ئامانجی هەموو هەڵبژاردنێك وەك پرۆسەیەكی دیموكراسی، باشتركردنی فەرمانڕەوایەتییە لە رێگەی گۆڕینی سەرۆك و ئەندامانی پەرلەمان و حكوومەت و سەرۆكی وڵات و بەرنامەی حكوومەتیش، بەڵام لە عێراق هەڵبژاردن شتێكی ترە، لە سایەی كڕین و فرۆشتنی پۆست و كورسیی پەرلەمانی و تەنانەت دەنگ و بەكارهێنانی پارەی سیاسی و چەكی میلیشیاكان شتێكی ترە، شارەزایان دەڵێن گەرمبوونی بازاڕی كڕین و فرۆشتنی دەنگ بووەتە هەڕەشە لەسەر پرۆسەی سیاسی و هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.
لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ی تشرینی دووەمی 2025 و تەنگەتاوبوونی هێزە سیاسییەكانی عێراق و ترسیان لە دۆڕان و هەوڵی مانەوەیان، لەناو گوشارێكی گەورەی دەرەكی، پەرەسەندنی جۆراوجۆر عێراق دەگرێتەوە، توێژەر و چاودێران ئاماژە دەكەن پەرەسەندنی دیاردەی كڕین و فرۆشتنی دەنگ خەریكە دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر پرۆسەی سیاسی و كێبەركێی پاك و بێگەردی هێزە سیاسییەكان لەناو ئەگەری سوودبینین لە دەسەڵات و پارەی سیاسی لاوازتر دەبێت.
حوسێن عامری توێژەری سیاسی ئاماژە دەكات، دیاردەی كڕینی دەنگ بووەتە مەترسیدارترین ئاڵنگارییەكان بۆ پرۆسەی سیاسی لە عێراق و كودەتایەكە بەسەر خواستی جەماوەری، یاریكردن بە خواستی دەنگدەران تەنیا بە شێوەی دابەشكردنی پارە پێش پرۆسەی دەنگدان نەماوە، بەڵكو بۆ كڕینی خودی كاندیدەكان لە لایەن هێزە دەسترۆیشتووەكان پەرەی سەندووە، ئەوەش قەبارەی گەندەڵی لە كاری سیاسی ئاشكرا دەكات، وای لێ هاتووە هەندێك لە حزبەكان وەك دەستەوارەیەكی دارایی مامەڵە لەگەڵ كاندیدبوون دەكەن نەك وەك خزمەتێكی نیشتمانی.
روونی كردەوە، كڕینی دەنگ تەنیا ئەوە ناگەیەنێت تۆ راستەوخۆ پارە بە دەنگدەر بدەیت، بەڵكو بەڵێنی دامەزراندن یان پێدانی قەرز یان سوودبینین لە دەسەڵاتی هۆزایەتی و ئاینی ببینیت، ئەوەش وا دەكات هەڵبژاردن ببێتە بۆرسەیەكی كراوە بۆ خستنەڕووی هەموو شتێك.
بەپێی هەندێك سەرچاوە، ئێستە هەندێك هێزی سیاسی مەرجیان بۆ كاندیدە نوێكانیان دیاری كردووە پێویستە لیستێكی سەرەتایی بە ژمارەی دەنگدەرانیان پێشكەش بكەن كە لە هەزار بۆ دوو هەزار دەنگدەر كەمتر نەبێت، ئەوەش بۆ مسۆگەریی وەرگرتنیان لە لیستەكانیان بۆ هەڵبژاردن، ئەو كارەش دەرگە بە رووی ساختەكاری لە بوونی پاڵپشتیی جەماوەری یان پەنابردنی بۆ كڕینی دەنگ واڵا دەكات، بۆیە لە هەندێك ناوچە لە رێگەی تۆڕی ناوخۆیی لە گەڕەك و بازاڕەكان دەستكاری لیستەكانی هەڵبژاردن دەكرێت و بەرانبەر بە بڕێك پارە هاوئاهەنگی لەگەڵ كاندید و سپۆنسەرەكانیان دەكرێت، ئەوەش دەنگی دەنگدەران دەكاتە كاڵایەك كڕین و فرۆشتنی پێوە دەكرێت.
چەند راپۆرتێكی ناوخۆیی باسی پەرەسەندنی دیاردەی كڕین و فرۆشتنی دەنگ لەو ژینگانە دەكات كە زیاتر بایكۆتی دەنگدان دەكەن، هەندێگ هێزی سیاسی سوود لە لاوازیی بەشداریكردن لە دەنگدان دەكەن بۆ كارتێكردنی ئەنجامەكان لە رێگەی پارەوە بە سوودوەرگرتن لە پێویستیی خەڵك یان قەناعەتنەهێنانی بە كاندیدان، چاودێران بەشێك لە بەرپرسیارەتیی ئەو دیاردە و هەڵسوكەوتی هێزە سیاسییەكان دەخەنە ئەستۆی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و دەزگە چاودێرییەكان بەهۆی لاوازیی رێوشوێنە بەرپەرچدانەوەكانیان و وەرنەگرتنی بڕیاری توند و یەكلاكەرەوە لە هەڵبژاردنەكانی پێشوو بەرانبەر بەو لایەنانەی ئەو كارەیان كرد.
هاوكات ئاماژە دەكەن كە هێزە گەورە و باڵادەستەكانیش چاو لە دیاردەیە دەپۆشن و هەندێك جار بەشداریشی تیادا دەكەن، ئەوەش رەنگدانەوەی لەسەر پێكهاتەی پەرلەمان دەبێت و لاگیریی بۆ پارە لە بری نوێنەرایەتیی خواستی جەماوەری بەسەردا زاڵ دەبێت، هۆگر چەتۆ شارەزای بواری هەڵبژاردن دەڵێت، پارەی سیاسی بووەتە ئامرازێكی یەكلاكەرەوە لە دیاریكردنی ئەنجامی هەڵبژاردن، تەنیا لە رێگەی دەنگدەرانەوە نا، بەڵكو لە رێگەی سەپاندن و دیاریكردنی خودی كاندیدان لەناو لیستەكانەوە.
روونی كردەوە، بوونی مەرجی پێشكەشكردنی ناوی ژمارەیەكی زۆری لایەنگریان بێ دڵنیابوونەوە لە راستگۆییان، واتە هاندانێكی ژێراوژێر بۆ كڕینی ئەوان بۆ لایەنگری و دەنگ و پیادەكردنی رەوتێك خزمەت بە نوێنەرایەتیی راستەقینەی جەماوەری ناكات، ئەو دیاردەیەش تەنیا كێشەیەكی یاسایی نییە، بەڵكو هەلی چاكسازی لەناو دەبات و دەبێتە مایەی بەرهەمهێنانی پەرلەمانێكی لاواز كە لەبری دەركردنی یاسا بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتی بەدوای دەستەوارەدا دەگەڕێت.
شرۆڤەكاران وای دەبینن ئەو دیاردە بەرەو ئەنجامێكی هەڵبژاردنمان دەبات كە بەرجەستەی میزاجی گشتی ناكات، بەڵكو دەسەڵاتی پارە و دەسترۆیشتوویی زیاتر دەچەسپێنێت، هاوكات متمانەی هاووڵاتی بە تەواوی پرۆسەی سیاسی لاواز دەكات، هەروەها ئەو كارانە كاریگەری لە بەشداریكردنی گەنج و توێژە سەربەخۆكانیش لە پرۆسەكە دەكات، كە خۆیان لە دەرەوەی یارییەكە دەبیننەوە بەهۆی بێتواناییان لە بەربەرەكانیكردنی ئەوانەی پارە خەرج دەكەن، ئەوەش وا دەكات بەشداری لە پرۆسەكە نەكەن بەهۆی بوونی بە هەوڵێكی لاواز بۆ گۆڕانكاری.