"بەرهەمی سەوزە بە سەتان هەزار تۆن دەخەمڵێنرێت و كوردستان لە هەموو سەوزەكان خۆبژێوە"

:: PM:09:31:30/06/2025 ‌

یەكێك لە شانازییەكانی كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەیە سەرەڕای سەختی و تەنگژەكانی رووبەڕی هاتەوە، گرنگییەكی گەورەی بە كەرتی كشتوكاڵ دا، جووتیاران باس لەوە دەكەن كە لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوو هەرێم هەنگاوی گەورەی لەبارەی زیادبوونی بەرهەمی ناوخۆی كشتوكاڵی ناوە، تەواوی بەرهەمەكان بە رێژەیەكی بەرچاو زیادیان كردووە و لە خۆبژێوی و پڕكردنەوەی پێویستیی ناوخۆیی نزیك بوونەتەوە، بەتایبەت بەرهەمی سەوزە كە دەتوانرێت بەشی وڵاتان و عێراقیش بەرهەم بهێنرێت.

كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە سەرەتای دەستبەكاربوونیەوە كە بەهۆی پاڵپشتییەكانی بۆ كەرتی كشتوكاڵ و كردنەوەی بازاڕی تایبەت بۆ ساغكردنەوەی بەرهەمەكان و ناردنەدەرەوە و بە براندكردنی بەرهەمە كشتوكاڵییەكان، وای كردووە بەرهەمە كشتوكاڵییەكان بە رێژەیەكی بەرچاو، بەتایبەتی بەرهەمی باخەوانەكان، زیاد بكات و ساڵ بەساڵیش لە زیادبووندایە.

خەسرەو جاف جووتیارێكی نموونەییە لە شارەزوور بە "وشە"ی راگەیاند، ئەگەر بۆ پێش چەند ساڵێك بگەڕێینەوە، ئەوەمان بۆ دەردەكەوێت كە خەڵكێكی كەم كاری كشتوكاڵی و باخەوانییان دەكرد، هۆكارەكەش ئەوە بوو ئەوان تەنیا خەرجی و ماندووبوونیان بۆ دەمایەوە و هیچ قازانج و سوودێكیان لە كاری كشتوكاڵی نەدەكرد، بازاڕێكی جێگیر بۆ ساغكردنەوەی بەرهەمەكانیان نەبوو، ئەمە وای كردبوو خەڵكێكی كەم كاری كشتوكاڵی بكەن، بەتایبەت تەڕەكاڵە و دانەوێڵە، هەروەها بە رێژەیەكی زۆر كەم كاری باخەوانی و بەرهەمی میوەكان دەكرا، بەڵام ئێستە پێچەوانە بووەتەوە، لە لایەك كاری كشتوكاڵی و جووتیاری و لە لایەكی تر بەرهەمی كشتوكاڵی زیادی كردووە.

روونی كردەوە، ئەو ماوەیە ئەگەر بەراورد بەو دوو ساڵەی كۆتایی، بەتایبەتی ساڵی رابردوو بكرێت، دەبینین جیاوازییەكی زۆر لە كاری كشتوكاڵی و باخەوانیدا هەیە، خەڵكێكی زۆر دەستی بە كاری جووتیاری كردووە و باخێكی زۆر بنیات نراوە، بەرهەمی كشتوكاڵی زۆر بووە، بەتایبەتی دانەوێڵە و بەرهەمی میوەكان لە هەنجیر و شووتی و سێو و هەنار و چەند بەرهەمێكی تر، هەروەها گەنم و پەتاتە، تەواوی سەوزەكان لە تەماتە و پیاز و خەیار و كولەكە و باینجان و بامێ، هەموو ئەوانە بە رێژەی 40% بۆ 50% زیادی كردووە، لەو بەرهەمانە هەرێم دەتوانێت بەشی هەموو عێراق بەرهەم بێنێت.
 
"بەرهەمی دانەوێڵە بە بەراورد بە چەند ساڵی رابردوو بە رێژەی 80% زیادی كردووە، مەگەر ساڵێك كە كەمبارانی هەبووبێت، هەروەها بەرهەمی باخەوانان واتە میوە، لە دوو ساڵی رابردوو بە رێژەی 60-70% بەرهەمەكانیان زیادی كردووە، هەناردەكردنی بەرهەمی باخەوانان بۆ دەرەوە و بە براندكردنی ئەو بەرهەمانە، وای كرد كاری باخەوانی پەرەی پێ بدرێت و باخێكی زۆر بنیات بنرێت و چیتر باخەوان ترسی لە ساغبوونەوەی بەرهەمەكەی نەبێت، وەك ئەوەی بینیمان ئەمساڵ چەندین بەرهەمی ناوخۆیی هەناردەی بازاڕەكانی دەرەوە و وڵاتانی عەرەبی و ئەوروپا كران، رێژەی بەرهەمەكانی سەوزە هێندە زۆرە بە سەتان هەزار تۆن دەخەمڵێنرێت، كوردستان لەوە دەرچووە كەمیی بەرهەمی هەبێت و لە هەموو سەوزەكان خۆبژێوە"، خەسرەو جاف جووتیارە نموونەییەكە وای گوت.

لای خۆیەوە ئیبراهیم سادق جووتیارێكی ترە بە "وشە"ی گوت، جووتیاران تەنیا ئەوەندەیان دەوێ كە پاڵپشتی بكرێن و بازاڕیان بۆ بدۆزرێتەوە، ئەوەی دەمێنێتەوە جووتیار كاری خۆی دەزانێت، جووتیارانی هەرێمی كوردستان خاوەن ئەزموون و شارەزاییەكی زۆر باشن و خاكی كوردستان بە پیت و فراوانە، دەتوانرێت بە بەرهەمی كوردستان، بازاڕەكانی ناوخۆ و دەرەوەش بڕازێنرێنەوە.

هەر پێوەست بەو بابەتەوە عەلی یووسف باخەوان بۆ "وشە" ئاماژەی كرد، تەنیا حكوومەت هاوكار بێت و رێگە نەدا جووتیار زیان بكات، ئەویش بە كردنەوەی بازاڕ بۆ ساغبوونەوەی بەرهەمەكەی، باخەوانەكانی هەرێمی كوردستان وەك چۆن لە دوو ساڵی رابردوو چەندان بەرهەمی تایبەت و نایابیان رەوانەی دەرەوە كرا، بەو جۆرە دەتوانن ساڵ بەساڵ بەرهەمی زیاتر بەرهەم بێنن، هەنجیر و هەنار و قۆخ و ترێ و شووتی و كاڵەك لەو مێوانانەن كە كوردستان تیایاندا دەوڵەمەندە. 

جێگەی باسە بۆ زیاتر پاڵپشتیكردنی جووتیاران و هاوكاریكردن و سووككردنی باری سەر شانیان، حكوومەتی هەرێمی كوردستان ساڵانە لە رێگەی وەزارەتی كشتوكاڵەوە بنەتۆ بەسەر جووتیاران دابەش دەكات، لە پێدانی بنەتۆ و دەرمانی قڕكەر و كردنەوەی بازاڕ بۆ ساغبوونەوەی بەرهەمەكانیان هاوكارییان دەكات، بەرهەمی ناوخۆش رەوانەی وڵاتانی عەرەبی و كەنداو و ئەوروپا كراوە، كە خۆی لە كونجی و پەتاتە و تەحین و هەنار و هەنگوین و چەند بەرهەمێكی تر دەبینێتەوە.
 
وشە/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل