەكە لەدەست دەدات.   

ئەندریاس كریگ شارەزا لە كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وای دەبینێت كە ئێران هەوڵی بۆ وەوڵامدانەوەیەكی تاوتوێكراو و ئەوەندە فرەوان دەدات كە ببیسترێت، بەڵام حسێبكراو بە وردی بۆ رێگرتن لە پەرەسەندنی شەڕەكە.

لای خۆیەوە مایكل هۆرفیتز شرۆڤەكاری تەناهی لەباسی بژارەكانی بەردەم ئێران گوتی، رەنگە كەشتییە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكە بكاتە ئامانج یان گەرووی هورمز دابخات، كە شادەماری سەرەكیی بازرگانی نەوتە لە دنیا، یان هێرش بكاتە سەر دامەزراوە نەوتییەكان لە كەنداو، لەو وڵاتانەی بنكەی سەربازیی ئەمەریكایان تیادایە.

بەڵام ئاماژەی كرد كە ئەو بژارانە نابنە دەستكەوتی كردەنی بۆ ئێران، بۆیە پێشبینی دەكرێت وەڵامدانەوەی ئێران لە تەنیا پاراستنی ئابڕوو و نەهێشتنی شەرمەزاری نزیكتر بێت، چونكە مەترسییەكانی دۆخەكە گەورەن، بۆیە نزیكترین سیناریۆی پێشبینیكراو وەڵامدانەوەیەكی رەمزی و شێوەییە بۆ ئەمەریكا و دوای ئەوە هێرشەكانی لە دژی ئیسرائیل توندتر دەكات، بەر لەوەی دواتر بچێتەوە ناو گفتوگۆ.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل