رۆژنامه‌ى عه‌ره‌ب له راپۆرتێكدا ئاشكراى ده‌كات، ئێران له هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ى عێراق ده‌ترسێ، ئه‌مه‌ش به هۆى زیادبوونى گوشاره‌كانى ئه‌مه‌ریكا و لاوازبوونى میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبى و ده‌ركه‌وتنى هێزی ركابه‌ر و كاریگه‌ر له ناوچه‌كه‌دا. رۆژنامه‌كه پێشبینى ناكات له خولى سه‌رۆكایه‌تیى محه‌مه‌د شیاع سوودانى، بتوانێ شتێك له دژى ئێران بكات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر جارێكى تر ببێته‌وه سه‌رۆك، ئه‌وا بوێرییه‌كه‌ى له به‌رانبه‌ر ئێران زیاتر ده‌بێت.
ئه‌مڕۆ چوارشه‌م دووى ته‌مووز، له راپۆرتێكدا باسى له ئه‌گه‌رى هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ى عێراق كرده‌وه له هه‌ژموونى ئێران، به ناونیشانى "ئێران له یاخیبوونێكى عێراقى ده‌ترسێت، به پشتیوانى ئه‌مه‌ریكا به‌سه‌ر هه‌ژموونه‌كه‌ى بكرێت". رۆژنامه‌كه باس له‌وه ده‌كات سه‌ركردایه‌تیى ئێران به رژدى بیر له‌وه ده‌كاته‌وه، چۆن چاره‌سه‌رى پاشه‌كشه و كه‌مبوونه‌وه‌ى هه‌ژموونه‌كه‌ى له ناو عێراق بكات. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌رى هه‌یه به ته‌واوى ئه‌و هێزه له ده‌ست بدات.
بۆ هۆكاره‌كه‌ى رۆژنامه‌ى عه‌ره‌ب باسى له‌وه كردووه، میحوه‌رى ئێران به گشتى له ناوچه‌كه لاواز بووه، هه‌روه‌ها توركیا له ناوچه‌كه وه‌ك ركابه‌رێكى توند ده‌رده‌كه‌وێت. گوشاره‌كانى ئه‌مه‌ریكایش بۆ سه‌ر حه‌شد به‌رده‌وامه، ته‌نانه‌ت به دوور نازانرێت هه‌وڵه‌كانى ئه‌مه‌ریكا حه‌شد به ده‌ردى حزبوڵاى لبنانى ببات. راپۆرتى رۆژنامه‌ى عه‌ره‌ب ئاماژه‌یه‌كى كورت به دواكه‌وتنى مووچه‌ى حه‌شدى شه‌عبى ده‌كات و باس له‌وه ده‌كات پرۆسه‌كه هه‌ر هێنده نییه، به‌ڵكو ئه‌مه‌ریكا چاودێرى وردى هه‌ژماره‌كان و حه‌واڵه‌كردنى پاره له عێراق ده‌كات.
له‌باره‌ی هه‌ڵوێستى حكوومه‌تى سوودانى، راپۆرته‌كه باسى ئه‌وه‌ى كردووه له شه‌ڕى ئێران و ئیسرائیل، ده‌ركه‌وت كه حكوومه‌تى عێراق ده‌یه‌وێ خۆى بپارێزێت و نه‌كه‌وێته ناو شه‌ڕه‌كه‌وه، جیا له‌مه‌یش عێراق هه‌وڵ ده‌دات به هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت چیتر له رووى وزه‌وه خۆى وابه‌سته‌ى ئێران نه‌كات. بۆیه به ئاشكرا دروشمه‌كانى سه‌ربه‌خۆبوون و بێلایه‌نى له‌لایه‌ن به‌رپرسانى حكوومه‌تى عێراق ده‌رده‌كه‌وێت.
حزبه شیعه‌كانیش چاوه‌ڕێى هه‌ڵوێستێكى توندیان لێ ناكرێت، چونكه به‌گوێره‌ى راپۆرته‌كه، ئه‌وانیش له میانه‌ى به‌شداربوونیان له ده‌سه‌ڵات، به‌رژه‌وه‌ندیى گه‌وره‌یان بۆ خۆیان دروست كردووه، له‌سه‌ریانه له‌گه‌ڵ سیاسه‌تى فه‌رمى ده‌وڵه‌تى عێراق بڕۆن بۆ ئه‌وه‌ى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان بپارێزێن. راپۆرته‌كه پێی وایه له‌م خوله‌ى سه‌رۆكایه‌تیى سوودانى، ته‌نیا ده‌توانێ وا بكات میلیشیاكانى سه‌ربه ئێران كۆنترۆڵ بكات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له هه‌ڵبژاردن ده‌ربچێته‌وه، ئه‌وا تواناى ده‌بێت بوێرانه و به هاوتایى مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ تاران بكات.
له راپۆرته‌كه‌دا هاتووه، "شاره‌زایان له كاروبارى عێراقى پێشبینى ده‌كه‌ن، سوودانى له ماوه‌ى سه‌رۆكایه‌تیى دووه‌مدا ئه‌گه‌ر توانى به ده‌ستى بهێنێ، زیاتر هێزى له به‌رانبه‌ر به باڵه‌كانى ئێران هه‌بێ، كه ئه‌وان ئێسته له ده‌سه‌ڵاتى عێراق به‌شدارن، هه‌روه‌ها ده‌توانێ مكوڕبوونى زیاتر بێت بۆ ئه‌وه‌ى به رێبازێكى سه‌روه‌رانه پێوه‌ندیى وڵاته‌كه‌ى له‌گه‌ڵ كۆمارى ئیسلامى ئێران دابڕێژێته‌وه.
له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی بۆچى سوودانى ناتوانێ ئێسته به‌ره‌نگارى میلیشیاكان بێته‌وه؟، راپۆرته‌كه ده‌ڵێ، "به‌شێكى زۆر له گوشاره‌كانى حكوومه‌تى ئه‌مه‌ریكى به سه‌رۆكایه‌تیى دۆناڵد تره‌مپ بۆ سه‌ر حكوومه‌تى ئێسته‌ى عێراق، بۆ ئه‌وه‌یه هه‌ژموونى باڵه‌كانى ئێران كه‌م بكرێته‌وه، به‌تایبه‌تى میلیشیا چه‌كداره‌كان، به‌ڵام هێشتا ئه‌مه ئه‌ركێكى ئاڵۆزه بۆ سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق، چونكه هه‌مان ئه‌و باڵانه لایه‌نى سه‌ره‌كین له پێكهێنانى حكوومه‌تى سوودانى، ئه‌وه‌یش له رێگه‌ى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگیى شیعه‌وه".
به بڕواى راپۆرته‌كه‌ى
عه‌ره‌ب، ئێسته ئه‌و ماوه‌یه‌ى له ته‌مه‌نى حكوومه‌تى سوودانى ماوه‌ته‌وه، زه‌حمه‌ته و خودى سوودانى ده‌بێت هاوسه‌نگییه‌ك دروست بكات. له راپۆرته‌كه‌دا هاتووه، "له‌سه‌ر سوودانى پێویسته له ماوه‌ى حكوومه‌ته‌كه‌ى ئێسته‌ى، له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسییه‌كانى ئێران جۆرێك له ئاگربه‌ستى هه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ى له قۆناغى نزیكبوونه‌وه‌ى هه‌ڵبژاردن خۆى له گوشارى ئه‌وان به‌دوور بگرێت. ئه‌مه بێ ئه‌وه‌ى واز له دروشمه‌كانى سه‌روه‌ریى بهێنێ، چونكه ئه‌مه خوازراوه له‌لاى جه‌ماوه‌رى ده‌نگده‌ران كه ژماره‌یه‌كى زۆریان له‌وانه‌ن رقیان له ئێران و باڵه‌كانى ده‌بێته‌وه".
راپۆرته‌كه‌ى عه‌ره‌ب باسى له‌وه نه‌كردووه، سیاسه‌تى ئێران له به‌رانبه‌ر هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ى عێراق له هه‌ژموونى ئه‌و، چى ده‌بێت؟!