پەرلەمانتارێكی عێراق ئاشكرای كرد، چەند پەرلەمانتارێكی شیعە قسەی ئەحمەد حاجی رەشیدیان كردووە بە بەڵگە لەسەر بوونی پێوەندی لەنێوان ئیسرائیل و هەرێمی كوردستان، ئەوەیش بە بەڵگە سەلمێنراوە كە ئەحمەد حاجی رەشید رۆڵی سیخووڕ دەبینی.
ئەحمەد حاجی رەشید كێیە؟
ئەو پێشتر پەرلەمانتاری عێراق بوو و سەر بە كۆمەڵی دادگەرییە، ئێستە بووە بە بەڵا بۆ خەڵكی كوردستان و تەنانەت حزبەكەی خۆیشی، لە سلێمانی دەژی، بەڵام رۆڵی جاشێكی ئۆرجیناڵ دەگێڕێت بۆ دژایەتیی كوردستان.
چەندان زانیاریی نهێنی و هەواڵگری بۆ شیعەی عێراق دەنێرێ، هەروەك لە میدیاكانیشەوە دەڵێ، كە ئەو كوردانە بیر ناكاتەوە، بە كورتییەكەی پێی دەگوترێت "جاش" رۆڵی هەبووە لە بڕینی مووچەی خەڵكی كوردستان و زانیاریی هەڵەی بە حكوومەتی عێراق داوە.
ئێستە ئەحمەدی حاجی رەشید، زانیاریی ئەوەی بڵاو كردووەتەوە كە كوردستان و ئیسرائیل پێوەندییان هەیە، ئەوەیش بووە بە قسە لە عێراقدا، بەڵام دادگاكانی كوردستان لە چەند رۆژی رابردوودا لەسەر ئەو تۆمەتە بڕیاری گرتنیان بۆ ناوبراو دەركرد.
قسەی ناو مۆبایلی شیعەكان
شوان كەلاری، پەرلەمانتاری عێراق /پارتی/ ئەوەی ئاشكرا كرد كە یوسف كیلابی /پەرلەمانتارێكی شیعەیە/ ئەحمەدی حاجی رەشید دەكات بە شاهێد و لە گرووپی واتسئەپی پەرلەمانی عێراق كە هەر 329 پەرلەمانتارەكەی عێراقی تێدایە، ئەحمەدی حاجی ڕەشید پەرلەمانتاری كۆمەڵی كردووە بە شاهێد و قسەكانی ناوبراوی لەسەر هەبوونی پێوەندی لەنێوان ئیسرائیل و هەرێمی كوردستان وەكو بەڵگە هێناوەتەوە.
ئەو پەرلەمانتارەی شیعە قسەكانی ئەحمەدی حاجی ڕەشیدی وەكو خۆی داناوە كە دەڵێت، "هەندێك حزبی كوردی خزمەتی گەورەیان بە ئیسرائیل كردووە، ئاسانكارییان كردووە بۆ پەڕاندنەوەی نزیكەی 10 هەزار فڕۆكەی بێفڕۆكەوان یان درۆن لە كوردستانەوە بۆ ئێران".
هەروەها دەڵێ، جگە لەوەیش، حەنان فەتلاوی، پەلەمانتاری دیاری عێراق لەسەر هەمان بابەت، واتە لەسەر قسەكانی ئەحمەدی حاجی ڕەشید نوسیویەتی (لێدوانی مەترسیدار).
"بێگومان ئەم تۆمەتەی ئەحمەدی حاجی ڕەشید بۆ ئەوەیە ئێران و شیعەی عێراق شتێك نەهێڵن بەناوی هەرێمی كوردستانەوە و بەهەموو هێزی خۆیانەوە لە هەرێمی كوردستان بدەن، ئیتر مووچەبڕین لە سەرەتاییترین و ئاسانترین ئەو هەنگاوانەیە كە لەلایەن بەغداوە دژ بە هەرێمی كوردستان گیراوەتەبەر" شوان كەلاری وای نووسیوە.
باسی لەوەیش كردووە، هەندێك پەرلەمانتاری پێشوو و ئێستەش، هەموو كار و كردەوەیەكیان بۆ ئەوەیە كە پێوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا تێكبدەن و مووچە و بودجەی هەرێم ببڕدرێت، چونكە ئەوان بۆخۆیان زۆر باش دەزانن ئەگەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە ڕێكی و 30 ڕۆژ جارێك مووچەی فەرمانبەران بدات، ئەوان هیچ قسەیەكیان نامێنێ بۆ گوتن و شانسی بوونەوە بە پەرلەمانتاری ئەوان زۆر لاواز دەبێت، بەپێچەوانەوە قازانجی ئەوان لەوەدایە كە مووچە نەبێت و ژیانی خەڵك ناخۆش بێت و خەڵك لە حكوومەتی هەرێم توڕەبێت بۆ ئەوەی دەنگ بە ئەوان بدەن و بیانكەنەوە بە پەرلەمانتار، كە بێگومان دواجار خواستی سزادانی خەڵكی كوردستان و ئەوانەیشی دڵیان پێی خۆشە، شكست دەهێنن.
بەپێویستی دەزانێ، ئەو سیاسی و پەرلەمانتارانەی كوردستان كە دەست بۆ ئاگر دەبەن و لە پێناو بەرژەوەندیی سیاسی و مادی خۆیان و لە چوارچێوەی پێوەندی و كۆدی جاسووسیدا، درۆ و بوختان بۆ هەرێمی كوردستان هەڵدەبەستن، بەتوندی سزا بدرێن و داوای سەلماندنی درۆكانیان لێ بكرێت، ئەم تۆمەتانەی بۆ كوردستان لەلایەن كۆمەڵێك كۆنە پەرلەمانتار و وەزیر و كەسایەتی سیاسی و تