نووسینی:
-دەیڤد ڤی جیۆ، پرۆفیسۆری جیهانیی ئەکادیمیای بەریتانی و مامۆستای هەواڵگری و ئاسایشی نێودەوڵەتی لە کۆلێژی کینگ لە لەندەن، هاوکات پێشتر شرۆڤەکار و کارمەندی پێشووی سی ئای ئەی بووە.
-مایکڵ ڤی هایدن، جەنەراڵی خانەنشینی هێزە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا بووە و لە نێوان 1999 بۆ 2005 بەڕێوەبەری ئاژانسی ئاسایشی نەتەوەیی بووە، هاوکات لە نێوان 2006 بۆ 2009 بەڕێوەبەری سی ئای ئەى بووە.
ڤلادیمیر پوتین، لە سەروبەندی داگیرکردنی ئۆکراینا لە شوباتی 2022 و لە پەخشی تەلەفزیۆنیی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕووسیا، لە سێرگی ناریشکێنی بەرپرسی هەواڵگریی دەرەکی خوڕییەوە و پێی گوت، "بەڕوونی قسە بکە!". دیار بوو ناریشکێن شپرزە بووبوو. پوتین دەیویست ناساندنی هەرێمەکانی دۆنێتسک و لوهانسک وەک دوو دەوڵەتی سەربەخۆ ببێتە پاساوی جەنگەکە و بەرپرسانی کرێملێن قبووڵی بکەن، هەر کە ناریشکێن بە دوودڵییەوە لە کۆبوونەوەکە پاساوەکەی سەلماند، پوتین دەمودەست داینیشاند. دیاربوو زانیارییە هەواڵگرییەکانی ناریشکێن کەموکوڕیی هەبوو، نەدەکرا لە خزمەت ئەو "ئۆپەراسیۆنە تایبەتە سەربازییەی" پوتین خەریک بوو ڕای بگەیەنێت بەکار بێت و تەرازووی سەرکەوتنی بە لای مۆسکۆ پارسەنگ بکاتەوە. بە هەر حاڵ، ناریشکێن هیچی نەدرکاند، بەڵکوو بە شڵەژاوییەوە ملکەچی نیازی پوتین بوو و پەسەندی کرد. ڕەنگە و ڕێی تێ دەچێت دەزگای هەواڵگریی ڕووسیا کاری خۆیان بەجوانی نەکردبێت؛ ئەمە ئەگەرە، بەڵام ڕوون بوو کە ڕاستبوونەوە لە پوتین و شكاندنی قسەکانی چ ئاکامێکی لێ دەکەوێتەوە.
پوتین ڕژد بوو لەسەر ئەوەی ئۆکراینا زوو خۆی دەدات بە دەستەوە، ئەم بۆچوونەش زەقترین هەڵەی هەواڵگریی ئەو بوو لە ماوەی چارێگە سەدەیەک لە مانەوەی لەسەر کورسیی دەسەڵات. کە داگیرکارییەکە ئامانجە چاوەڕوانکراوەکەی بەدەست نەهێنا، پوتین دەستی کرد بە سەرزەنشتکردنی فەرماندە تەناهییەکان و تەنانەت هەندێکیانی دەستگیر کرد. بەڵام پوتین کەوتە چاڵێکەوە کە خۆی لێی دابوو. وەک زۆربەی سەرکردە دەسەڵاتخوازەکان، ئەو کەشێکی خوڵقاندبوو کە فەرماندەکانی تەنیا ئەو شتانەیان بە گوێیدا دەسرتاند کە خۆی حەزی لێ بوو. ئامانج لە هەواڵگریی دەوڵەت هاندانی سەرکردەکانە بۆ ئەوەی پرسیاری بەجێ بکەن و بە هەڵسەنگاندنە بەراییەکانیان دابچنەوە. ئەگەر چی بەشێک لە ئەرکی ئەفسەرە هەواڵگرییەکان بریتییە لە خۆگونجاندن لەگەڵ ئامانجە لەپێشینەییەکانی سیاسەتی دەرەوە و بەرژەوەندی و هەروەها شێوازی دڵخوازی سەرکردەکان بۆ وەرگرتنی ڕاپۆرت، بەڵام هەندێکجار باشترین خزمەت دەزگایەکی هەواڵگری بۆ وڵاتەکە بیکات ئەوەیە کە، بەر لە ئەنجامدانی هەڵەیەکی کوشندەی سیاسی، ڕووبەڕووی سەرکردەکان ببێتەوە و باریکە ڕێی سەرکەوتنیان پێ پیشان بدات.
هەموو دنیا ئیرەیی بە توانا هەواڵگرییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەبات، بەڵام، لە ژێر دەسەڵاتی دۆناڵد ترەمپ، وا خەریکە ئەم توانستە لە ژێر فشاری پۆپۆلیزم و ڕەفتاری خۆویستانە کز دەبێت. ترەمپ زۆرجار بەهای زانیاریی هەواڵگری دادەلەنگێنێت و پەلاماری ئەو دامەزراوانە دەدات کە بەرهەمیان دێنن. لە کۆتایی مانگی حوزەیران، هەر ڕۆژێک بەر لە بۆردوومانکردنی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، ترەمپ وتەی تولسی گاباردی بەڕێوەبەرەی هەواڵگریی نیشتیمانی ڕەت کردەوە کە گوتی تاران بە هیچ شێوەیەک لە گەیشتن بە چەکی ناوەکی نزیک نییە. سەبارەت بە وتەکەی گابارد، ترەمپ گوتی، "لام گرنگ نییە چی دەڵێت." هەروەها، دوای لێدانە ئاسمانییەکان ترەمپ ڕای گەیاند کە بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران "بە تەواوی و بەیەکجاری وێران کران،" لە کاتێکدا ڕاپۆرتێکی بەراییی ئاژانسی هەواڵگریی بەرگری (DIA) زیانەکانی گورزە ئاسمانییەکەی بە کەمتر خەمڵاندبوو.
لە لایەکەوە ترەمپ لە بایەخی زانیاریی هەواڵگری کەم دەکاتەوە، لە لایەکی دیکەوە هەلومەرجێک لەناو کابینەکەی دروست بووە کە بەرپرسانی نزیک لە خۆی هەڵسەنگاندنەکان بە گوێرەی ئارەزووی ئەو دەهۆننەوە. بۆ نموونە، پیت هێگسێتی وەزیری بەرگری، سەبارەت بە ڕادەی زیانی بۆردوومانەکان بۆ بنەکە ئەتۆمییەکانی ئێران، دەمەلاسکەی بۆ قسەکانی ترەمپ کرد و قسەکانی ئەوی جووییەوە، بەم کردارەشی ئەو ڕاپۆرتەی ڕەت کردەوە کە وەزارەتەکەی خۆی ئامادەی کردبوو. کارۆلین لێڤیتی سکرتێری کۆشکی سپیش هەڵسەنگاندنەکەی ئاژانسی هەواڵگریی بەرگری بە هەڵە ناو برد. هاوکات، گابارد و جۆن ڕاتکلێڤی بەڕێوەبەری سی ئای ئەی، بەپەلە ڕایان گەیاند کە "زانیاریی هەواڵگریی نوێ"یان دەست کەوتووە تا پشتگیریی لە بڕیارەکەی ترەمپ بکەن - بەڵام هەرگیز ڕوونیان نەکردەوە کە چ زانیارییەکیان دەست کەوتووە.
ترەمپ خۆی دەورە داوە بە کەسانێک کە تەنیا بە کەیف و ئارەزووی ئەو دەجووڵێنەوە، زۆرێک لە بەرپرسەکانیش پاشخانی سیاسی و ئەزموونی پێویستییان نییە. بۆ نموونە، کەسێکی تازە دەرچوو لە زانکۆ و بێ ئەزموون لە بواری ئاسایشی کردووە بە بەڕێوەبەری دامەزراوەیەکی گرنگی وەک نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە وەزارەتی ئاسایشی نیشتیمانی. دەکرێت بڵێین کە ئاژانسە هەواڵگرییەکانی ئەمەریکا خەریکە شەقڵێکی تەواو سیاسی وەردەگرن و، تەنیا کاریان دەبێتە پاساو هێنانەوە بۆ بڕیارەکانی ژوور خۆیان، نەک پێدانی ڕاوێژ و ڕێنمایی. ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەمەریکا لە بەر دەم هەڕەشەی زەقی ئاسایشی نیشتیمانییە، لە نێوانیاندا تۆڵەی چاوەڕوانکراوی میلیشیاکانی سەر بە تاران دوای هێرشی واشنتۆن بۆ سەر ئێران، کە ڕەنگە تۆڵەکە لە شێوەی تیرۆر یان هێرشی سایبەری بێت. بە هەر حاڵ، شکستی هەواڵگری دەرئەنجامی قووڵی دەبێت و مەترسیی سەرهەڵدانی شکستەکەش ڕوو لە زیادبوونە.
گوێ لە پیاوخراپ مەگرە
زانیاریی هەواڵگری دەکرێت کورت بێنێت، هەموو دەوڵەتێک کەم تا زۆر دووچاری ئەم شکستە دەبێتەوە. چەندی بارودۆخەکە لەبار بێت، هەڵدانەوە و هەڵسەنگاندنی دروست بۆ بابەتی نهێنی کارێکی زەحمەتە، مرۆڤ لە کۆکردنەوە و شرۆڤەکردنی زانیاری لەوانەیە دووچاری هەڵە ببێتەوە. بەڵام شێواندن و کەمبایەخکردنی بە ئەنقەست مەترسیی شکست زیاتر دەکات. ڕژێمێکی دیکتاتۆری بێنە بەر چاوی خۆت کە، سەرۆکەکەی، تەنیا خۆی پێ ڕاست بێت و هیچ بۆچوونێکی دیکە نەسەلمێنێت: لە هەلومەرجێکی وەهادا ئەفسەرانی هەواڵگری درک بەوە دەکەن کە ڕاستی لە بەر دەم هێزدا برەوی نییە، دۆستایەتی بەسەر هێزدا زاڵە، مەراییکردن شوێن بە بۆچوونی دروست لەق دەکات، "ڕاستیی جێگرەوە" بۆ ئارەزوو بزواندنی سەرۆک دەخرێتە ڕوو. لەم ڕووەوە، هەر هەڵسەنگاندنێک کە لە نیازپاکییەوە کرابێت و پێچەوانەی بۆچوونی سەرۆکەکە بێت دەبێت بە کپی بمێنێتەوە ئەگەرنا خاوەنەکانی بە ناپاکی لەقەڵەم دەدرێن و سزا دەخۆن. ئەگەر بۆشاییەک بۆ ملکەچنەبوون و خستنەڕووی بۆچوونی ڕاڤەکراو بە شێوەیەکی بوێرانە نەبێت ئەوا سەرۆکەکان لەسەر زانیاریی هەواڵگریی هەڵە بڕیار دەدەن. سەرلەقاندنی ناریشکێن نموونەیەکی زیندووی ئەم قسەیە.
ئەمڕۆ ئەمەریکا ڕووبەڕووی هەمان مەترسی بووەتەوە. پۆپیولیزمی ترەمپ بە گومانێکی قووڵ لە دەسەڵاتی دامەزراوەیی و ئایەخکردنی پێگەی شارەزایان، دەناسرێتەوە، ئەمەش چونکە ئەوان ڕاستی و شرۆڤەی وەها دەدەنە دەست کە لەگەڵ بیر و بۆچوونی ناگونجێن. ترەمپ، وەک دیکتاتۆرەکان، خۆی بە کەسانێک دەورە داوە کە لە جوغزی ئەو دەخولێنەوە. بۆ نموونە، تەواوی بەرپرسەکانی دەوروبەری کۆکن و ڕایان گەیاندووە کە هەڵبژاردنی ساڵی 2020 لە ترەمپ "دزراوە." ئەم کەلتوورە لە شرۆڤەی بەسیاسیکراو و خۆبەکەمگرتن و چەپاندنی ڕاستییە نادڵخوازەکان، کەشێک دروست دەکەن کە تێیدا دامەزراوەی هەواڵگری شکست بهێنێت - ئەمەش لە دەوڵەتە دیکاتۆرەکان باوە.
بۆ ئەوەی خزمەتی ترەمپ بکەیت پێویستە گومانی لە دڵسۆزیت نەبێت، لێهاتوویی و ئەزموون کەمتر گرنگن لای ئەو. بێگومان، سەرۆکی ئەمەریکا، تا ڕادەیەک، دەبێت لە دڵسۆزیی کارمەندەکانی دڵنیا بێت، بەڵام کابینەکەی ترەمپ لەم ڕووەوە پەراوێزی ئەو باسانەی تێ پەڕاندووە. چەند کەسێکی کارامە، کە چەندین ساڵە خزمەت دەکەن، پرسیاریان لێ کرابوو دەنگیان بە کامە کاندیدی سەرۆکایەتی دابوو بەر لەوەی بڕیار بدرێت لە پێگەی خۆیان لە دامەزراوەکانی ئاسایشی نەتەوەیی بمێننەوە، سەرەڕای ئەوەی پێگەکان بە هیچ جۆرێک سیاسی نەبوون. ئەم چەشنە لە هەڵسەنگاندن کارمەندە لێزانەکان کەنارگیر دەکات و ئەوانەشی دەمێننەوە وایان لێ دێت بیر لە خۆگونجاندن بکەنەوە بۆ مانەوە.
فەرماندە باڵاکانی هەواڵگری، کە خزمەتی سەرۆکێکی دیکتاتۆر یان پۆپیولیست دەکەن، زۆرجار چالاکییەکانی ئاژانسەکانی خۆیان بە گوێرەی حەز و ئارەزووی سەرۆکەکە دادەڕێژن. ئەمە وا دەکات سەرنجە هەواڵگرییەکان لەسەر هەڕەشە ڕاستەقینەکان نەمێنن. بۆ نموونە، کاش پاتێلی بەڕێوەبەری نووسینگی فیدرالیی لێکۆڵینەوە (ئێف بی ئای)، سامانی نووسینگەکەی خستووەتە خزمەت پرسی بنبڕکردنی کۆچ و تاوانی کوشتن، ئەمە وای کردووە ئێف بی ئای لە بە تەواوی بە چەند پرسێکی گرنگی وەک تیرۆر و تاوانی سایبەری و هەروەها چالاکییە هەواڵگرییەکانی ڕووسیا و چین لە ئەمەریکا، ڕا نەگات. ڕاستە، بەرەنگاربوونەوەی تاوانە مەترسیدارەکان ئەرکێکی پیرۆزە، بەڵام، سەرەڕای ئەمەش، پاراستنی ئاسایشی نیشتیمانیی ئەمەریکا پشت بە دامەزراوەیەکی وەک ئێف بی ئای دەبەستێت تا ڕووبەڕووی زۆر جۆری دیکەی مەترسی ببێتەوە.
چەندان نموونەی دیکەی هەن کە دەریدەخەن کابینەکەی ترەمپ یەکە هەواڵگرییەکانی پەراوێز خستووە یان پەکی خستوون یان توانستەکانی لە خزمەت بەرژەوەندیی سیاسی بەکار هێناون و لە مەترسییە ڕاستەقینەکان دووری خستوونەوە. لە سەرەتای مانگی ئایار، گابارد ڕێنمایی دامەزراوە هەواڵگرییەکانی ئەمەریکا کرد تا کارەکانیان لە گرینلاند چڕ بکەنەوە. گرینلاند هەرێمێکی سەربەخۆی هاوپەیمانێکی ناتۆیە، بە هیچ جۆرێک بۆ ئەمەریکا هەڕەشە نییە، تاکە ئامانجی ئەم چڕبوونەوە هەواڵگرییە بریتیی بوو لە پشتگیریکردنی پێشنیازی ترەمپ بۆ داگیرکردنی دوورگەکە. توانای دامەزراوە هەواڵگرییەکان سنووردارە، ئەگەر سەرچاوەکانیان بخەنە خزمەت مەترسیی پووچەڵ و داگیرکردنی خاکی وڵاتانی دیکە، لە پلانگێڕیی دوژمنانی وەک چین و ئێران و ڕووسیا بێ ئاگا دەبن.
ئامانجەکە دڵڕازیکردنە
سیاسەتمەدارەکان حەز دەکەن وێنەی گەورە بشێوێنن و شتێکی دڵخوازی خۆیان زەق بکەنەوە و هەروەها بۆچوونە دژەکان بێ بایەخ بکەن، هەر وەک چۆن ترەمپ ڕاپۆرتە بەراییەکەی ئاژانسی لێکۆڵینەوەی بەرگری، سەبارەت بە زیانی پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران، بە "ناتەواو" لەقەڵەم دا. بە هەر حاڵ، ترەمپ یەکەم سەرۆکی ئەمەریکا نییە کە سامانی هەواڵگری بخاتە خزمەت چیرۆکێکی سیاسیی دیاریکراوەوە. سەرۆک لیندۆن جۆنسۆن، کە لە کۆتایی شەستەکان سەبارەت بە سستی پێشڕەوییەکانی سوپا لە ڤێتنام تووشی نائومێدی بووبوو، هەڵسەنگاندنێکی گەشبینانەی پێنتاگۆنی بەسەر ڕاپۆرتێکی ڕەشبینی هەواڵگریی ڕاشکاند، ئەمەش وای کرد ڕادەی تێگەیشتنی لە شەڕەکە کورت بهێنێت و هیوای درۆیینە لەسەر ئامانجی گەورە هەڵبچنێت. بە هەمان شێوە، دۆناڵد ڕامسفێڵدی وەزیری بەرگری، لە ساڵی 2002، نووسینگەیەکی بە ناوی نووسینگەی پلانی تایبەت لە پێنتاگۆن دامەزراند تا پێوەندییەک لە نێوان عێراق و قاعیدە دابمەزرێنێت تا پاساو بۆ هێرشکردنە سەر بەغدا دروست بکات، دوای ئەوەی سی ئای ئەی پێی وابوو هیچ شتێک نییە ئەو دوو لایەنە پێکەوە ببەستێتەوە.
لە هەردوو نموونەکەی سەرەوە، هەواڵگریی سندمکراو و ئاڕاستەکراو سەرۆکەکانی ئەمەریکای بەرەو شکستی ستراتیژی بردووە، بەڵام پێ ناچێت کابینەکەی ئێستای ترەمپ سوودی لەو وانانە بینیبێت. لە مانگی ئایار، گابارد سەرۆک و جێگری ئەنجومەنی هەواڵگریی نیشتیمانی دەرکرد دوای ئەوەی سەلماندیان کە باندی تاوانی (ترین دی ئاراگوا) سەر بە حکوومەتی ڤەنزوێلی نییە، چونکە ترەمپ پێشتر پێچەوانەی ئەو قسەیەی کرد تا ڤەنزوێلییەکان لە خاکی ئەمەریکا بخاتە دەرەوە. کە سەرەتا دەرئەنجامی هەڵسەنگاندنەکەیان خستە ڕوو، بەڕێوەبەری نووسینگەی گابارد داوای لە ئەنجومەنەکە کرد "تێهەڵچوونەوە" بۆ بەڵگەکان بکەن و "بە جۆرێک دایبڕێژنەوە" تا "لە دژی" گابارد یان ترەمپ بەکار نەهێنرێت. ئەمە داوایەکی سیاسیی پەتی بوو. بەرپرسانی ئەنجومەنی هەواڵگری لەسەر دەرئەنجامە سەرەتاییەکان سور بوون، ئەمەش وای کرد لە کارەکانیان لا ببرێن.
بەرپرسە هەواڵگرییەکان بە هۆی خستنەڕووی هەڵسەنگاندنی بەڵگەدار دەردەکرێن، کردەوەیەکی لەم چەشنە وا دەکات ئەوانی دیکە، لە پێناو مانەوەی خۆیان، ملکەچی و پەستی بنوێنن، ئەم دوو تایبەتمەندییەش زیاتر لە سیستەمە دیکتاتۆرییەکان دەبینرێن. لەوانەیە شرۆڤەکارە بوێرەکان چی دیکە لە پێی خۆیان زیاتر بەڕ ڕانەکێشن، ئەگەر بڕیاریش وا بێت کە سەرۆک تەنیا ئەو هەڵسەنگاندنانەی گوێ لێ بێت کە خۆی ئارەزووی لێیە وەک ئەوە وایە لە ژوورێک هاوار بکات و هەر دەنگی خۆی گوێ لێ بێتەوە. لە هەلومەرجێکی وەهادا هیچ بڕیارێکی دروست بە سوودوەرگرتن لە واقیع نادرێت.
لێکەوتەکانی بەسیاسیکردنی هەواڵگری تەنیا لە کۆشکی سپی قەتیس نابن، بەڵکوو بۆ شوێنی دیکەش پەل دەکوتن. ئەو دەمەی کابینەکەی بووشی بچووک بە هەڵپەی داگیرکردنی عێراق چووە جەنگەوە و هەڵسەنگاندنەکانی ناڕاست دەرچوون، دامەزراوە هەواڵگرییەکانی ئەمەریکا لە لای شەقامی ئەمەریکی و هەروەها خەڵکی وڵاتانی دیکە متمانەیان لەدەست دا. ئەمڕۆ هەمان ترسی نەمانی متمانە لە ئارادایە. ئەگەر هاوپەیمانانی ئەمەریکا نەتوانن پشت بە هەواڵگریی ئەمەریکا ببەستن یان نیگەرانییان سەبارەت بە بەسیاسیبوونی دامەزراوە هەواڵگرییەکانی خۆیان بۆ دروست بێت، لەوانەیە لە پێدانی زانیاریی هەواڵگریی بە ئەمەریکا سستیی زیاتر بنوێنن، لە کاتێکدا کارکردن لەگەڵ هاوپەیمانان کۆڵەکەیەکی گرنگیی هەواڵگریی ئەمەریکایە. ڕاستە، واشنتۆن توانایەکی هەواڵگریی لەڕادەبەدەری هەیە، بەڵام بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت قەرەبووی ئەو زیانە بکاتەوە کە لە ئاکامی کوێربوونەوەی سەرچاوەی ئەو زانیاری و شرۆڤانە دروست دەبێت کە هاوپەیمانەکانی پێی دەدەن.
فیشەک بە پەیامهێنەکەوە بنێ
کابینەکەی ترەمپ چەندین جار لە میدیا بانگەشەی ئەوەی کردووە کە دەیانەوێت دامەزراوە هەواڵگرییەکان لە کاریگەریی سیاسی دابشۆرن، بەڵام، لە ڕاستیدا، خودی کابینەکە دامەزراوەکانی پتر بارگاویی کردووە بە سیاسەت چونکە فشاریان دەخاتە سەر بۆ داڕشتنی هەڵسەنگاندن بە گوێرەی حەزی سەرۆک و ئەو هەڵسەنگاندنانە پەراوێز دەخات کە لەگەڵ خواستی ئەو یەک ناگرنەوە، دەرکردنی ئەو بەرپرسانەی بۆ سەرۆک "دڵسۆز نین" و، هەروەها هەراسانکردنی کارمەندانی حکوومی لە ڕێی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی هەرەمەکی بۆ ئاشکراکردنی درۆ (پۆلیگراف) بە ناوی لێکۆڵینەوەی دزەپێکراو. کارمەندانی کەرتی گشتی لە ئەمەریکا درک بەوە دەکەن کە پێگەکانیان بە ملکەچبوون بە ئارەزووەکانی کابینەکە بەندە، لەوانەیە وەک سەرۆک و جێگری ئەنجومەنی هەواڵگریی نیشتیمانی، تەنیا لەسەر ڕاپەڕاندنی ئەرکی خۆیان، دەربکرێن. ئەو نووسینگانەش لە سەردەمی جۆ بایدن بۆ پرسی یەکسانی و هەمەڕەنگی و پێکەوەژیان [و: برەویان بە هاوڕەگەزخوازی دەدا] دانراون لەوانەیە دابخرێن و کارمەندانیان دەربکرێن، چونکە کارەکانیان لەگەڵ ویستی کابینەکەی ترەمپ یەک ناگرنەوە. ڕەنگە وەک ئەو شەش کارمەندەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی، کە دوای ئەوەی ترەمپ لەگەڵ لاورا لوومەری چالاکوانی ڕاستڕەو کۆ بووەوە لە کارەکانیان بەخشران، ئەوانیش لە پێگەکانیان نەمێنن.
نواندن و مامەڵەکردن بە گوێرەی ئارەزووی کابینەی حکوومەت پشێوی ئیداری دروست کردووە. لە مانگی ئادار، ئیلۆن مەسکی ڕاوێژکاری ترەمپ و فەرمانگەکەی، فەرمانگەی کارامەیی حکوومەت، سەردانی بنکە سەرەکییەکانی سی ئای ئەی و ئاژانسی ئاسایشی نیشتیمانی کرد. دوای سەردانەکەی، هەزاران پلە و پۆست، لە ڕێی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەست و ناردنەوەی کاتی و خانەنشین بوون و دەسلەکارکێشانەوەی ئارەزوومەندانە، لەبار چوون. دەستلەکارکێشانەوە ئارەزوومەندانەکان لە ڕێی پێدانی بڕێک پارەوە دەکران، ئەمە ئامرازێکی سەرەکی وازهێنانی ئەفسەرە هەواڵگرییەکان بوو لە پێگەکانیان، ئەگەر چی بەشێک لەوانەی دەستیان لە کار کێشایەوە گوتیان کە میکانیزمەکە تا ڕادەیەک لەوانی دیکە باشتر بوو. جیابوونەوەی بە لێشاوی کارمەندانی هەواڵگری وای کرد کابینەکە لە ئەزموون و لێهاتووییان بێبەش بێت، لەوەش خراپتر ئەوەیە کە شوێنەکانیان بە کەسانی گەنج و لێوەشاوە و نیشتیمانپەروەر پڕ ناکرێتەوە چونکە کارەکانیان لە ڕەگەوە نەهێشت.
خۆی دەبێت ئەفسەرە هەواڵگرییەکان لە هەموو کەسێک سوود وەرگرن، تەسککردنەوەی بازنەی کارکردن بۆ کەسانێک کە تەنیا ملکەچی سەرکردەکان بکەن وا دەکات وزەیەکی زۆری هاووڵاتی بپوکێتەوە، ئەمەش بەش بە حاڵی خۆی بەشداریی هەواڵگریی لە دەوڵەتسازی کەم دەکاتەوە. بۆ نموونە، لە یەکێتیی سۆڤیەتی جاران تەنیا ئەندامانی حزبی کۆمەنیستی بۆیان هەبوو بچنە پاڵ دەزگای هەواڵگریی دەوڵەتەوە، ئەم پابەندییە کوێرانەی سۆڤیەت بە ئایدۆلۆژیای مارکسیستی-لینییستی زیانی بە توانای شرۆڤەکایی دەزگای هەواڵگریی گەیاندبوو، بەردەوام مژدەی نەبوونی یەکگرتوویی لە نێوان دەوڵەتانی ڕۆژئاوا و هەروەها بەهێزیی دەوڵەتە بریکارەکانی سۆڤیەت و بزووتنەوە شۆرشگێڕییەکانی بە گوێی کاربەدەستانی دەوڵەت دەدا. لە ماوەی جەنگی جیهانیی دووەم، دەزگای هەواڵگریی بەڕیتانی سوودی لە توانا زۆرەکانی ئالان تورینگ بۆ بەزاندنی تۆڕی پێوەندییەکانی ئەڵمانیا دەبینی چونکە زانایەکە مەیلی هاوڕەگەزخوازیی خۆی شاردبووەوە. بەداخەوە، ترەمپ بڕێکی زۆری بەهرە و توانای ئەمەریکییەکان، بە هۆی سنووردارکردنی بازنەی خزمەتکردن، لە بازنە هەواڵگرییەکان دوور دەخاتەوە. لە جیاتی ئەوەی ئەو کەسانە دابنێتەوە کە لە سی ئای ئەی و نووسینگەی بەڕێوەبەری ئاسایشی نیشتیمانی کاریان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی یەکسانی و پێکەوەژیان دەکرد، کابینەی ترەمپ هەمووانی دەرکرد و چالاکییەکانیانی پەک خست.
ئەگەر هاتوو دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمەریکا لە کارکردن وەک دامەزراوەکانی دەوڵەتێکی دیکتاتۆر بەردەوام بوون، ئەوا هێشتنەوە یان دامەزراندنی کارمەند کارێکی زەحمەت دەبێت. خۆی هەنووکە کارکردن لە کەرتی حکوومی شتێک نییە تاکێکی ئەمەریکی خەونی پێوە ببینێت یان حەزی پێی بێت. دەستی کاری ئێستا لە ئەمەریکا بێ ورە بووە، تەنیا بیری لای ئەگەری دوورخستنەوە و گێچەڵپێکردنییەتی لە لایەن ئەو حکوومەتەی خۆی خزمەتی دەکات. هەزاران کارمەندی هەواڵگری خەریکن بارگە و بنەیان تێک دەنێن و کارنامە نهێنییەکانیان پاک دەکەنەوە تا کاریان لە کەرتی تایبەت دەست بکەوێت. هێزی کارێکی شڵەژاو و ترستێگەڕاو هەرگیز ناتوانێت باڵاترین ئاستی خۆی پیشان بدات.
کابینەکەی ترەمپ مەیلی بە لای گوێگرتن لە تیۆری پلانگێڕیش هەیە. لوومەری چالاکوانی ڕاستڕەو، کە چووە ژێر کەڵکەڵەی ترەمپ بۆ دەرکردنی ژمارەیەکی زۆری کارمەندە هەواڵگرییە باڵاکان، بەوە ناسراوە کە زۆرجار وردە باسی تیۆری پلانگێڕی تێکەڵ بە وتارەکانی دەکات؛ بۆ نموونە، بەردەوام دەڵێت هێرشەکانی 11ی سێپتێمبەر "لە ناوەوە پلانی بۆ دانرابوو." هاوکات، دان بۆنگینۆی جێگری بەڕێوەبەری ئێف بی ئای، بە ئاشکرا گوتوویەتی "دەوڵەتی قووڵ" لە ئەمەریکا ڕاستییەکان لە خەڵکی ئەمەریکی پەردەپۆش دەکات، بە تایبەتی لە پرسی مردنی تاوانبار جێفری ئێپستین لە زیندان و هەروەها کوشتنی سەرۆک جۆن کەنەدی. هیچ یەکێک لەم گریمانانە پشتڕاست نەکراونەتەوە، بەڵام، پێداگرتنی ئاژانسێکی گرنگی وەک ئێف بی ئای لەسەر بوونی "دەوڵەتی قووڵ" کاریگەریی درێژخایەنی بەسەر متمانەی هاووڵاتییان بە کاری خودی ئاژانسەکە دەبێت.
زیانگەیاندن بە دامەزراوە هەواڵگرییەکان ئاسایشی ئەمەریکا دەخاتە مەترسییەوە. بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکیان بە شێوەیەکی دروست، ئاژانسە هەواڵگرییەکان پێویستییان بە هاوکاریی خەڵکە. بە نموونە، دەزگاکانی پۆلیسی فیدڕاڵی پشت بە هەواڵدانی هاووڵاتییان دەبەستن، ئەگەر بێتو جێگری بەڕێوەبەری ئێف بی ئای خۆی بڵێت دەزگاکەیان "نغرۆی گەندەڵییە" ڕەنگە خەڵک متمانەیان بە ئاژانسەکە نەمێنێت. لە لایەکی دیکەوە، ئەگەر هەر ڕووی دەمی وتاری پۆپیولیستی ئەو ڕۆژنامە و تەلەفزیۆنانەی لایەنگیریی ترەمپن لە هەڕەشە ناوەخۆییەکان بێت و ئاژانسەکانی هەواڵگری بە بڵاوکردنەوەی ئەو هەڕەشانە تۆمەتبار بکەن، ئەندامانی کۆنگرێس زەحمەتە بتوانن پاڵ بەو یاسایانەوە بنێن کە ئاسانکاریی بۆ کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگری دەکەن. بۆ نموونە، کە سەرەتای ئەمساڵ، دەست کرا بە کاراکردنی بڕگەی 702 لە یاسای چاودێریی هەواڵگریی دەرەکیی ساڵی 2008، کە تایبەتە بە ڕێپێدان بە حکوومەتی ئەمەریکی بە چاودێریکردنی خەڵکی بیانی لە دەرەوەی ئەمەریکا، هەر ئەو کەسانەی ئێستا ئێف بی ئای بەڕێوە دەبەن دەنگی خۆیان خستە پاڵ میدیا ڕاستڕەوەکانەوە و بڕگە یاسایەکەیان بە جۆرێک خستە ڕوو کە خزمەت بە دەوڵەتی قووڵ دەکات. لە کۆتاییدا بڕگەکە هەر تێ پەڕێندرا، بەڵام کۆسپ دروستکردن بۆی ملکەچبوونی ئاژانسە هەواڵگرییەکانی بۆ وتاری سیاسیی فوتێکراو دەرخست.
شێوەی گریمانەکراوی شکست
دۆناڵد ترەمپ زۆر حەزی بە زانیاریی هەواڵگری نییە، هەفتانە تەنیا یەک جار ڕاپۆرتی هەواڵگری بۆ بەرز دەکرێتەوە، لە کاتێکدا سەرۆکەکانی پێش خۆی بە گشتی شەش ڕاپۆرتیان وەردەگرت. پێ دەچێت باکی بە سوودەکانی سامانی هەواڵگری نەبێت، بەڵکوو بە گوێرەی حەزی خۆی دەجووڵێتەوە و دەڵێت بڕیارەکانی لەسەر "هۆشیاریی گشتی - Common Sene" ڕۆنراون. ئەم چەشنە وتارەش سیمایەکی پۆپیۆلیستیی پەرچەکرداری هەیە کە هیچ خزمایەتییەکی لەگەڵ کۆکردنەوە و شیکردنەوەی بابەتییانەی هەواڵگرییەوە نییە. ترەمپ گرنگی بە دروشم دەدات لەبری ناوەڕۆک، چیرۆک بەسەر هزر زاڵ دەکات، پەرۆشی دەخاتە خزمەت بیردۆزی هەڵگەڕانەوە، خۆی لە وردەکاری دەدزێتەوە و هەروەها لەبری ئایدۆلۆژیایەکی دیاریکراو پشت بە هەستەوەر دەبەستێت - ئەمەش بە ڕوونی لە بەربەرەکانێیەکەی لەگەڵ ئابووریناسان سەبارەت بە لێکەوتە نەرێنییەکانی سەپاندنی گومرگی بەسەر وڵاتان ڕەنگی دابووەوە. وا پێ دەچێت زانیاریی هەواڵگری تەنیا ئەوکاتە بۆ ترەمپ جێی بایەخ بێت کە بۆچوونەکانی خۆی پشتڕاست بکەنەوە، ئەگەرنا بە هیچ جۆرێک ڕێ نادات ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکان کار لە بۆچوونەکانی بکەن یان وێنەکەی لە گۆشەیەکی دیکەوە پێ پیشان بدەن.
شێوازی ترەمپ لە مامەڵەکردن لەگەڵ دەزگا هەواڵگرییەکان لەوانەیە شکستی هەواڵگری لێ بکەوێتەوە، ڕەنگە سەر بکێشێت بۆ پەلامارێکی لەپڕی چەکداری بۆ سەر ئەمەریکا یان هەڵە خوێندنەوەی نیازی دوژمن یان کورتهێنان لە لێکدانەوە بۆ پێشبینیکردنی ڕووداوێکی دیاریکراو. ترەمپ پێشتریش هۆشدارییەکانی پشتگوێ خستووە. لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەی، زانیارییەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای لە ئەمەریکا فەرامۆش کرد و نەیهێشت دامەزراوە پێوەندیدارەکان ڕێوشوێنی پێویست بگرنە بەر، هەروەها گشت ئەو ڕاپۆرتە هەواڵگرییانەی فەرامۆش کرد کە پێشبینی هێرشکردنە سەر کۆنگرێسی دەکرد لە 6ی کانوونی دووەمی 2021.
ڕەنگە شتێکی هاوشێوە لە خولی دووەمی سەرۆکایەتییەکەی دووبارە ببێتەوە. لەوانەیە ئەو هۆشدارییانەی بێباکانە ڕەت دەکرێنەوە چی تر نەگەن، ڕەنگە ترەمپ بەردەوام بێت لە چاوپۆشیکردن لە ڕاپۆرتە گرنگەکان. ئەگەر هەیە بەرپرسەکان ئەوەندە ترسیان لە کاردانەوەی ترەمپ هەبێت کە هەڵسەنگاندنەکانی بە دروستی پێ نەدەن، تەنانەت ئەگەر سەبارەت بە بابەتێکی مەترسیداری وەک چالاکی توندڕەوی یان جموجۆڵی هەواڵگریی ڕووسیا بێت، نەوەک لەگەڵ بیرکردنەوەکانی نەگونجێن و سەرئەنجام لە پلەکانیان بیانبەخشێت. لە خۆڕا نییە کە برایان ئۆنێلی گەورە ڕاوێژکاری پێشووی سی ئای ئەی مانگی ڕابردوو گوتی، "شکستی ئەمجارەی هەواڵگری شتێکی لەپڕ نابێت، بەڵکوو بڕیارێکی وردبینیکراو و ڕێکخراو دەبێت."
لەوانەیە ترەمپ هەر خۆی لە شکستێکی هەواڵگری لەم جۆرە بێبەری بکات و هەوڵ نەدات بەر بە دووبارەبوونەوەی بگرێت، بۆ ئەو ئاسانترە سەرزەنشتی دامەزراوەکان بکات و تۆمەتباریان بکات، ڕەنگە هەر بڵێت ئاژانسە هەواڵگرییەکان لە دژی ئەو پلانیان گێڕاوە. هەر چاکسازییەک کە کابینەکەی ترەمپ دوای شکستێکی هەواڵگری خستبێتیانە ڕوو خزمەتی بەسیاسیکردنی بواری هەواڵگری کردووە و سەربەخۆیی دامەزراوەکانی ئەم بوارەی خستووەتە ژێر پرسیارەوە و هەروەها دەسەڵاتی جێبەجێکردنی دەستواڵاتر کردووە لە دەستکاریکردنی بودجە و کارمەند و سنووری دەسەڵاتەکانی.
ئەگەر تیپێکی وەرزشی لێهاتوو بێت، با ڕاهێنەرەکەش لە ئاستی پێویست نەبێت، هێشتا لە کولانەیەک دەتوانێت ئاسۆی سەرکەوتن ببینێت. ئەگەر ئەمەریکا لە ماوەی چەند ساڵی داهاتوودا خۆی لە شکستێکی هەواڵگری بپارێزێت، ئەوا دەبێت سوپاسی کارامەیی و دڵسۆزیی دامەزراوە هەواڵگرییەکان بکەین. بەڵام کۆت و بەند لەسەر ئەو دامەزراوانە دانراوە، ناتوانن بگەن بە ترۆپکی ئاستی خۆیان، بە تایبەتی ئەگەر بەردەوام گێچەڵیان پێ کرا و فەرامۆش کران و خرانە قاڵبی سیاسییەوە. ترەمپ خۆی بە سەرچاوە سرووشتییەکانی وەک نەوت و گاز و تەختە و کشتوکاڵ خەریک کردووە، ئاوڕ لە سەرچاوەیەکی مرۆیی بەنرخی وەک هێزی هەواڵگریی ئەمەریکا ناداتەوە. پاراستنی ئاسایشی ئەمەریکا بۆ ئەمڕۆ و نەوەکانی داهاتوو بەندە بە مشتوماڵکردن و بەڕێوەبردنی ئەو سەرچاوە گرنگەوە.
محەمەد کامەران کردوویەتی بە کوردی