نەتەوە یەكگرتووەكان لە نوێترین راپۆرتیدا ئاماژە بە 17 خاڵ دەكات كە وەك ئامانج بۆ گەشەسەندن بۆ وڵاتانی ئەندامی دانراون. دەڵێت: بەمزوانە هیچیان لە عێراق نایەنەدی.
رۆژی 24ی حوزەیران، نەتەوە یەكگرتووەكان دەیەمین راپۆرتی ساڵانەی ئامانجەكانی گەشەپێدانێكی بەردەوام بڵاو كردەوە. تێیدا باس لە كۆمەڵێك ئامانج دەكات بۆ پێشكەوتنی وڵاتان تا ساڵی 2030، "بەڵام هیچ ئاماژەیەك نییە تا ئەوكاتە عێراق بتوانێ هیچ لەو 17 ئامانجە بەدی بهێنێت".
عێراق لە كابینە یەك لە دوای یەكاەكانی حكوومەتدا، بڕیاری ستراتیجیی نیشتمانی ختستووەتە كار، بەڵێنی ئەوەی داوە ئەو خاڵانە تا ساڵی 2030 بەدی بێنێت، بەڵام بەپێی نەتەوە یەكگرتووەكان بڕیارەكە تەنیا لەسەر كاغەز ماوەتەوە و هیچ لەو هەنگاوانە وەك خۆی بەڕێوە نەچوون.
خاڵەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان بریتین لە قەڵاچۆكردنی هەژاری، قەڵاچۆكردنی تەواوی برسێتی، تەندروستیی باش و خزمەتگوزارییەكانی، پەروەردەی باش، یەكسانی لە نێوان هەردوو رەگەزدا، ئاوی خاوێن و تەندروست، وزەی پاك بەنرخێكی گونجاو، كاری شایستە و گەشەی ئابووری، پیشەسازی و داهێنان و ژێرخان، كەمكردنەوەی نایەكسانی، كار بۆ كەشوهەوای خاوێن، داودەزگای بەهێز و چەندانی تر.
بەپێی راپۆرتی نەتەوە یەكگرتووەكان، هیچ لەو خاڵانە ئەگەری هاتنەدییان لە عێراق تا ساڵی 2030 نییە.
رێكخراوەكە عێراقی بەراورد كردووە بەوڵاتانی دراوسێی وەك توركیا، سووریا و ئێران و دەڵێت: هەرچەندە ژمارەی دانیشتووانی عێراق نزیكەی نیوەی توركیا و ئێرانە، بەڵام رێژەی هەژاری تێیدا لەوان بەرزترە، هۆكارەكانیشی بەپێی راپۆرتەكەی نەتەوە یەكگرتووەكان، بۆ خراپیی بەڕێوەبەردنی حكوومەت دەگێڕێتەوە.
یەكێك لە هۆكارەكانی دواكەوتوویی عێراق لە بەدیهێنانی 17 ئامانجەكەی نەتەوە یەكگرتووەكان، كەرتی تایبەت لە سەرتادایە و كەرتی گشتی لە چڵەپۆپەدایە.
هاوكات دەڵێت: لە كۆی سەرووی چوار ملیۆن هێزی كاری دەوڵەت و سەرووی دوو ملیۆن و 500 هەزار خانەنشین، هێشتا ژمارەی ئەوانەی رۆژانە خۆراكیان دەست ناكەوێت و دەكەونە پێوەری برسێتییەوە، یەك لەسەر شەشی كۆی دانیشتووانەكەی پێكدەهێنن.
ئەو رێكخراوە دەڵێت: لە چارەكی یەكەمی ئەمساڵدا حكوومەتی عێراق بەبێ هەرێمی كوردستان، بڕی حەوت تریلیۆن و 247 ملیار دینار و ساڵی رابردووش بڕی 26 تریلیۆن و 692 ملیار دیناری وەك هاوكاری و چاودێری كۆمەڵایەتی دابەش كردووە، كەچی هێشتاش رۆژانە ئەوانەی بەدەست هەژارییەوە دەناڵێنن، رێژەكەیان لە توركیا و ئێران زیاترە.
بەپێی دوایین راپۆرتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانی گەشەپێدانێكی بەردەوام
SDG17 رێژەی ئەو كەسانەی لە عێراقدا بە هەژار دادەنرێن و رۆژانە بڕی سێ دۆلار و 65 سەنتیان دەست دەكەوێت، پترە لە یەك ملیۆن و 729 هەزار كەس، ژمارەی ئەوانەشی رۆژانە كەمتر لە سێ دۆلاریان دەست دەكەوێت، دەگاتە نیو ملیۆن كەس.
لە بواری كەشوهەوادا عێراق بەتەواوی پاشەكشێی كردووە و ساڵانە لەم بوارەدا چەندان قەیرانی نوێ دێنە ئارا و بەشێكی زۆری خاكەكەی بە بیابان بووە، بەشێكیشی بەهۆی ئەو گۆرانی كەشوهەوایەوە كۆچ دەكەن.
هاوكات لە بواری تەندروستی، عێراق هیچ پێشكەوتنێكی بەخۆیەوە نەدیوە و ساڵانە چەندان هەزار كەس بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاریی تەندروستی، روو لە وڵاتانی ئێران و توركیا دەكەن.
ئامانجەكانی پەرەپێدانی بەردەوام كە بە ئامانجە جیهانییەكانیش ناسراون، لەلایەن هەموو دەوڵەتانی ئەندام لە نەتەوە یەكگرتووەكان لە ساڵی 2015 ەوە، بریتین لە داوایەكی جیهانی بۆ كاركردن بۆ كۆتاهێنان بە هەژاری و پاراستنی هەسارەكەمان، دڵنیابوون لەوەی هەموو كەس لە ئاشتی و ئاوەدانیدا تا ساڵی 2030 دەژین.
ئەم 17 ئامانجە زۆرجار كاركردن لەسەر بەدیهێنانی هەر یەكێك لەم ئامانجانە دەبێتە هۆی سەركەوتنی بەشێك پێوەندیدار بە ئامانجێكی ترەوە، ئەم پێشكەوتنە دەبێتە مایەی هێنانەكایەوەی هاوسەنگییەكی بەردەوام لە ڕووی كۆمەڵایەتی و ئابووری و ژینگەییەوە.