زۆر شت هه‌یه له‌باره‌ی بۆردمانی ئه‌مه‌ریكا بۆ سه‌ر سێ بنكه‌ی سه‌ره‌كیی ئه‌تۆمی له ئێران بگوترێن، ورده‌كارییه‌كان ئه‌وه‌نده زۆرن كه ڕه‌نگه مرۆڤ تێیاندا ون بێت. ئێسته با كه‌مێك بگه‌ڕێمه‌وه دواوه و ئه‌و هێزه جیهانی و هه‌رێمی و ناوخۆییانه بخه‌مه ژێر لێكۆڵینه‌وه كه بناغه‌ی ئه‌م چیرۆكه‌یان داڕشتووه. چی ڕووی داوه و چی لێ ده‌كه‌وێته‌وه؟
ئه‌مه درامایه‌كی زۆر گه‌وره‌یه و ته‌نیا له چوارچێوه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا نییه.
له هزری مندا، هێرشی ڤلادیمێر پوتین بۆ سه‌ر ئۆكراینا له ساڵی 2022 به ئامانجی سڕینه‌وه‌ی دیموكراسییه‌كه‌ی و هه‌ڵوشینی بۆ ناو خاكی ڕووسیا، هه‌روه‌ها په‌لاماره‌كانی حه‌ماس و بریكاره‌كانی ئێران له لبنان و یه‌مه‌ن و عێراق بۆ سه‌ر ئیسرائیل له ساڵی 2023، ده‌رخستنی ململانێیه‌كی جیهانی بوو له نێوان هێزی كرانه‌وه و هێزی به‌ره‌نگاری دژ به‌و كرانه‌وه‌یه.
ئه‌و ململانێیه له نێوان دوو لایه‌نه: له لایه‌كه‌وه ئه‌و وڵات و سه‌رۆكانه‌ی كه وای ده‌بینن سوودی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و نه‌ته‌وه‌كانیان، له بره‌ودان به بازرگانی و هاوبه‌شیی دژی مه‌ترسییه جیهانییه‌كان و سه‌پاندنی بنه‌ماكانی حوكمڕانیی چاكه، له لایه‌كه‌ی تر ئه‌و ڕژێمانه‌ی كه سه‌رۆكه‌كانیان له‌سه‌ر به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌و ڕه‌وتانه گه‌شه ده‌كه‌ن، چونكه ململانێ ڕێگه‌یان پێ ده‌دات گه‌له‌كه‌یان به په‌ستی و سوپاكانیان به به‌هێزی و گه‌نجینه‌ی وڵاته‌كانیان – بۆ سوودی كه‌سی – به كراوه‌یی بهێڵنه‌وه.
هێزه‌كانی كرانه‌وه ڕوویان له به‌هێزبوون و گه‌شه‌سه‌ندن بوو. ئوكرانیا له ساڵی 2022دا چه‌ند هه‌نگاوێك له بوون به ئه‌ندامێكی یه‌كێتیی ئه‌وروپا دوور بوو. ئه‌ندامبوونی ئۆكرانیا له یه‌كێتییه‌كه ته‌قڵه‌یه‌كی به‌ره‌و ژووری به توانای ئه‌وروپا لێ ده‌دا، چونكه ئۆكرانیا خاوه‌ن هێزێكی زه‌به‌لاحی كشتوكاڵی و ته‌كنه‌لۆجی و سه‌ربازییه، سه‌رئه‌نجام ڕووسیا زیاتر لاته‌ریك ده‌بوو و ڕه‌وایه‌تیی ناوه‌خۆی حووكمه‌ته‌كه‌ی زیانی زۆری به‌ر ده‌كه‌وت.
هه‌ر له هه‌مان ماوه‌دا جۆ بایدن خه‌ریكی داڕشتنی بناغه‌ی هاوپه‌یمانییه‌تێكی تۆكمه‌ی ته‌ناهی بوو له‌گه‌ڵ عه‌ره‌بستانی سعوودیه، له به‌رانبه‌ردا سعوودیه پێوه‌ندیی دیپلۆماسی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل ده‌به‌ست، ته‌لئه‌بیبیش له‌گه‌ڵ فه‌له‌ستینییه‌كان له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ داده‌نیشت و زڕه ئومێدێكی بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێكی فه‌له‌ستینی پێ ده‌دان. ئه‌گه‌ر سه‌ری بگرتایه، یه‌كگرتووییه‌كی وه‌ها له ڕۆژهه‌ڵاتێكی ناوه‌ڕاست به‌رپا ده‌بوو كه له ساڵی 1979ه‌وه، دوای ڕێككه‌وتننامه‌ی كامپ ده‌یڤید، وێنه‌ی نه‌بووبێت.
به كورتی، ئۆكرانیا ئاماده بوو ببێت به به‌شێك له ڕۆژئاوا، ئیسرائیلیش خه‌ریك بوو بچێته باوه‌شی ڕۆژهه‌ڵات.
دواتر چی ڕووی دا؟ پوتین هێرشی كرده سه‌ر ئۆكرانیا، هه‌روه‌ها حه‌ماس و بریكاره‌كانی تری ئێران هێرشیان كرده سه‌ر ئیسرائیل. سه‌رئه‌نجام هه‌ردوو جووڵانه‌وه‌كه، به‌ره‌و ڕۆژئاوا و به‌ره‌و ڕۆژهه‌ڵات په‌كخران.
له‌م ڕووه‌وه یه‌كه‌م پرسیارم له دوای لێدانی ئێران ئه‌وه‌یه: ئایا سه‌رۆك تره‌مپ تێده‌گات پوتین له كام لای ئه‌م ململانێیه جیهانییه‌دایه؟ ئێران و ڕووسیا له‌خۆڕا هاوپه‌یمانیی نزیك نین. ڕووسیا درۆنه هاورده‌كانی ئێران بۆ كوشتنی هاووڵاتی و سه‌ربازی ئۆكرانیا به‌كار دێنێت. ڕووی ده‌مم له تره‌مپه، داوای لێ ناكه‌م بۆردمانی ڕووسیا بكات، ته‌نیا داواكارم چۆن ئه‌مریكا له هاوكاریی ئیسرائیل دژی بریكاره‌كانی ئێران سه‌خییه، به هه‌مان چه‌شن له پاڵپشتیی دیبلۆماسی و سه‌ربازی و ئابووریی ئۆكرانیا سستی نه‌نوێنێت.
هه‌ردوو شه‌ڕه‌كه دوو ڕووی یه‌ك دراون. پوتین و ئایه‌توڵاكان هه‌ردووكیان، چاویان له به‌رپابوونی هه‌مان هه‌لومه‌رجه، ده‌یانه‌وێت دنیا بۆ ده‌سه‌ڵاتی سته‌مكاری و لاهووتی و گه‌نده‌ڵ په‌ناگه‌یه‌كی ئارام بێت، ده‌یانه‌وێت دنیا هیچ كزه‌بایه‌كی لێ هه‌ڵنه‌كات كه موژده‌ی ئازادیی كه‌سی و سه‌روه‌ریی یاسا و ئازادیی ڕۆژنامه‌وانیی پێ بێت. ڕووسیا و ئێران هزری ئیمپریالیان هه‌یه دژی هاوسێیه سینگفراوان و مێشككراوه‌كانیان.
چین هه‌میشه له‌سه‌ر هه‌ردوو په‌ت یاریی كردووه، ئابوورییه‌كه‌ی ڕووی له ڕه‌وتی كرانه‌وه‌یه و سه‌ركردایه‌تییه سیاسییه‌كه‌ی تا ئاستێكی زۆر له جوغزی به‌ره‌نگاری ماوه‌ته‌وه. په‌كین له یه‌ك كاتدا له هه‌ردوو به‌ره‌دایه، نه‌وت له ئێران ده‌كڕێت، به‌ڵام نیگه‌رانه له‌وه‌ی ببێته خاوه‌ن چه‌كی ئه‌تۆم نه‌ك ڕۆژێك له ڕۆژان بیدات به جوداخوازه مسوڵمانه‌كانی هه‌رێمی شینجیانگ.
بابه‌تی بازرگانیی نه‌وت له نێوان تاران و په‌كین ڕه‌هه‌ندی تری هه‌یه. ده‌رامه‌تی به‌ده‌ستهاتوو له فرۆشی نه‌وت به چین گه‌وره‌ترین سه‌رچاوه‌ی داهاته بۆ چین، تاران به‌م پاره‌یه پاڵپشتیی دارایی بۆ حه‌ماس و حزبوڵا و پێشتریش سووریا دابین كردووه. وه‌ك هاوكاره‌كه‌م كیپ برادشر له شانگهایه‌وه پێشتر ئاماژه‌ی پێ دابوو، فرۆشتنی نه‌وت به چین ئه‌مڕۆ 6%ی ئابووریی ئێران پێك ده‌هێنێت و یه‌كسانه به نزیكه‌ی نیوه‌ی خه‌رجیی حكوومه‌ت.
ئێسته با ئه‌م ململانێیانه له گۆشه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌وه ببینین. لێره‌وه بۆچوونێكی تایبه‌ت به خۆم ده‌خه‌مه ڕوو. كاروانی پیشه‌یی خۆم له‌گه‌ڵ یونایتد ئینته‌رناشناڵ پرێس له به‌یرووت له ساڵی 1979 ده‌ست پێ كرد. ئه‌وكات ڕۆژنامه‌وانێكی لاوه‌كی بووم.
ئه‌وكات له‌سه‌ر چوار ته‌وه‌ری گه‌رم نووسین: شۆڕشی ئیسلامی له ئێران كه ڕووخانی شای به‌دواوه هات، داگیركردنی مزگه‌وتی حه‌ره‌م له مه‌ككه له‌لایه‌ن جیهادییه‌كانه‌وه كه هه‌وڵیان ده‌دا خێزانی شاهانه‌ی سعوودیی هه‌ڵدێرن، واژووكردنی په‌یماننامه‌ی ئاشتیی كامپ ده‌یڤید له نێوان ئیسرائیل و میسر، چواره‌میش كه كه‌متر ناسراوه، به‌ڵام به هه‌مان ئه‌ندازه گرنگه، كردنه‌وه‌ی به‌نده‌ری جه‌به‌ل عه‌لی بوو له دوبه‌ی كه ئیمارات پێی ده‌بووه یه‌كێك له ناوه‌نده بازرگانییه‌كانی دنیا. ئیمارات له ڕێی بازرگانی و گه‌شتیاری و خزمه‌تگوزاری و كه‌شتیوانی و وه‌به‌رهێنان و هێڵی ئاسمانییه‌وه، دنیای عه‌ره‌بی به هه‌موو دنیا به‌سته‌وه.
به‌م شێوه‌یه ململانێیه‌كی گه‌وره له نێوان به‌ره‌ی كرانه‌وه و به‌ره‌ی به‌ره‌نگاری له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌ستی پێ كرد. له لایه‌كه‌وه ئه‌و ده‌وڵه‌تانه هه‌بوون كه ئاماده بوون ددان به ئیسرائیل بنێن به مه‌رجێك كه دۆزی فه‌له‌ستینی به‌ره‌وپێش بچێت، هه‌روه‌ها هه‌وڵیان ده‌دا هه‌رێمه‌كه به شێوه‌یه‌كی تۆكمه به ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوا ببه‌ستنه‌وه. له لایه‌كه‌ی تریشه‌وه به‌ره‌ی ئێران به ڕابه‌رایه‌تیی ئێران په‌یدا بوو، بزووتنه‌وه‌ی ئیخوان و جووڵانه‌وه سوننییه توندڕه‌وه‌كان كه له سعوودیه‌ی دوای 1979 سه‌ریان هه‌ڵدا و دواتر په‌لیان بۆ مزگه‌وته‌كان له سه‌رانسه‌ری هه‌رێمه‌كه كوتا، له‌و به‌ره‌یه بوون.
به‌ره‌ی به‌ره‌نگاری دژی ده‌سه‌ڵاتی ڕۆژئاوا له ناوچه‌كه كه‌وته جووڵه، هه‌وڵیان ده‌دا ئیسرائیل بسڕنه‌وه، هه‌روه‌ها به بۆنه‌ی پێوه‌ندییان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا، حكوومه‌ته‌كانی میسر و ئوردن و سعوودیه له ده‌سه‌ڵات بخه‌ن.
ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیل ئه‌م شه‌ڕه‌یان به سوپاكانیان كرد، له كاته‌كه‌دا گرووپه‌كانی وه‌ك قاعیده و داعش په‌نایان بۆ په‌روه‌رده‌كردنی خانه‌ی تیرۆریستی ده‌برد و ئێرانیش ده‌ستی كرد به دروستكردنی له‌سه‌رخۆیانه‌ی تۆڕێك له گرووپه چه‌كداره بریكاره‌كان له لبنان و سووریا و یه‌مه‌ن و عێراق. ئه‌م تۆڕه بریكارییه هه‌رێمییه ڕێگه‌ی به ئێران دا به ناڕاسته‌وخۆ كۆنترۆڵی هه‌ر چوار وڵات بكات و ته‌نانه‌ت جێپێش له كه‌ناری ڕۆژئاوا و غه‌زه توند بكه‌ن. پێویست نه‌بوو تاران سه‌ربازێكی خۆشی بكاته به‌ڵاگێڕی مانه‌وه و فراوانبوونی تۆڕه هه‌رێمییه‌كه‌ی خۆی، له جیاتی ئه‌وه خه‌ڵكی سووریا و لبنان و عێراق و یه‌مه‌ن و فه‌له‌ستینی ده‌كرده قوربانی. به‌ڵێ! به‌شێكی زۆری كێشه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین به‌رهه‌می، نه‌ك به ته‌نیا داگیركاریی ئیسرائیل بوون، به‌ڵكو ئیمپریالیزمی ئێرانیش به هه‌مان ئه‌ندازه ڕۆڵی له چه‌كه‌ره‌كردنی ئه‌و كێشانه بینیوه.
چه‌ند ساڵێك پێش ئێسته ئاماژه‌م به ده‌سته‌واژه‌یه‌كی نه‌دیم كوته‌یح كرد كه شرۆڤه‌كارێكی سیاسیی لبنانی- ئیماراتییه و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی سكای نیوز عه‌ره‌بییه. ئه‌و گوتبووی، تۆڕی به‌ره‌نگاری ئێران هه‌وڵی ده‌دا "پێوه‌ندی له نێوان میلیشیاكان و ڕه‌تكه‌ره‌وه‌كان و مه‌زه‌وه ئاینییه‌كان و سه‌ركرده مه‌زه‌وییه‌كان دروست بكات." ئامانجه‌كه دروستكردنی به‌ره‌یه‌كی دژه ئیسرائیل و دژه ئه‌مه‌ریكا و دژه ڕۆژئاوا بوو كه بتوانێت فشار بخاته سه‌ر ئیسرائیل له غه‌زه و كه‌ناری ڕۆژئاوا و له لبنان، هه‌روه‌ها گێچه‌ڵ به ئه‌مه‌ریكا بكات له ده‌ریای سوور و سووریا و عێراق و عه‌ره‌بستان.
كوته‌یح گوتی، له به‌رانبه‌ردا ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانه عه‌ره‌بییه‌كانی و ئیسرائیل هه‌وڵیان ده‌دا بازاڕه جیهانی و هه‌رێمییه‌كان به‌یه‌كه‌وه گرێ بده‌ن كه له بری دروستكردنی به‌ره‌یه‌كی چه‌كداری، هه‌لومه‌رجێك بهێننه ئاراوه كه تێیدا ڕێڕه‌وی بازرگانی و ڕێكخراوی نوێ و وه‌به‌رهێنان و ته‌كنه‌لۆجیا گه‌شه بكه‌ن و ببووژێنه‌وه. ئه‌م تۆڕه گرێدراوه رۆژئاواییه له سنووره باوه‌كان تێپه‌ڕی. "تۆڕێك له هاوبه‌شیی ئابووری و ته‌كنه‌لۆجی دروست ده‌بوو كه توانای پێناسه‌كردنه‌وه‌ی پێكهاته‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان و دروستكردنی په‌ره‌سه‌ندنه نوێیه‌كانی سه‌قامگیریی هه‌رێمی هه‌بوو،" كوته‌یح وای گوت.
به گشتی ئه‌وانه‌ی ئاگادار هۆشیاری ده‌ده‌ن له گۆڕینی ڕژێم له تاران، زۆرجار ئاماژه به عێراق ده‌كه‌ن وه‌ك چیرۆكێكی هاوشێوه، به‌ڵام ئه‌و به‌راوركردنه هه‌ڵه‌یه. هه‌وڵی ئه‌مه‌ریكی بۆ ده‌وڵه‌تسازی له عێراق بۆ ساڵانێك شكستی هێنا له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێك، به‌ڵام گومانی تێدا نییه هۆكاری سه‌ره‌كی ئێران بوو. تاران به یارمه‌تی ڕژێمه بریكاره‌كه‌ی له سووریا، هه‌موو شتێكی كرد كه بتوانێت ده‌وڵه‌تسازی له عێراق تێكبدات، چونكه ده‌یزانی ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریكا سه‌ركه‌وتوو بێت له دروستكردنی حكوومه‌تێكی فره‌مه‌زه‌وی و دیموكراتیك و عه‌لمانی له به‌غدا، ئه‌وا هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره ده‌بێت بۆ تیۆكراسییه‌كی ئێران، هه‌روه‌ك چۆن دیموكراسییه‌كی سه‌ركه‌وتووی ئۆكراینی لایه‌نگری ڕۆژاوا، هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره ده‌بێت بۆ كلێپتۆكراسی پوتین.
حكوومه‌تی نوێی سووریا ئه‌م ڕاستییه زۆرباش ده‌زانێت، بۆیه دوودڵ بووه له سه‌ركۆنه‌كردنی بۆردمانكردنی ئیسرائیل بۆ سه‌ر ئێران. ئه‌مه نیشانه‌یه كه سوورییه‌كان د‌رك به‌وه ده‌كه‌ن كه ئێران بۆ ساڵانێكی زۆر باڵای له‌رزۆكی به‌شار ئه‌سه‌دیان ڕاگرتبوو، سه‌ره‌ڕای ئه‌نجامدانی چه‌ندان كرده‌وه‌ی بزێو دژ به گه‌له‌كه‌ی.
ده‌نگۆیه‌ك هه‌یه كه زۆر له سوننه و شیعه‌كانی لبنان و عێراق، به نهێنی پشتگیریی تره‌مپ و سه‌رۆك وه‌زیران بنیامین نه‌تانیاهۆ ده‌كه‌ن. پێ ده‌چێت ئه‌م ده‌نگۆیه ڕاست بێت. پێم وایه زۆرینه له‌م وڵاتانه‌دا نایانه‌وێت به‌شێك بن له به‌ره‌ی به‌ره‌نگاری (مقاوه‌مه). بۆ یه‌كه‌م جار له‌دوای چه‌ندان ده‌یه، ده‌وڵه‌تێكی سووری و ده‌وڵه‌تێكی لبنانی له‌لایه‌ن ڕابه‌رانی شیاوه‌وه دووباره دروست ده‌كرێنه‌وه؛ با كه‌موكوڕیشیان هه‌بێت، گرنگ دوور بن له ئایدۆلۆجیا و ده‌ستوه‌ردانی ده‌ره‌كی. له‌م ڕووه‌وه كزبوونی هه‌ژموونی ئێران پێشمه‌رجه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ردوو ده‌وڵه‌ت له ژێر ئه‌م هه‌لومه‌رجه ده‌ربچن.
پێشمه‌رجێكی تر ده‌ركه‌وتنی میری جێنشینی سعوودی محه‌مه‌د بن سه‌لمان بوو، له ماوه‌ی هه‌شت ساڵی ڕابردووه‌وه ده‌ستی كردووه به كردنه‌وه‌ی كۆتوبه‌ندی كۆنه‌واری له ئه‌ستۆی سعوودیه، هه‌روه‌ها ناساندنی سعوودیه‌ی عه‌ره‌بی وه‌ك گه‌وره‌ترین بزوێنه‌ری بازرگانی و وه‌به‌رهێنان و چاكسازیی ئیسلامی. ئه‌و ڕابه‌رێكی بێ كه‌موكوڕیی نییه، به‌ڵام بنیاتنانی سعوودییه‌كی جیاواز گه‌وره‌ترین ئاڵنگاریی ئه‌وه.
هیچ پێشبینییه‌ك ناكه‌م كه چی ڕوو ده‌دات له ئێران‌دا ئه‌گه‌ر ڕژێمه‌كه‌ی له‌وێ بكه‌وێت. پێشهاتێكی له‌م جۆره ڕه‌نگه ئاژاوه‌ی به‌دواوه بێت، ده‌شكرێت گه‌لانی ئێران و دراوسێكانی له‌و نه‌هامه‌تییه ڕزگار بكات كه تێی كه‌وتوون. به‌ڵام ئه‌وه تاكه پێشمه‌رج نییه بۆ هه‌ر جۆره كۆتاییه‌كی شیاو بۆ ئه‌م درامایه‌ی ئێسته. ئێسته با یه‌ك ئاست قووڵتر بچینه ناوه‌وه و ته‌نیا سه‌رنج بده‌ینه ئیسرائیل.
من ته‌واو بڕوام وایه كه دوو شتی دژبه‌یه‌ك ده‌توانن له هه‌مان كاتدا ڕاست بن، یه‌كێك له‌و دووانه ئه‌مڕۆ ئه‌وه‌یه كه ئیسرائیل ده‌وڵه‌تێكی دیموكراتییه و زۆر كه‌سیشی تێدایه ده‌یانه‌وێت به‌شێك بن له به‌ره‌ی كرانه‌وه. به‌ڵام حكوومه‌تێكی ته‌بشیری هه‌یه كه به ئاشكرا ئاواتی ئه‌وه‌ی هه‌یه كه‌ناری ڕۆژاوا و غه‌زه‌ش قووت بدات. ئه‌و ئاواته هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی بنچینه‌ییه بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیلیش و ته‌نانه‌ت به‌رژه‌وه‌ندیی جووه‌كان له هه‌موو شوێنێك.
هاوڕێكه‌م ناحوم بارنێعا ستووننووسی یه‌دیعۆت ئه‌حرۆنۆتی ئیسرائیلی، له چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا قسه‌یه‌كی پێی گوتم كه لێره دایده‌ڕێژمه‌وه: به ده‌نگێكی دلێره‌وه به‌ره‌نگاری پلانی فراوانخوازیی نه‌ته‌نیاهۆ و ڕێنه‌دان به دروستبوونی ده‌وڵه‌تی فه‌له‌ستینی ده‌بمه‌وه، به هه‌مان ده‌نگیشه‌وه ستایشی ده‌كه‌م بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌و ڕژێمه ترسناكه‌ی ئێران؛ به ده‌نگێكی دلێره‌وه ستایشی تره‌مپ ده‌كه‌م بۆ هه‌وڵه‌كان بۆ بچووككردنه‌وه‌ی توانای دروستكردنی بۆمبی ئه‌تۆمیی ئێران، به هه‌مان ده‌نگیشه‌وه به‌ره‌نگاری چالاكییه خۆسه‌پێنییه‌كانیم له ناوخۆ. ئه‌مانه هه‌مووی ڕاستین و پێویسته بگوترێن.
ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت هێزه‌كانی یه‌كگرتووی به‌ره‌ی ڕۆژئاوا له‌م هه‌رێمه‌دا سه‌ر بكه‌ون، ئه‌وا ئه‌وه‌ی تره‌مپ ئه‌مڕۆ له ڕووی سه‌ربازییه‌وه كردوویه‌تی پێویسته، به‌ڵام به‌س نییه.
لێدانی ڕاسته‌قینه‌ی كۆتایی بۆ ئێران و هه‌موو به‌ره‌ی به‌ره‌نگاری، وا ده‌كات بۆ سعوودیه و لبنان و سووریا و عێراق كه پێوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل ئاسایی بكه‌نه‌وه، سه‌ركه‌وتنه‌كه بۆ هێزه‌كانی به‌ره‌ی كرانه‌وه بچه‌سپێنن. ئه‌گه‌ر تره‌مپ بتوانێت بچووككردنه‌وه‌ی هێزی ئێران تێكه‌ڵ بكات له‌گه‌ڵ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی فه‌له‌ستین و یارمه‌تیدانی ئۆكراینا بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ڕووسیا، وه‌ك چۆن یارمه‌تیی ئیسرائیل ده‌دات بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئێران، ئه‌وا كۆمه‌كییه‌كی ڕاسته‌قینه به به‌رجه‌سته‌بوونی ئاشتی و ئاسایش و كرانه‌وه له ئه‌وروپا و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌كات كه ئه‌مه‌ش ده‌ستكه‌وتێكی مێژوویی ده‌بێت.
تۆماس فریدمان
نیویۆرك تایمز
ڕامیار مه‌حموود كردوویه‌تی به كوردی
له وشه بڵاو بووه‌ته‌وه