له رۆژانی جه‌نگ و ته‌نانه‌ت دوای جه‌نگ، هه‌ندێك ڤیدیۆ و قسه و ته‌نانه‌ت راگه‌یاندنی فه‌رمیی میدیای ئێران له‌باره‌ی كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ی فڕۆكی ئێف 35ی ئیسرائیلی بڵاو كراوه‌ته‌وه كه جێی سه‌رنجن، له‌وانه‌یه خه‌ڵكێك باوه‌ڕیان به‌و قسانه كردبێت، بۆیه‌ش BBC له راپۆرتێكدا له‌و زانیارییه‌ی كۆڵیوه‌ته‌وه.
چه‌ند رۆژێك دوای ده‌ستپێكردنی جه‌نگ، میدیاكانی ئێران بڵاویان كرده‌وه كه فڕۆكه‌ی جه‌نگیی ئیسرائیلیان خستووه‌ته خواره‌وه، ته‌نانه‌ت باسیان له‌وه كردبوو كه فڕۆكه‌وانه‌كه په‌ڕه‌شووتی رزگاری به‌كار هێناوه و له‌لایه‌ن هێزه ته‌ناهییه‌كانی ئێران ده‌ستبه‌سه‌ر كراوه.
ئه‌و قسه‌یه له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و میدیاكانی ئێران ده‌نگدانه‌وه‌ی هه‌بوو، به‌ڵام له میدیای جیهانی به‌و شێوه‌یه پێشوازیی لێ نه‌كرا.
ئه‌وكات وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئیسرائیل له په‌یجی خۆی ئه‌و چاوپێكه‌وتنه‌ی ته‌له‌ڤزیۆنی ئێرانی بڵاو كرده‌وه كه باسیان له كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ی فڕۆكه‌ی ئیسرائیلی كردبوو، له‌لایه‌ن ماڵپه‌ڕه‌كه‌وه گاڵته به ته‌له‌ڤزیۆنی ئێران كرا و نووسرا ئه‌گه‌ر راست ده‌كه‌ن، بۆچی وێنه‌ی فڕۆكه‌وانه‌كه بڵاو ناكه‌نه‌وه كه به گوته‌ی خۆیان فڕۆكه‌وانێكی كچ بووه.
له ته‌له‌ڤزیۆنی ئێران پێشكه‌شكار پرسیاری ئه‌وه له به‌رپرسه ته‌ناهییه‌كه ده‌كات، بۆچی وێنه‌ی فڕۆكه تێكشكاوه‌كه بڵاو ناكه‌نه‌وه؟ ئه‌ویش گوتی له‌به‌ر هه‌ندێك پرسی پێوه‌ست به بواری ته‌ناهی و سه‌ربازی پێیان باش نییه بڵاوی بكه‌نه‌وه.
ئێران ته‌كنه‌لۆجیای سه‌ربازیی خستنه‌خواره‌وه‌ی F35 ی هه‌یه؟
پرۆفیسۆر جه‌ستین برانك توێژه‌ری هێزی ئاسمانی و ته‌كنه‌لۆجیای سه‌ربازی له دامه‌زراوه‌ی شاهانه‌ی به‌ریتانی، به BBC گوتووه، ئێران توانای ئه‌وه‌ی نییه ئه‌و جۆره فڕۆكه‌یه بخاته خواره‌وه.
ئه‌و روونی كرده‌وه، ئێران هه‌ندێك رادار و سیستمی به‌رگریی رووسی له جۆری NEBo_M هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ به ئه‌گه‌رێكی باڵاتر، ئه‌و جۆره فڕۆكانه بدۆزێته‌وه و ده‌ستنیشانیان بكات و دواتر به مووشه‌ك بیانپێكێت، به‌ڵام هه‌رزوو به‌شی زۆری سیستمی دژه‌مووشه‌كی و دژه‌فڕۆكه‌ی ئێرران له‌ناو برا.
ئێران له ساڵانی رابردوودا كۆمه‌ڵێك سیستمی نوێی تاقی كرده‌وه و هه‌ندێك له‌و سیستمانه‌ی خسته خزمه‌تی هێزی ئاسمانیی وڵاته‌كه‌ی، هه‌رچه‌ند ئه‌وكاتیش هه‌ندێك دامه‌زراوه‌ی ئه‌مه‌ریكی به گومانه‌وه له‌و پێشكه‌وتنانه‌یان روانی. راسته ئێران سیستمی به‌رگریی باوه‌ڕ 373ی به‌رهه‌م هێنا، به‌ڵام ئه‌و سیستمه نه‌ك له سیستمه رووسییه‌كه زۆر لاوازتره، بگره توانای ئه‌وه‌ی نییه رووبه‌ڕووی ته‌كنه‌لۆجیای پێشكه‌وتووی رۆژئاوا ببێته‌وه.
هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك هه‌یه كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ی فڕۆكه‌ی F35 پشتڕاست بكاته‌وه؟
گرنگترین شت كه ده‌توانێت بیسه‌لمێنێت فڕۆكه‌ی F35 كه‌وتووه‌ته خواره‌وه، ئه‌وه‌یه وێنه‌ی ژماره سێریالی فڕۆكه‌كه بگیرێت و بڵاو بكرێته‌وه، به‌ڵام ئێران جگه له بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌ندێك وێنه‌ی فڕۆكه كه به ژیریی ده‌ستكرد به‌رهه‌م هێنراون، هیچ شتێكی بڵاو نه‌كردووه‌ته‌وه.
ئێران بۆ ئه‌وه‌ی بینه‌ر هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنێت، هه‌ندێك فڕۆكه‌ی تێكشكاوی له جه‌نگی ئۆكراینا بڵاو كردووه‌ته‌وه و له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بانگه‌شه‌ی بۆی كردووه و گوتوویه‌تی، زیانی زۆری به ئیسرائیل گه‌یاندووه.
هاوكات ئێران وێنه‌ی دوو درۆنی بڵاو كردبووه‌وه كه خستبووه خواره‌وه و ئیسرائیلیش خۆی وێنه‌كانی پشتڕاست كرده‌وه و گوتی، دوو درۆنی خراونه‌ته خواره‌وه، ئێران گوتبووی 17 درۆنی خستووه‌ته خواره‌وه و له‌و 17 درۆنه ته‌نیا وێنه‌ی دوو دانه‌ی بڵاو كرده‌وه، ئه‌وه‌ی تری هه‌موو به زانیاریی فه‌یك هه‌ژمار ده‌كرێت.
ئایا هیچ فڕۆكه‌وانێك گیراوه؟
ئه‌گه‌ر گریمانه‌ی ئه‌وه بكرێت ئێران فڕۆكه‌وانێكی گرتبێت، هه‌رگیز لای میدیای ئیسرائیل به نهێنی نامێنێته‌وه، چونكه پرسێكی زۆر هه‌ستیاره و ئیسرائیلییه‌كان بۆ ده‌ستبه‌سه‌ركردنی هاووڵاتییه‌كانیان، زۆر هه‌ستیارن و شه‌ڕی ساڵانی رابردووی وڵاته‌كه له لبنان و فه‌له‌ستین ئه‌و راستییه‌ی سه‌لماندووه.
بۆ نموونه كاتێك حزبوڵا له 2006 دوو هاووڵاتیی ئیسرائیلی رفاند و دواتر حه‌ماسیش هاووڵاتییه‌كی رفاند، جه‌نگ و ئاڵۆزییه‌كی نوێی له ناوچه‌كه هێنایه كایه‌وه.
به‌پێچه‌وانه‌ی ئێران، میدیاكانی ئیسرائیل سه‌ربه‌خۆن و سه‌ربه حكوومه‌ت نین و زانیارییه‌كان وه‌ك خۆی بڵاو ده‌كه‌نه‌وه، ته‌نانه‌ت میدیای ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیل زۆر زانیاریی له دژی نه‌ته‌نیاهۆ بڵاو كردووه‌ته‌وه و سه‌رئێشه‌ی بۆی دروست كردووه. هیچ میدیایه‌كی ئه‌و وڵاته ئه‌وه‌ی پشتڕاست نه‌كردووه‌ته‌وه فڕۆكه‌وانێكیان له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه گیرابێت.
تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی F35
ئیسرائیل له جه‌نگی ئێران فڕۆكه‌كانی جۆری F15,F16 و F35ی به‌كار هێنا و جۆری F35یان له هه‌مووان پێشكه‌وتووتره و به فڕۆكه‌ی جه‌نگیی نه‌وه‌ی پێنجه‌م ناسراون، فڕۆكه‌كه به شێوه‌یه‌ك دروست كراوه، هیچ رادارێك نایدۆزێته‌وه و وه‌ك ئه‌وه وایه هیچ شتێك به ئاسمانه‌وه نه‌بێت.
