ئه‌و كارتانه‌ى حه‌شدى شه‌عبى بۆ وه‌رگرتنى مووچه به‌كاریان ده‌هێنێ، هیچ یه‌كێكیان كار ناكه‌ن. به‌رپرسى حه‌شدى شه‌عبى به فه‌رمى ده‌ڵێ، "مووچه‌كان له بانكى رافیده‌ینه‌وه بۆ بانكى نه‌هره‌ین ده‌گوازینه‌وه". كه‌چى فه‌رمانده‌كانى حه‌شدى شه‌عبى و په‌رله‌مانتارانى نزیك له حه‌شد ده‌ڵێن، "به گوشارى ئه‌مه‌ریكا مووچه‌كانمان راگیراوه".
چه‌ند رۆژێكه مووچه‌ى میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبى وه‌ستاوه، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م 29ى حوزه‌یران،
حوسێن ئیسماعیل به‌ڕێوه‌به‌رى فه‌رمانگه‌ى دارایى و كارگێڕى له ده‌سته‌ى حه‌شدى شه‌عبى، ئاشكراى كرووه كه له ناوه‌ڕاستى ئه‌م هه‌فته‌یه ده‌ست به پێدانى مووچه‌كانیان ده‌كرێت. حوسێن ئیسماعیل ده‌ڵێ، "چه‌ندان كارتى بانكیى نوێ چاپ كراون، بۆ ئه‌وه‌ى مووچه‌كان له برى بانكى رافیده‌ین له بانكى نه‌هره‌ین وه‌ربگیرێت".
ئێسته‌یش كاتێك مووچه‌ى حه‌شدى شه‌عبى راگیراوه، به‌رپرسانى حه‌شد راشكاوانه ده‌ڵێن، "پێوه‌ندى به گوشاره‌كانى ئه‌مه‌ریكاوه هه‌یه، له‌وانه مه‌یسه‌م زه‌یدى فه‌رمانده‌ى میلیشیاكانى فه‌یله‌ق عه‌باس ده‌ڵێ، "وه‌زاره‌تى گه‌نجینه‌ى ئه‌مه‌ریكا به كۆمپانیاى ته‌وتینى مووچه‌ى حه‌شدى شه‌عبى راگه‌یاندووه، پێویسته له پرۆسه‌كه بكشێته‌وه، ئه‌گه‌رنا رووبه‌ڕووى سزاكانى ئه‌مه‌ریكا ده‌بێته‌وه".
زه‌یدى ده‌شڵێ، "كۆمپانیاكه به بانكى رافیده‌ین و ده‌سته‌ى حه‌شدى شه‌عبیى راگه‌یاندووه، له دۆسیه‌كه ده‌كشێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ى خۆى له بابه‌ته‌كه به‌دوور بگرێت، كه‌سانى پێوه‌ندیدار به كارگێڕى و دارایى هه‌وڵ ده‌ده‌ن زوو كێشه‌كه چاره‌سه‌ر بكه‌ن". ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌ى حه‌شدى شه‌عبى دووپاتى ده‌كاته‌وه، پاره‌كه ته‌رخان كراوه، به‌ڵام خه‌رجكردنه‌كه كێشه‌ى تێكه‌وتووه، چونكه هه‌ر كۆمپانیایه‌ك ئه‌و كاره بكات، ئه‌وا رووبه‌ڕووى سزاكانى ئه‌مه‌ریكا ده‌بێته‌وه.
عوده‌ى عه‌واد ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى عێراق، له لێدوانێكى رۆژنامه‌وانى ئاشكراى ده‌كات، وه‌زاره‌تى دارایى عێراق مووچه‌ى حه‌شدى خه‌رج كردووه، به‌ڵام "كى كارد" ناخوێنێته‌وه. روونیشى كردووه‌ته‌وه وه‌زاره‌تى دارایى و بانكه‌كان به‌په‌له كۆ ده‌بنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ى چاره‌سه‌رى ئه‌و كێشه‌یه بكه‌ن، پێشنیاریش كراوه به "ده‌ست" مووچه‌كانیان پێ بدرێت.
ماڵپه‌ڕى
شه‌فه‌ق نیوز له راپۆرتێكدا باس له‌وه ده‌كات، به‌شێكى كه‌م له مووچه‌ى حه‌شدى شه‌عبى بڕاوه، به‌ڵام دواتر له‌ناكاو وه‌ستاوه، سه‌ره‌تا گوتوویانه كێشه‌یه‌كى "ته‌كنیكى"ی هه‌یه. كه‌چى مسته‌فا سه‌نه‌د كه په‌رله‌مانتارێكى سه‌ربه میلیشیاكان و له راگه‌یه‌نراوه‌كانى ئه‌مه‌ریكا به "تیرۆریست" ناوى هاتووه، له لێدوانێكى رۆژنامه‌وانى ده‌ڵێ، "به ده‌ستوه‌ردانى ده‌ره‌كى مووچه‌ى حه‌شد راگیراوه، سه‌ره‌تا كارته‌كانیان كارى ده‌كرد و داواتر راگیراوه".
موعین كازمى په‌رله‌مانتاریش لێدوانى له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته داوه و دووپاتى كردووه‌ته‌وه، ئه‌وان به هه‌موو شێوه‌یه‌ك ده‌ستوه‌ردان له مووچه‌ى حه‌شدى شه‌عبى ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا باسى له‌وه كردووه ئه‌گه‌ر كێشه‌كه ته‌كنیكى بێت، ئه‌وا له ماوه‌ى چه‌ند سه‌عاتى داهاتوودا كێشه‌كه چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ن.
له‌باره‌ی هه‌ڵوێستى حكوومه‌ت كازمى ده‌ڵێ، "ئێمه به‌رده‌وام له پێوه‌ندیداین له‌گه‌ڵ حكوومه‌ت، حكوومه‌تیش دووپاتى ده‌كاته‌وه، هیچ شتێك به ئه‌نقه‌ست رووى نه‌داوه، ته‌نیا كێشه‌یه‌كى ته‌كنیكییه". له‌سه‌ر هه‌مان بابه‌ت
محه‌مه‌د دلێمى له هاوپه‌یمانى ئه‌نبار، له لێدوانێكى رۆژنامه‌وانى باسى له‌وه كردووه، ئه‌مه‌ریكا داواى له هه‌موو كۆمپانیاكان كردووه، كارتى پێدانى مووچه‌ى حه‌شد رابگرن.
له سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵه‌وه له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌كاربوونى حكوومه‌تى نوێى تره‌مپ، ئه‌مه‌ریكا داوا له حكوومه‌تى عێراق ده‌كات گوشار بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى حه‌شدى شه‌عبى بكات، به‌ڵام سوودانى سه‌رۆكى
حكوومه‌تى عێراق له هه‌وڵه‌كانى سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه. حه‌شدى شه‌عبى كه بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى هێرشه‌كانى داعش له 2014 دامه‌زراوه، ئه‌مه‌ریكا و چه‌ندان وڵاتى تر مانه‌وه‌ى بۆ ئێسته به پێویست نازانن و ته‌نانه‌ت حه‌شد به‌وه تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن، بووه‌ته دارده‌ستى ئێران.
له‌باره‌ی چاره‌سه‌ركردنى مووچه‌كانیشیان سه‌عید توبى په‌رله‌مانتار ئه‌مڕۆ باسى له‌وه كردووه، هه‌وڵێك هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ى حه‌شدى شه‌عبى بكرێت به وه‌زاره‌ت، چونكه ژماره‌ى چه‌كدار و كارمه‌نده‌كانى زیاتر له 300 هه‌زار كه‌سه.