"نیویۆرك تایمز" هۆشداری لە تیرۆری ئێرانی لە ئەمەریكا دەدا

:: PM:03:37:03/07/2025 ‌
پاش ئەوەی سەرۆك ترەمپ فەرمانی لێدانی دامەزراوەی ناوكی ئێرانی دا، بەرپرسانی ئەمەریكا، ئاگاداریی بەپەلەیان لەسەر هێرشی تیرۆریستیی چاوەڕوانكراو لە ئەمەریكا بڵاو كردەوە، لەوانەیش ئاگاداری لەوەی تاران دەتوانێ شانە نوستووەكانی بەرەو هێرش، ئاراستە بكات. 

كاتێك ئێران بڕیاری یەكلاكەرەوەی دابوو بۆ "كوشتنی ترەمپ" لە كاتی كەمپینی هەڵبژاردنی 2024دا، كەناڵە نوستووەكانی چالاك نەكرد یا هەوڵی نەدا بریكارە تایبەتەكان بە نهێنی بنێرێتە ناو ئەمەریكا. بەپێی گوتەی تاوانبار كە لەلایەن وەزارەتی دادی ئەمەریكاوە بڵاو كرایەوە، لە جیاتی ئەمە، فەرماندەیەكی سوپای ئێران ئەم كارەی بە "فەرهاد شاكەری" سپارد، پیاوێكی ئەفغانی كە لە تاران دەژیا. هەروەها شاكەری دوو پیاوی بەكار هێنا كە دەیەیەك پێش ئێستە لە زیندانێكی ئەمەریكیدا ناسیبوونی كە ئەوانیش، كارلایل "پۆپ" ڕیڤیرا، كارمەندی بواری بۆڕی، لە بڕوكلین و هاوڕێكەی جۆناسن لۆدهۆڵت، لە دوورگەی ستایتن بوون. بەڵام ئاژانسە فیدراڵییەكان پیلانەكەیان بۆ دەركەوت و ڕیڤیرا و لۆدهۆڵتیان گرت.

ئەمە تەنیا یەكێك بوو لە چەندان حاڵەتی ئەم دواییە كە دادگاكانی ئەمەریكا دەڵێن، حكوومەتی ئێران هەوڵی داوە كەسانێك بە كرێ بگرێت، لەوانە: گانگستەرانی ڕووسی، پیاوكوژانی شارەزای ناو كارتێلی مادە هۆشبەرەكانی مەكسیك و ئەندامێكی هێڵز ئەینجڵی كەنەدی، بۆ ئەنجامدانی كردەوە توندوتیژەكان لە ئەمەریكا. 
ڕەنگە ئێران نكوڵی لە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی بكات، چونكە پیلانەكانی بە كەسانێك دەسپێرێت كە هیچ پێوەندیی ئاشكرایان بە وڵاتەكەیەوە نییە. بۆیە لە كانوونی دووەمدا سەرۆكی ئێران دووپاتی لەوە كرد، "حكوومەتەكەی هەرگیز فەرمانی بۆ كوشتنی ترەمپ دەرنەكردووە"، بەڵام بەكارهێنانی ئەم لایەنی سێیەمە نائاشنایانە، دەتوانێت نیشانەی ئەوە بێت كە ئێران ئەو تۆڕە بریكارە ڕاهێنراوانەی نییە لەناو ئەمەریكادا كە بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ لێیان دەترسن. 

لە دوای هێرشەكانی ئەمەریكا، سەرۆكی گومرك و پاراستنی سنووری ئەمەریكا، ڕۆدنی ئێس سكۆت، بە ئیمەیل هۆشدارییەكی نووسی كە "هەزاران هاووڵاتی ئێرانی"، لە چەند ساڵی رابردوودا بە بێ مۆڵەت هاتوونەتە ناو وڵاتەوە. نزیكەی هەزار و 700 ئێرانی لە سنووری باشووری ئەمەریكا لە تشرینی یەكەمی 2021 تا تشرینی دووەمی 2024 گیراون، ئەمە بەپێی دوایین زانیارییە فەرمییەكانی بەردەست. بەڵام زانیارییەكان ئاماژە بەوە ناكەن كە "چەند لەم كەسانە ڕەنگە لە چەوسانەوە هەڵهاتبن یان دژی حكوومەتی ئێران بن". 

سكۆت هەروەها باسی مەترسی "شانە نوستووەكان"ی ئێرانی كرد. زۆر زوو لە دوای هێرشەكانی ئەمەریكا، وەزارەتی ئاسایشی نیشتمانی، ڕای گەیاند كە بەرپرسانی كۆنترۆڵی كۆچ و گومرك، نزیكەی 12 ئێرانییان گرتووە كە تۆمەتبارن بەوەی بەشێوەی نایاسایی لە وڵاتدان. دامەزراوەكە زیاتر گوتی، پیاوێك هەیە پێشتر "وەك تیرۆریستێكی زانراو یان گوماناوی تۆمار كرابوو" دانی بەوەدا ناوە "پێوەندی بە حزبوڵای لبنان / هاوپەیمانی ئێران، هەیە.

ئێران و حزبوڵا ماوەیەكی دوورودرێژە هەوڵی دانانی تۆڕەكانیان لەناو ئەمەریكادا دەدەن، بۆ هێرشی تیرۆریستی لەناكاو، بەلایەنی كەمەوە لە هەندێك هەوڵیاندا سەركەوتن. وەك بڕووس هۆفمان پسپۆری تیرۆر لە زانكۆی جۆرج تاون، دەڵێت. "گومانی تێدا نییە كە ناكرێ مەترسیی شانە نوستووەكان پشتگوێ بخرێت."

لە دەیەكانی رابردوودا، دەسەڵاتدارانی ئەمەریكا چەند پیاوێكیان گرتووە كە ڕاستەوخۆ پێوەست بوون بە حزبوڵاوە، بە تایبەت لە 2017، ئەوكات دوو پیاو كە یەكێك لە نیویۆرك و ئەویتر لە مایكیگان گیران و تۆمەتبار كران بە ئەنجامدانی چاودێری ئامانجە دیاریكراوەكان، بۆ هێرشی حزبوڵا، لەوانە شوێنی سەربازی، دەسەڵاتدارانی یاسا و شوێنە ئیسرائیلییەكان لە شاری نیویۆرك. تەنانەت هەردوو پیاوەكە ڕاهێنانیان لە تاكتیكی سەربازی و تەقینەوەدا پێ كرابوو.

لە مایسی 2023یشدا دانیشتوویەكی نیوجێرسی حوكم درا بە 12 ساڵ، بەهۆی وەرگرتنی ڕاهێنانی سەربازی لە حزبوڵا، ئەو تۆمەتبار بوو بە ئەگەری هێرش بۆ سەر "پەیكەری ئازادی، گۆڕەپانی تایمز سكوێر و باڵەخانەی ئیمپایەر ستایت". 

هەڵبەت چەند ساڵێك پێش ئەوەی ترەمپ بكرێتە ئامانج، حكوومەتی ئێران هەوڵی دا ڕاوێژكاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانی جۆن بۆڵتن بكوژێت، دیسان بە بەكارهێنانی تاوانباران. پیلانەكە بۆ تۆڵەسەندنەوە بوو لە كوژرانی قاسم سلێمانی.
بۆ هەوڵی كوشتنی بۆڵتن، ئەندامێكی سوپای پاسداران لە تارانەوە، هەوڵی دا ئەوەی حكوومەتی ئەمەریكا "توخمە تاوانبارەكان"ی پێ دەگوت، بە كرێ بگرێت، لەوانە هاووڵاتییەكی دانیشتووی ئەمەریكا كە بە ئۆنلاین پێوەندی لەگەڵ دروست كرابوو. بەپێی وەزارەتی داد، "پیلانەكانی كوشتنی ترەمپ و بۆڵتن، ڕەوتی پشتبەستنی ئێران بە تاوانباران بۆ ئەركە هەستیارەكان" دەخاتە ڕوو. 

لە ساڵی 2022دا، بەرپرسانی باڵای سوپای پاسداران، دوو پیاوكوژی مافیای ڕووسییان بەكرێ گرت، بۆ كوشتنی مەسیح عەلینەژاد ڕۆژنامەنووس و ڕەخنەگرێكی بەناوبانگی ڕژێمی ئێران كە لە ساڵی 2009وە ئێرانی جێهێشتبوو.
ئەركی كوشتنی هەڵاتوویەكی ئێرانی لە ماریلاند، درایە ئەندامێكی تاقمی ماتۆڕسوار هێڵز ئەینجڵز، ئەمە بەپێی تۆمەتباركراوەكانی وەزارەتی داد لە كانوونی یەكەمی 2023.

لەلایەكی ترەوە، بۆ پیلانی كوشتنی نوێنەری عەرەبستانی سعوودیە لە ئەمەریكا لە ساڵی 2011، ئێران ڕووی لە پیاوێكی ئێرانی - ئەمەریكی كرد لە تێكساس كە پێوەندیی بە سەركردایەتیی سەربازیی ئێرانەوە هەیە، ملیۆن و نیوێك دۆلار پێشكەش بە ئەوانە كرا كە پیاوكوژی كارتێلی مادەی هۆشبەرەكانی مەكسیك بوون، بۆ بۆمبارانی چێشتخانەیەك لە واشنتن كە دیپلۆماتەكەی سعوودیە، زۆربەی كات دەچووە ئەوێ.

لە راپۆرتێكدا ئاماژە بەوە دراوە كە لە 2018 تا 2021، كەسێك كە نیشانەشكێنێكی ئەرتەشی ئێران بوو، كاتێك لە ئەلاباما گیرا، ناسنامەی ئەرتەشی ئێرانی هەبوو، بەڵام گرنگیی پێوەندیی سەربازییەكەی ڕوون نییە، لەبەرئەوەی هەموو پیاوانی ئێرانی لە تەمەنی 18 ساڵییەوە دەبێت دوو ساڵ خزمەتی سەربازی ناچاری بكەن.

لە ئێرانییە گیراوەكانی مانگی ڕابردوویشدا، ژنێكی 64 ساڵەی نیو ئۆرلیانز هەبوو كە لەگەڵ هاووڵاتییەكی ئەمەریكی هاوسەریی كردووە و 47 ساڵە لە ئەمەریكا دەژیی.
تریشیا مەكلاوخلن گوتەبێژی وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆ، گوتی، "گرتنی ئێرانییەكان ئۆپراسیۆنێكی تایبەتی بە ئامانجكردنی ئەو نەتەوەیە نییە. بەڵام لە بەرژەوەندیی گشتیی ئەمەریكادایە، ئێمە یاسا جێبەجێ دەكەین بۆ دەركردنی بیانییە نایاساییەكان، ئەوانەی مەترسی چاوەڕوانكراویان لەسەر ئاسایشی نیشتمانی هەیە."

لە نیویۆرك تایمزەوە

ئامادەكردنی/ وشە


وشە - تایبه‌ت