وانە و سوپرایزەكانی شەڕە 12 رۆژییەكەی ئیسرائیل و ئێران چی بوون؟

:: PM:05:57:30/06/2025 ‌

پەیمانگەی "كۆڕبەندی رۆژهەڵاتنی ناوەڕاست"ی ئەمەریكی باسی 12 سوپرایز لە ماوەی 12 رۆژی شەڕی ئیسرائیل و ئێران دەكات، كە لە 13ی ئەم مانگە دەستی پێ كرد و و لە 24ی ئەم مانگەش كۆتایی هات، ئەو رووداوانەی خێرا تەواو بوون و كاریگەرییان بەسەر ناوچەكە و هەرسێ وڵاتی بەشدار لەو شەڕە دەمێنێتەوە.

*سەركەوتنی دۆناڵد ترەمپ لە بەڕێوەبردنی كارەكان بە رێگە و بیركردنەوەی تایبەتی خۆی، بێ گوێدانە تیمەكەی و نەریت و كۆنگرێسی ئەمەریكی و دادگا و دۆست و نەیارانی و هیتریش.

*بڕیاری ترەمپ بۆ رێگرتن لە ئێران لە بوون بە خاوەن چەكی ئەتۆمی بە زەبری هێز و بۆردمانكردنی وێستگە ئەتۆمییەكانی، ئەوەش شتێكی نوێیە لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكا، جیا لەوە هەڕەشەی ئەنجامدانی هێرشی زیاتری لە داهاتوو بۆ سەر ئێران كرد و سووربوون بەوەی نابێت ببێت بە خاوەنی چەكی ئەتۆمی و بەكارهێنانی هێز بۆ ئەو مەبەستە. 

*ترەمپ لەو شەڕەی سەر ئێران بۆچوونی دنیای وەلا نا و تەواوی هاوپەیمانەكانی لایەنگرییان كرد و نەیارانیش تەنیا قسەیان بۆ مایەوە، پەكین و مۆسكۆ تەنیا بە قسە پاڵپشتیی ئێرانیان كرد.

*بەهێزیی پێوەندییەكانی حزبی كۆماریی ئەمەریكا و ئیسرائیل دەركەوت، بەتایبەتی لە یارمەتیدانی ئاسمانیی ئەمەریكا بۆ فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل لە دابینكردنی سووتەمەنی بۆیان لە ئاسمانی سووریا و عێراق.

*سەركەوتنی رێگەچارەی ترەمپ بەرانبەر بە ئێران لە دوای شكستی سەرۆكەكانی پێشووی ئەمەریكا لە عێراق و لیبیا و ئەفغانستان، بەتایبەتی پیادەكردنی ستراتیجیەتی پەنابردن بۆ بەكارهێنانی هێزێكی گەورەی سەربازی و پاشەكشەكردنی خێرا.

*روونەدانی هیچ لەو پێشبینییە گەورە و خراپانەی بەر لە هێَرشەكە كران، یەك سەربازی ئەمەریكا نەكوژرا و گەرووی هورمز دانەخرا و و شەڕەكە سنووردار بوو و بازاری دارایی و وزەی دنیا زوو گەیشتەوە ئاستی ئاسایی خۆی. 

*دەركەوت باڵادەستیی هێزی ئاسمانیی و بەكارهێنانی تەكنۆلۆجیای پێشكەوتوو و وردیی پێكانی ئامانجەكان و سەرنجخستنە سەر لەناوبردنی ژێرخان زۆر گاریگەرترن لە داگیركردنی زەوینی.

*نۆكەر و سیخوڕەكان رۆڵێكی گەورەیان هەیە، كاتێك ئیسرائیل نۆكەرێكی زۆری رەوانەی ناو ئێران كردبوو كە زۆرینەیان ئێرانی بوون، جیا لە بەكارهێنانی درۆن و كوشتن، ئەوەش هاوكێشەیەكی نوێی شەڕی دروست كرد. 

*دەركەوت كە جگە لە توركیا، ئیسرائیل خاوەن هێزێكی گەورەی زەوینی و ئاسمانی و دەریاییە لە ناوچەكە، لەپاڵ دەستكەوتە گرنگە هەواڵگرییەكانی، رەنگە ئەوەش پاڵپشتیی لە چوونە ناو رێككەوتنەكانی ئیبراهیمی بكات. 

*شكستی ئیسرائیل لە غەزە، بەپێی راپۆرتەكە سەرەڕای سەركەوتنی ئیسرائیل لە شەڕی لەگەڵ ئێران، بەڵام تا ئێستە ئەنجامەكانی شەڕی لە غەزە وەك پێویست نین و نەیتوانیوە بەتەواوەتی بزووتنەوەی حەماس لەناو ببات.

*سەبارەت بە ئێران، كە باسی سەركەوتنێكی گەورە لە شەڕەكەی لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمەریكا دەكات و بە هێرشە نمایشییەكەی سەر بكەی عودەیدی ئەمەریكی لە قەتەر كۆتایی پێ هێنا، ئەو بەبێ دەنگی ئەمەریكا و قەتەری لەو هێرشە ئاگەدار كردەوە كە هیچ زیانێكی نەبوو، لەوكاتەی عەلی خامنەیی رابەری باڵای شۆڕشی ئێران رای گەیاند كە چی نەمابوو ئیسرائیل بەهۆی مووشەكبارانی ئێران برووخێت، راپۆرتەكە دەپرسێت ئاخۆ گەلی ئێران ئەو فیڵە قبووڵ دەكات؟

*لە كۆتای شەڕەكە تاران هێرشی كردە سەر قەتەر، كە نزیكترین دەوڵەت لە ئێران وەك دۆست و دراوسێ، كەچی ئەوانە نەبوونە رێگر لە هێرشكردنە سەری، بەپێی راپۆرتەكە، بە بیردۆزی پیلانگێڕی دۆحە بۆ باشكردنی پێگەی لای ئەمەریكییەكان بەو هێرشە رازی بووە، بەڵام راپۆرتەكە پێی وایە هێرشەكەی ئێران وەك مۆتەكەیەك بوو بۆ دراوسێ دەوڵەمەند و لاوازەكانی ئێران، پرسیاری ئەوەی كرد تا چ ئاستێك پێوەندییەكانیان تێك دەدات، بۆیە پێشبینی دەكرێت شەڕە 12 رۆژییەكە كاریگەری و لێكەوتەی درێژخایەنی لەسەر سێ دەوڵەتەكە و وڵاتانی ناوچەكە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبێت. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل