له‌وه‌ته‌ی ساڵی 1979ه‌وه كه كۆماری ئیسلامیی ئێران به رێبه‌رایه‌تیی خومه‌ینی دامه‌زرا، یه‌كێك له دروشمه هه‌ره سه‌ره‌كییه‌كانی ئێران، بریتی بووه له سڕینه‌وه‌ی ئیسرائیل به پله‌ی یه‌كه‌م و له‌ناوبردنی ئه‌مه‌ریكا به پله‌ی دووه‌م، 46 ساڵه له‌و جۆره سیاسه‌ته‌ی به‌رده‌وام بووه و هاوشانی دروشمه ئاگرینه‌كان، له هه‌وڵی په‌ره‌پێدانی به‌رنامه‌ی ئه‌تۆمی و سیستمی مووشه‌كییه‌كانیدا بووه و گوتوویه‌تی مه‌به‌سته‌كه‌ی ئاشتیخوازانه‌یه.
ئه‌و دروشمانه‌ی ئێران لانی كه‌م له ده‌یه‌ی رابردوودا زۆر به خراپ له‌سه‌ری شكاوه‌ته‌وه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئێران ئه‌ندامی په‌یمانی ئێن پی تی و یه‌كێك له‌و وڵاتانه‌یه كه توانای باشی له بواری ته‌كنه‌لۆجیای ئه‌تۆمی هه‌یه، كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و له سه‌رووی ئه‌وانه ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیل متمانه‌یان پێ نه‌كردووه، ئه‌و ترسه له ئارادا بووه كه ئێران به‌ره‌و به‌رهه‌مهێنانی چه‌كی ئه‌تۆمی هه‌نگاو بهاوێژێت و سیاسه‌ته‌كه‌ی له دروشمه‌وه بۆ كردار بگۆڕێت.
له ساڵی 2015 له چوارچێوه‌ی رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی، ئه‌و مافه به ئێران درا به رێژه‌ی 3.67% یۆرانیۆم بپیتێنێت كه بۆ مه‌به‌ستی ناسه‌ربازی و بواره‌كانی به‌رهه‌مهێنانی وزه و بواری پزیشكی و توێژینه‌وه‌یه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه ئیداره‌ی پێشووی تره‌مپ متمانه‌ی به ئێران نه‌بوو، له ساڵی 2018 له رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی هاته ده‌ره‌وه.
تره‌مپ له خولی دووه‌می ده‌سه‌ڵاتیدا ده‌ستی به دانوستان له‌گه‌ڵ ئێران كرد، بۆ ئه‌وه‌ی به دیپلۆماسی و گفتوگۆ ئه‌و مه‌ترسییه بۆ هه‌میشه بڕه‌وێنێته‌وه، یه‌كێك له مه‌رجه سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ئه‌وه‌بوو كۆتایی به پیتاندنی یۆرانیۆم بهێنێت، به‌ڵام ئێران پێی رازی نه‌بوو و داوای په‌ره‌پێدانی به‌رنامه‌كه‌ی كرد. ئێران به پێچه‌وانه‌ی رێسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، پیتاندنی یۆرانیۆمی گه‌یاندبووه 60% و 406 كیلۆگرام پیتاندنی یۆرانیۆمی هه‌بوو، له ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌یه‌كدا ده‌یتوانی رێژه‌كه بگه‌یه‌نێته 90% و بۆمبی ئه‌تۆمی به‌رهه‌م بهێنێت. زانیارییه‌ك كه سه‌رۆكی ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تیی وزه‌ی ئه‌تۆمی، دنیای له‌و توانایه ئاگادار كرده‌وه و هه‌ڵوێستی توندی رێبه‌رانی ئاژانسه‌كه‌ی به‌دواوه بوو و دوو رۆژ به‌ر له روودانی جه‌نگ، بڕیارنامه‌یان له دژی ئێران ده‌ركرد.
ئه‌و رووداوه كۆن و نوێیانه بوونه هۆكاری سه‌ره‌كیی هێرشی 13ی مانگی ئیسرائیل بۆ سه‌ر ئێران كه زیانێكی زۆری به پڕۆژه ئه‌تۆمییه‌كان و ناوه‌نده مووشه‌كی و ته‌كنه‌لۆجیای سه‌ربازیی ئێران گه‌یاند، به‌ده‌یان فه‌رمانده‌ی زۆر باڵای سوپای پاسداران و ژماره‌یه‌كی زۆر به‌رچاو له زانایانی ئه‌تۆمی كوشت. له 22ی مانگ ئه‌مه‌ریكا به فڕۆكه‌ی B2 وێستگه‌كانی نه‌ته‌نز و ئیسفه‌هان و فۆردۆی له‌ناو برد و دوو رۆژ دواتر كۆتایی به جه‌نگه‌كه هات.
له دوای ته‌واوبوونی جه‌نگیش جگه له‌وه‌ی كه ئێران به‌وه رازی نییه واز له پیتاندنی یۆرانیۆم بهێنێت، له هه‌مان كاتدا وازی له دروشمه‌كانی له‌ناوبردنی ئیسرائیل و ئه‌مه‌ریكا نه‌هێناوه، دروشمگه‌لێك كه پێگه‌ی ئێرانی له ئاستی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی زۆر لاواز كردووه.
