لە شیكردنەوەیەكی نوێدا، پەیمانگایەکی توێژینەوەی سیاسی کە بارەگاکەی لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمەریکایە، هۆشداری دەدات لەوەی سیاسەتی "خنکاندنی دارایی" کە بەغدا دژی هەرێمی کوردستان گرتوویەتیە بەر، نەک تەنیا سیستمی فیدراڵی لە عێراق هەڵدەوەشێنێتەوە، بەڵکو ڕاستەوخۆ بەرژەوەندییە ستراتیجییەکانی ئەمەریکایش دەکاتە ئامانج.
شیكردنەوەکە تیشک دەخاتە سەر گرێبەستە گازییەکانی نێوان هەولێر و کۆمپانیا ئەمەریکییەکان، ددان بەوەدا دەنێ کە بەغدا بە چەکی بودجە و مووچەبڕین وەڵامی ئەو پێوەندییە دەداتەوە، هاوکات بودجەیەکی ملیاری دۆلاری بۆ میلیشیاکانی حەشدی شەعبی تەرخان دەکات.
پەیمانگاکە دووپات ئەوە دەکاتەوە کە بێدەنگیی واشنتۆن و بەکارنەهێنانی کارتی گوشاری دۆلار دژی بەغدا، مەترسیی لەدەستدانی هاوپەیمانێکی دڵسۆزی لێ دەکەوێتەوە و ڕێگە بۆ زیادبوونی هەژموونی ئێران و چین، لە عێراقدا خۆش دەکات.
ئەم شیكردنەوەیە لەلایەن
"پەیمانگای وڵاتانی کەنداوی عەرەبی لە واشنتۆن" (AGSIW)ـەوە بڵاوکراوەتەوە کە دامەزراوەیەکی سەربەخۆ و قازانجنەویستە و کاری سەرەکیی تەرخانکردووە بۆ ڕوونكردنەوەی گرنگیی پێوەندی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و ناوچەی کەنداو، ئەویش لەرێگەی ئاڵوگۆڕی ئازاد و کراوەی بۆچوونە جیاوازەکانەوە.
توێژینەوەکە جگە لە خاڵەکانی پێشوو، چەندان لایەنی تری قەیرانەکە دەخاتەڕوو، لەوانە چۆن گوشارە ئابوورییەکان بوونەتە هۆی کۆچێکی بەلێشاوی گەنجانی خوێندەواری کورد و چۆن بڕیارە یەک لەدوای یەکەکانی دادگای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی یاسا و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان بەکارهێنراون. هەروەها باس لەوە دەکات کە چۆن سیاسەتی بڕینی مووچە، خەڵکی هەرێمی کوردستانی بەرەو نائومێدی بردووە و وای لێکردوون، داوای گەڕانەوەی دەسەڵاتی ناوەند بکەن، ئەمەیش وەک پەیمانگاکە دەڵێ "بە ئامانجی سەرەکیی بەغدا دادەنرێت".
دەقی شیكردنەوەكە:
گوشارە داراییەکانی بەغدا دژ بە کوردستان، بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا تێکدەدات
لە 20ـی ئایاری ئەمساڵدا حكوومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتن، دوو گرێبەستی گازی بە بەهای سەروو 100 ملیار دۆلار، لەگەڵ کۆمپانیا ئەمەریکییەکانی بواری وزە واژوو کرد. ئەم هاوپەیمانییە ستراتیجییەی هەولێر نەک تەنیا پابەندبوونی هەمیشەیی خۆی بە هاوبەشییەکی هەرێمیی، بە سەرکردایەتیی ئەمەریکا دووپات کردەوە، بەڵکو ڕاستەوخۆ هاوتەریب بوو لەگەڵ ئەوەی کریس ڕایت وەزیری وزە ناوی نا "بازرگانی نەک ململانێ"، ئەویش لەرێگەی پەرەپێدان و فراوانکردنی کاریگەریی ئابووریی ئەمەریکا، لە ناوچەکە.
کاردانەوەی بەغدا خێرا و سزادەرانە بوو. وەزارەتی نەوتی عێراق دەستبەجێ گرێبەستە وزەییەکانی حكوومەتی هەرێمی کوردستانی بە "نایاسایی و پووچەڵ" لە قەڵەم دا. لە 28ـی ئایاری ڕابردوو، تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق، بانگەشەی ئەوەی کرد کە حكوومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا پشکی دەستووریی خۆی کە 12.67%ـە لە بودجەی فیدراڵیدا تێپەڕاندووە. ئەم تۆمەتە بووە پاساوێک بۆ ڕاگەیاندنێکی چارەنووسساز: ناردنی پارە لە داهاتوودا مەرجدار دەبێت بە پابەندبوونی کوردستان بە سیستمی ئەلیکترۆنیی "تەوتین"ی فیدراڵی بۆ مووچە و ڕادەستکردنی داهاتە نەوتی و نانەوتییەکانی کوردستان بۆ دوو ساڵی ڕابردوو. بەدوایدا کەسایەتییەکانی میلیشیا نزیکەکانی ئێران، لەوانە قەیس خەزعەلی لە عەسائیبی ئەهلی حەق، بە ئاشکرا حكوومەتی هەرێمی کوردستانیان بە "جوداخواز" و "قاچاخچێتیی نایاسایی نەوت" تۆمەتبار کرد. هاوکات، بەغدا پێوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ پەکین قووڵتر کردەوە و گرێبەستی گەورەی ژێرخانیی و وزەی لەگەڵ کۆمپانیا چینییەکان واژوو کرد. ئەم هەنگاوە دەتوانرێت وەک سەرکۆنەیەکی دیپلۆماسی بۆ واشنتن و هەوڵێکی ژمێردراو بۆ گۆڕینی خولگەی ئابووریی عێراق بەرەو ڕۆژهەڵات، ببینرێت.
لە ساڵی 2014ـەوە، هەرێمی فیدراڵی کوردستان لە عێراقدا، ڕووبەڕووی هەڵمەتێکی سیستماتیکی خنکاندنی ئابووری بووەتەوە لەلایەن بەغداوە. بەغدا بودجەی فیدراڵیی وەک چەک بەکارهێناوە و بە شێوەیەکی سیستماتیک ئەو پارانەی ڕاگرتووە کە بۆ هەرێمی کوردستان تەرخان کراون. ئەم ملهوڕییە داراییە کە بە پاساوی یاسایی و بیرۆکراسی داپۆشراوە، شێوازی جۆراوجۆری هەبووە، لەوانە بڕینی بودجە، گەمارۆخستنە سەر هەناردەی نەوت، کۆتوبەندی سزادەرانەی بازرگانی و دەستوەردانی دادوەری کە بۆ پەکخستنی حكوومەتی هەرێمی کوردستان و کەمکردنەوەی فیدراڵییەکەی، داڕێژراون.
ئەم کارانە ناکۆکیی کارگێڕی نین، بەڵکو میکانیزمی ملهوڕانەن دژ بە قەوارەیەکی فیدراڵیی ددانپێدانراوی دەستووریی کە بەردەوام وەک یەکێک لە سەقامگیرترین هاوبەشەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە خزمەتی کردووە.
دەرەنجامەکانی گوشاری ئابووریی بەغدا بۆ سەر دانیشتووانی کورد زۆر زیانبەخش بوون. بێکاری لە هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز بووەتەوە و ڕێژەی بێکاریی لەناو گەنجاندا لە هەڵکشاندایە، ئەمەیش بووەتە هۆی زیادبوونی ناڕەزایەتی جەماوەریی. لە شارە پشتبەستووەکان بە بازرگانیی وەک زاخۆ، کۆتوبەندە گومرگییە نوێیەکان جووڵەی بازرگانییان پەکخستووە و بوونەتە هۆی بێکاربوونی زیاتر لە 10 هەزار کرێکاری لۆجستی. سەتان کۆمپانیای بەرهەمهێنەر لە سلێمانی ناچار بوون دابخرێن، چونکە ڕێگە نەدراوە کاڵاکانیان بگاتە بازاڕەکانی تری عێراق. بەرهەمی جووتیارانی کورد لە خاڵە پشکنینە فیدراڵییەکاندا "بازگە" خراپ دەبن، لەکاتێکدا چاوەڕێی ڕێگەپێدان دەکەن بۆ تێپەڕین بەرەو شارەکانی عێراق، لەکاتێکدا ئەو کوردانەی لە ناوچە جێناکۆکەکانن، وەک کەرکووک بە پاساوی لاوازی تەناهی، ڕێگرییان لێ دەکرێت بچنە سەر زەوییەکانی خۆیان و بەرهەمهێنان بکەن.
ئەم گوشارە ئابوورییە هەروەها بووەتە هۆی کۆچی بەرچاوی گەنجانی کورد. هەزاران گەنجی بێکار و لە ڕووی سیاسییەوە نامۆبوو، گەشتە پڕمەترسییەکەیان بەرەو ئەوروپا دەست پێ کردووە. پسپۆڕ و خاوەنکارە خوێندەوارەکان کە پێشتر هەرێمی کوردستانیان وەک دوورگەیەکی دەگمەنی دەرفەت لەناو عێراقدا دەبینی، ئێستە بەدوای سەقامگیرییەوەن لە دەرەوەی وڵات و جێی دەهێڵن. ڕۆیشتنی ئەوان زیانێکی ستراتیجیی قووڵە و ئەو چینە کۆمەڵایەتی و پیشەییەی دادەڕزێنێت کە بۆ ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی داهاتووی ناوچەکە زۆر گرنگە.
جگە لە کاریگەرییە مرۆییە ڕاستەوخۆکان، هێرشی بەغدا بۆ سەر کوردستان، پەیمانی فیدراڵی هەڵدەوەشێنێتەوە کە بناغەی دەستووری عێراقی ساڵی 2005ـی لەسەر دامەزراوە. زنجیرەیەک بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی، کە بە شێوەیەکی بەرفراوان وەک لایەنگری بەرژەوەندییەکانی حكوومەتی ناوەندی لە بەغدا سەیر دەکرێ، بە شێوەیەکی سیستماتیک توخمە سەرەکییەکانی ئۆتۆنۆمیی کوردیان پووچەڵ کردووەتەوە. یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان هەڵوەشێنرایەوە، پەرلەمانی هەرێمی کوردستان هەڵوەشێنرایەوە، کۆتای کەمینەکان لە پەرلەمان هەڵوەشێنرایەوە و دواتر بۆ نیوە کەمکرایەوە و تەنانەت دەسەڵاتی هەڵبژاردنیش لە هەرێمی کوردستان سەندرایەوە، بەهۆی ئەوەی بڕیارێکی دادگای باڵا کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقی ڕاسپارد بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە تشرینی یەکەمی 2024. لە ساڵی 1992ـەوە کورد خۆی هەڵبژاردنەکانی بەڕێوە دەبرد.
سەرباری ئەم کێشانە، بڕیارەکەی ساڵی 2024ـی دادگای باڵا دەسەڵاتی بە وەزارەتی دارایی عێراق دا بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان. وەزارەتەکە هێشتا پارەی ئەو فەرمانبەرانەی خەرج نەکردووە. بە سەندنەوەی دەسەڵاتی دارایی لە حكوومەتی هەرێمی کوردستان، حكوومەتی ناوەندیی عێراق توانیویەتی شەرعیەتی حكوومەتی کوردی لەبەرچاوی خەڵکدا کەم بکاتەوە. لە وەڵامی قەیرانی مووچەدا لە نائومێدی و بێزاریدا، دەنگێک لەناو هاووڵاتیانی کورد زیاتر داوای سەپاندنەوەی دەسەڵاتی ناوەندی دەکەن بەسەر هەرێمی کوردستاندا، کە وا دیارە ئامانجی دەستەبژێری سیاسیی شیعەی دەسەڵاتدارە لە بەغدا.
لەکاتێکدا حكوومەتی هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی گوشاری ئابووری دەبێتەوە بەهۆی هەوڵدان بۆ وەبەرهێنانی ڕۆژئاوایی و سەربەخۆیی ئابووریی ستراتیجی، بودجەی فیدراڵیی عێراق بەردەوامە لە تەرخانکردنی ملیارەها دۆلاری بێ چاودێری بۆ حەشدی شەعبی، کە تۆڕێکی بەرفراوانی میلیشیایە و زۆرێکیان زیاتر ملکەچی تارانن نەک بەغدا. لە ساڵی دارایی 2022ـدا، بودجەی فەرمیی حەشدی شەعبی 2.16 ملیار دۆلار بوو. تا ساڵی 2024، ئەم ژمارەیە بۆ نزیکەی 3.5 ملیار دۆلار بەرزبووەوە، کە زیادبوونێکی 62% نیشان دەدات تەنیا لە ماوەی دوو ساڵدا. لە هەمان ماوەدا، ڕیزەکانی حەشدی شەعبی نزیکەی دوو هێندە زیادی کرد و گەیشتە نزیکەی 250 هەزار چەكدار و ئەندام، کە زۆر زیاترە لە سوپای ئاسایی عێراق.
پرۆسەی دابینکردنی دارایی بۆ ئەم میلیشیایانە ناڕوونە، خەرجییەکانیان وردبینی ناکرێت و چالاکییە سیاسییەکانیان تا ڕادەیەکی زۆر بێ کۆتوبەندە. ئەم گرووپانە زۆرجار دەست لە هەڵبژاردنەکان وەردەدەن، دانیشتووانی ناوچەکان دەترسێنن، هەموو ئەمانەش لەکاتێکدا سوود لە بەخشندەیی زۆری فیدراڵی وەردەگرن. لە بەرانبەردا فەرمانبەرانی کورد زۆرجار بۆ چەندین مانگ بێ مووچە ماونەتەوە. ئەم تەرخانکردنە ئامانجدارەی سەرچاوەکانی دەوڵەت، بەکارهێنانێکی بەئەنقەستی دارایی گشتییە بۆ پاداشتکردنی وەفاداریی سیاسی، سزادانی نەیاران، بەهێزکردنی هێزەکانی حەشدی شەعبی، و لاوازکردنی سیستماتیکی ئەو دامەزراوانەی کە هاوبەشیی ڕۆژئاوایی لە ئامێز دەگرن. ئەم کۆنترۆڵە داراییە بەشێکە لە مۆدێلێکی نوێی ئۆتۆکراسیی ناوەندی لە عێراقدا، کە بە شەرعیەتی ڕێکاری داپۆشراوە و لەرێگەی چەککردنی ئابووری و یاساییەوە جێبەجێ دەکرێت.
ئەم هەنگاوە زۆرەملێیانە هەروەها ئاڵنگارییەکی ڕاستەوخۆن بۆ بەرژەوەندی و کاریگەرییەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا. کوردستان ڕۆڵێکی سەرەکیی هەبوو لە شەڕی دژ بە گرووپی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)، بەردەوام میوانداریی دەیان هەزار ئاوارەی ناوخۆیی کردووە، و مۆدێلێکی فرەییتر و لایەنگری ڕۆژئاوای لە حوکمڕانی نیشان داوە بە بەراورد لەگەڵ زۆربەی بەشەکانی تری عێراق. کۆمپانیا ئەمەریکییەکان بەردەوامن لەوەی حكوومەتی هەرێمی کوردستان وەک ژینگەیەکی بەهێز بۆ وەبەرهێنان ببینن. بێدەنگیی ئێستای واشنتن لە بەرانبەر هەڵمەتی گوشاری ئابووریی بەغدا، مەترسیی ئەوەی هەیە کە نەک تەنیا هاوپەیمانێکی دڵسۆز لە خۆی نامۆ بکات، بەڵکو "دیپلۆماسییەتی بازرگانی" و بەرژەوەندییە ستراتیجییەکانی خۆیشی تێکبدات.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا خاوەنی کارتی گوشارە بۆ چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە. یەکێک لە بەهێزترین، بەڵام کەم بەکارهێنراوترین، ئامرازەکانی بەردەست واشنتۆن، کاریگەرییەتی لەسەر دەستڕاگەیشتنی عێراق بە دۆلاری ئەمەریکی. ئابووریی عێراق بەهۆی هەناردەی نەوتەوە بە ڕێژەیەکی زۆر پشت بە دۆلار دەبەستێت و وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا بەردەوامە لە پاراستنی یەدەگی دراوی بیانی و داهاتی نەوتی عێراق، کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە بانکی یەدەگیی فیدراڵیی نیویۆرک هەڵگیراوە. هەموو هەفتەیەک، بەغدا بڕێکی زۆر دۆلار لەرێگەی سیستەمی زیادکردنی بانکی ناوەندیی عێراقەوە وەردەگرێت، کە پرۆسەیەکە بۆ سەقامگیرکردنی دیناری عێراقی و ڕێکخستنی بازرگانی داڕێژراوە. بەڵام، ئەم دۆلارانە لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەن نین. ئەوان نەک تەنیا سیستەمی دارایی گشتیی عێراق ڕادەگرن، بەڵکو بودجەی ئەو گرووپە میلیشیایانەش دابین دەکەن کە دژ بە بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکان و هەمان ئەو دامەزراوانە بەهێز دەکەن کە بۆ سەرکوتکردنی کوردستان بەکاردەهێنرێن. بۆ نموونە بانکی ناوەندیی عێراق کۆمپانیا کوردییەکانی لە دەستڕاگەیشتن بە دۆلار بێبەش کردووە و ڕەتی کردووەتەوە نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەرێمی کوردستان ڕێکبخات، لەکاتێکدا ڕەزامەندیی لەسەر زیاتر لە دوو هەزار نووسینگەی ئاڵوگۆڕی دراو لە عێراقی فیدراڵیدا داوە، کە زۆرێکیان ڕاستەوخۆ سوود بەو گرووپە میلیشیایانە دەگەیەنن کە دژ بە ویلایەتە یەکگرتووەکان و حكوومەتی هەرێمی کوردستانن و هاوسۆزی ئێرانن.
پاراستنی بەردەوامی ئەمەریکا بۆ لێشاوی دارایی عێراق نابێت بێ مەرج بێت. دەستڕاگەیشتن بە سیستەمی دۆلاری جیهانی دەبێت بە پابەندبوون بە بنەما سەرەتاییەکانی حوکمڕانیی دەستووری و مامەڵەی یەکسان لەگەڵ هەموو هاووڵاتیانی عێراق، بەبێ گوێدانە نەتەوەیان، ببەسترێتەوە. بەکارهێنانی خراپی ئەم پارانە بۆ پاداشتکردنی میلیشیاکان و سزادانی هەرێمە فیدراڵییەکان دەبێت ببێتە هۆی لێکۆڵینەوەی دارایی لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە و، ئەگەر پێویست بوو، دانانی کۆتوبەند. هەمان میکانیزمەکانی گەنجینەی ئەمەریکا کە بۆ سزادانی دارایی تیرۆر و گەندەڵی لە شوێنەکانی تر بەکارهێنراون، دەبێت بۆ دڵنیابوونەوە لە پابەندبوونی دەستووری لە عێراقدا جێبەجێ بکرێن. هاوکاریکردنی نهێنیی عێراق لەگەڵ ڕژێمە دژە-ئەمەریکییەکان لەرێگەی گرێبەستی وزەی ئاشکرانەکراو و کەناڵی داراییەوە، سیاسەتی سزاکانی ئەمەریکا تێکدەدات و دەرفەتێکی ئابووریی گرنگ بە نەیاران دەبەخشێت. ئەگەر بەغدا بەردەوام بێت لە یارمەتیدانی ئەم تۆڕانە و پشتگوێخستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی، دەبێت وەڵامێک لەلایەن گەنجینەی ئەمەریکاوە لەبەرچاو بگیرێت، کە لەوانەیە هەڵپەساردنی دەستڕاگەیشتن بە سەروەت و سامانە پارێزراوەکانی عێراق لە ویلایەتە یەکگرتووەکان بگرێتەوە. واشنتن هەم بنەمای یاسایی و هەم پاڵنەری ستراتیجی هەیە بۆ ئەوەی بجوڵێت کاتێک بەرژەوەندییەکانی بەردەوام تێکدەدرێن و هاوبەشەکانی ناچار دەکرێن لەگەڵ نەیارەکانیدا هاوپەیمان بن. شکست لەم کارەدا ئەو دینامیکییەتانە بەهێز دەکات کە هەڕەشە لە یەکپارچەیی عێراق دەکەن و کاریگەریی درێژخایەنی ئەمەریکا تێکدەدەن.
بۆ ماوەی زیاتر لە دوو دەیە، دانیشتووانی کورد بەهۆی ململانێی سیاسیی درێژخایەنی نێوان هەولێر و بەغداوە ئازاریان چەشتووە. لەکاتێکدا سەرکردایەتیی کورد بەرپرسیارێتیی بەشێک لە قەیرانی دارایی ئێستای لە ئەستۆدایە، حكوومەتی فیدراڵی دانیشتووانی کورد بەگشتی وەک کارتی گوشار لە دانوستانەکانیدا لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی کوردستان بەکاردەهێنێت. ڕێوشوێنە سزادەرانەکان کە ئامانجیان وەرگرتنی سازشی سیاسییە، زۆرجار دەرەنجامی پێچەوانەیان لێ دەکەوێتەوە بە قووڵکردنەوەی نائارامی و نامۆکردنی ئەو دانیشتووانەی کە ماوەیەکی درێژە هاوبەشێکی سەرەکی بوون لە بوژانەوەی عێراقی دوای 2003.
بۆیە، پێویستە واشنتن گوشاری دیپلۆماسی بەکاربهێنێت بۆ ئیدانەکردنی بەکارهێنانی سیاسییانەی مووچە، سیاسەتی بازرگانی و بڕیارە دادوەرییەکان. دەبێت یارمەتییە بەرچاوەکانی چ دوولایەنە و چ فرەلایەنە، مەرجدار بکات بە دابەشکردنی دادپەروەرانەی سامان و گەڕاندنەوەی ڕێککەوتنەکانی دابەشکردنی داهات کە لە دەستووری عێراقدا چەسپاون. هاوکات، پێویستە ڕۆڵی گرنگی خۆی وەک نێوەندگیر لەنێوان هەولێر و بەغدا دەست پێ بکاتەوە و کێشی دیپلۆماسیی خۆی بەکاربهێنێت بۆ دووبارە دامەزراندنەوەی پێوەندییەکی دارایی دادپەروەرانە و شەفاف و لەسەر بنەمای دەستوور.