لەكاتێكدا زیاتر لە مانگێكە نرخی 100 دۆلار لە نێوان 140 بۆ 141 هەزار دینارە، هاووڵاتییان گلەیی ئەوە دەكەن كە نرخی خۆراك و كاڵاكان بەراورد بەوكاتەی 100 دۆلار بە 150 هەزار دینار بوو دانەبەزیوە، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی هەولێریش ئاماژە بەوە دەكات كە ئەو نرخەی ئێستەی دۆلار ئەگەر زیاتریش دابەزێت، كاریگەریی لەسەر نرخی بازاڕ نابێت، چونكە هەر خۆی كۆمپانیاكان بە نرخی 132 هەزار دینار بۆ 100 دۆلار لە بانكی ناوەندی وەردەگرن.
هۆگر عەلی بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی هەولێر بە "وشە"ی راگەیاند، بەرزبوونەوە و دابەزینی نرخی دۆلار كاریگەریی لەسەر نرخی خۆراك و كاڵاكان لە بازاڕ نابێت، چونكە كۆمپانیاكان 100 دۆلار لە بانكی ناوەندی بە 132 هەزار وەردەگرن و بە عمولەوە دەگاتە 134 هەزار دینار، مامەڵەی كۆمپانیاكانیش لەگەڵ ماركێت و شوێنەكانی تر بە دینارە، بۆیە ئێستە نرخی 100 دۆلار بە 134 هەزار دینار لەسەر كۆمپانیا و بازرگانەكانە، لەكاتێكدا لە بازاڕ بە 141 هەزار دینارە، واتە نرخ ناگۆڕێت لە حاڵەتی دابەزین یان بەرزبوونەوەی دۆلاردا.
روونی كردەوە، تەنیا بەرزبوونەوەی دۆلار كاریگەریی لەسەر نرخی گۆشتی بەستوو دەبێت، چونكە مامەڵەكەی بە دۆلارە و ئەگەر دۆلار بەرز بێتەوە، نرخی ئەویش بەرز دەبێتەوە، هەموو شتەكانی تر مامەڵەیان بە دینارە، ئێمە بەردەوام چاودێریی بازاڕ دەكەین بۆ ئەوەی نرخەكان گۆڕانكارییان بەسەر نەیەت، ئێستەش ماوەیەكە نرخی دۆلار بەرانبەر بە دینار دابەزیووە، ئەمە ناكات هەرزانبوونی شتەكان، چونكە هەر خۆی دۆلار لە خوار ئەو نرخەوەیە بۆ كۆمپانیاكان، تەنیا لە حاڵەتێك زیاتر دادەبەزێت كە نرخی دۆلار بۆ نموونە بچێتە 130 هەزار دینار بۆ هەر 100 دۆلارێك.
لای خۆیەوە نەوزاد شێخ كامیل بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێم بە "وشە"ی گوت، سێ هۆكار هەیە وای كردووە ئێستە نرخەكان بەو جۆرەن لە بازاڕدا، هەندێكیان هەر خۆیان گرانن، هەندێك لەوانە پێشتر كۆمپانیاكان بە نرخی بەرزی دۆلار كڕیویانە، بەڵام ئەگەر نرخی دۆلار بەردەوام لەو نرخەی ئێستە بمێنێتەوە، لە مانگەكانی داهاتوو نرخەكان لە بازاڕ هەرزان دەبێت، بە گشتی نرخەكان لە بەرزبوونەوەیە، چونكە دۆخی ناوچەكە و شەڕ وای كردووە رێگری بۆ گەیاندن و درەنگ گەیشتن و گۆڕینی ئاراستەی هاتنی شتەكان دروست ببێت، ئەمەش وای كردووە نرخەكان بەو شێوەیە بمێننەوە بە بەرزی، بەڵام ئێمە بەردەوام چاودێریی بازاڕ دەكەین، لەو كاتەی شەڕ هەبوو خواردنێكی زۆرمان خستە بازاڕەوە.
ئەو باسی لەوەش كرد، ئەو نرخەی ئێستەی دۆلار ئەگەر بەو شێوەیە بمێنێتەوە، لە مانگەكانی داهاتوو كاریگەریی لەسەر دابەزینی خۆراك و شمەك هەیە، ئێمە هەمووكات لێپرسینەوە و بەدوادچوون بۆ نرخ دەكەین و ئاگەداری بازرگان و كۆمپانیاكانین، نرخ لە بازاڕ شتێكە بەردەوام لەژێر چاودێریدایە و رێگەنادەین شتی نایاسایی و نائاسایی رووبدات و كاریگەریی خراپ لەسەر هاووڵاتییان دروست بكات.
لەوبارەوە سۆران رەحیم خاوەنی ماركێت بە "وشە"ی گوت، ئێمە نرخ لە بازرگان و كۆمپانیاكان وەردەگرین، ئەوان نرخ دابەزێنن، ئێمەش بە كەمتر دەیگەیەنینە دەستی هاووڵاتی، بۆیە ئەگەر نرخەكان هیچ گۆڕانكارییان تیادا روونەدات، ئێمەش ناتوانین گۆڕانكاری دروست بكەین و هەرزانی بكەین، هەركات نرخ لەسەر ئێمە دابەزی، ئێمەش دایدەبەزێنین، هەندێك شتیش هەیە نرخی هەرزان بووە و ئێمەش لەسەر هاووڵاتیی دایدەبەزێنین.
بۆ قسەكردن لەوبارەوە "وشە"، پێوەندی بە شێخ مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان سەرۆكی یەكێتی هاوردە و ناردنكارانی هەرێمی كوردستان كرد، بەڵام وەڵامی پێوەندییەكانی نەدایەوە.
وشە/ هۆشیار عەلی