له میانه‌ی جه‌نگه‌كه‌دا كاتێك ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر داوای ئێران كۆبوونه‌وه‌ی نائاسایی گرێ دا و ئێران سكاڵای كرد كه ده‌ستدرێژیی سه‌ربازی كراوه‌ته سه‌ر، هه‌ڵوێست و پێگه‌ی هێرشبه‌ر زۆر به‌هێزتر ده‌ركه‌وت، چونكه نوێنه‌ری ئیسرائیل له رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان به راشكاوی و به به‌ڵگه بۆ ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش سه‌لماندی ده‌وڵه‌تێك هه‌یه كه بڕیاری له‌ناوبردنی ئیسرائیلی داوه، چۆن ده‌كرێ قسه له‌و ده‌وڵه‌ته وه‌ربگیرێت و قسه‌كانی به‌هه‌ند وه‌ربگیرێت.
چاوه‌ڕوانیی ئه‌وه له ئارادا بوو دوای ته‌واوبوونی جه‌نگ، هه‌ڵوێسته‌كانی ئێران به‌ته‌واوی بگۆڕێن، به‌ڵام نه‌ك نه‌گۆڕاوه، هه‌رزوو رۆژنامه‌ی كه‌یهانی نزیك له رێبه‌ری ئێران داوای له سێداره‌دانی رافائێل گرووسی سه‌رۆكی ئاژانسی وزه‌ی ئه‌تۆمی كرد و به سیخوڕی ئیسرائیل تۆمه‌تباری كرد، له كاتێكدا ئاژانس دامه‌زراوه‌یه‌كی یاسایی و نێوده‌وڵه‌تییه و هه‌ر جۆره چالاكییه‌كی پێوه‌ست به بواری ئه‌تۆمی، ده‌بێت له ژێر چاودێریی ئاژانسه‌كه‌دا بێت و ئێسته‌یش ئێران به بێ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تیی وزه‌ی ئه‌تۆمی و پێنه‌دانی گره‌نتی له‌مه‌ڕ پێشێل نه‌كردنی یاسا و رێساكان، ناتوانێت هیچ هه‌نگاوێك بنێت و هه‌ر جۆره هه‌نگاوێك جارێكی تر له‌گه‌ڵ هه‌ڵوێستی توندی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌ره‌وڕوو ده‌بێت.
نوێترین هه‌ڕه‌شه‌ی ئێران كه ئه‌مڕۆ دووشه‌م 30 حوزه‌یران بڵاو بووه‌ته‌وه، له‌لایه‌ن یاریده‌ده‌رێكی عه‌لی خامنه‌یی بووه به ناوی محه‌مه‌د موخبیر، ئه‌و گوتوویه‌تی كۆی وڵاتان و كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی له‌وه تێگه‌یشتووه كه ئیسرائیل گرێیه‌كی شێرپه‌نجه‌یه، به‌و ئیراده و هێز و توانایه‌ی كه خه‌ڵكی ئێران و هێزه چه‌كداره‌كان هه‌یانه، به‌مزووانه ئه‌و گرێیه بنبڕ ده‌كرێت.
ئیسرائیل كه بڕیاری له‌ناوبردنی دراوه، بۆ پاراستنی خۆی ئاماده‌یی ده‌ربڕیوه هه‌موو شتێك بكات، كاتێك له حه‌وتی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 2023 حه‌ماس هێرشی كرده سه‌ر ئیسرائیل و هه‌زار و 200 كه‌سی كوشت و 250ی تری به بارمته گرت، ئیسرائیل له خه‌وێكی قووڵ به‌ئاگا هاتووه و هه‌ڕه‌شه‌كانی به رژدتر وه‌رگرتووه، بۆیه‌ش له‌و كاته‌وه له غه‌زه ده‌دات و لانی كه‌م 55 هه‌زار كه‌سی كوشتووه و كه‌رته‌كه‌ی به ته‌واوی وێران كردووه و سه‌ره‌ڕای ئه‌و پێشێلكارییه گه‌ورانه‌ش كه له بواری مرۆیی روویان داوه، ته‌نانه‌ت سه‌رۆك وه‌زیرانه‌كه‌ی له‌لایه‌ن دادگای لاهای به تاوانباری جه‌نگ تۆمه‌تبار كراوه، وازی نه‌هێناوه و ده‌خوازێت هیچ وڵات و لایه‌نێك نه‌بێت بیر له له‌ناوبردنی ئیسرائیل بكاته‌وه و چاوه‌ڕوانه كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی مانه‌وه‌ی ئیسرائیل گره‌نتی بكات، كاره‌ساتی مێژوویی هۆلۆكۆست له‌سه‌ری دووباره نه‌بێته‌وه.
ئه‌و لێدوانه‌ی یاریده‌ده‌ری عه‌لی خامنه‌یی ئه‌و راستییه ده‌سه‌لمێنێت كه جه‌نگی نێوان ئیسرائیل و ئێران نه له 13 ی مانگ ده‌ستی پێ كردووه و نه له 24ی مانگیش كۆتایی پێ هاتووه.