فڕۆكه‌كه جگه له‌وه‌ی كه دژه راداره، له هه‌مان كاتدا ئه‌وه‌نده پێشكه‌وتووه كه له ئاسمان خۆی زانیاری له‌سه‌ر دوژمن كۆ ده‌كاته‌وه و ده‌یخاته خزمه‌تی فڕۆكه‌وان و فڕۆكه‌وانیش زۆر به‌وردی ده‌توانێت ئامانجه‌كه ده‌ستنیشان بكات و بیكاته ئامانج، له هه‌مان كاتدا فڕۆكه‌وان له‌گه‌ڵ ناوه‌ندی تری هه‌واڵگری پێوه‌ندیی هه‌یه بێ ئه‌وه‌ی هیچ كێشه و مه‌ترسییه‌كی بۆ بێته كایه‌وه.
فڕۆكه‌كه له 15 كیلۆمه‌تریی ئاسمان ده‌فڕێت و خێراییه‌كه‌ی ده‌گاته هه‌زار و 900 كیلۆمه‌تر له سه‌عاتێكدا، له باشترین ئه‌و جۆره فڕۆكانه‌یه كه ده‌چێته ئاسمانی دوژمن بێ ئه‌وه‌ی دوژمن هه‌ستی پێ بكات.
بۆچی فڕۆكه‌كه بۆ ئیسرائیل گرنگه؟
له دنیادا 12 وڵات سوود له F35 وه‌رده‌گرن و ئه‌و جۆره‌ی له به‌رده‌ستی ئیسرائیله، یه‌كێكه له جۆره تایبه‌تییه‌كانی F35 و ئیسرائیل تاكه هاوبه‌شی ئه‌مه‌ریكایه كه رێگه‌ی پێ دراوه به هه‌ندێك تایبه‌تمه‌ندیی جیاواز، فڕۆكه‌كه‌ی بۆ به‌رهه‌م بهێنرێت.
یه‌ك له ئامانجه‌كانی فڕۆكه‌كه و ته‌نانه‌ت به‌رهه‌مهێنانی ئه‌وه‌یه، هه‌ڕه‌شه‌كان له‌ناو ببات و پێش ئه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌كان كێشه‌یان بۆ بنێته‌وه، ئه‌وا ده‌ستپێشخه‌ری بكات و بچێته ئاسمانی دوژمن و گورزی خۆی بوه‌شێنێت.
نرخی فڕۆكه‌كه گرانه و ئیسرائیل لانی كه‌م 100 ملیۆن دۆلاری به هه‌ر فڕۆكه‌یه‌ك داوه‌ته ئه‌مه‌ریكا .
ئایا چین چه‌كی هه‌یه بتوانێت F35 بخات؟
له رۆژانی رابردوودا له میدیاكانی ئێران هه‌واڵێك بڵاو كراوه‌ته‌وه، گوایه ئێران ده‌خوازێت سیستمی به‌رگریی مووشه‌كی له چین بكڕێت و سیستمه‌كه ده‌توانێت رووبه‌ڕووی هه‌ڕه‌شه‌كانی ئیسرائیل ببێته‌وه.
راستییه‌كه ئه‌وه‌یه دواین داهێنانی چین بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی فڕۆكه، پێوه‌سته به فڕۆكه‌كانی F15 و F16 كه له دوو جۆری G16 و GC10 به‌رهه‌م هاتووه، تا ئێسته له جه‌نگ تاقی نه‌كراوه‌ته‌وه كه بیسه‌لمێنێت ده‌توانێ ئه‌و فڕۆكانه بخاته خواره‌وه.
چین جۆره فڕۆكه‌یه‌كی به‌رهه‌م هێناوه به ناوی G20 كه بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی F22 و F35 ه، هه‌رچه‌نده ئه‌و فڕۆكه‌یه‌ش له قۆناغی په‌ره‌سه‌ندندایه و هێشتا تاقی نه‌كراوه‌ته‌وه، به له‌به‌رچاوگرتنی هێشتنه‌وه‌ی نهێنیی ته‌كنه‌لۆجیای سه‌ربازی، زۆر زه‌حمه‌ته له لیستی فرۆشتن دانرابێت تا ئێران بتوانێت دابینی بكات.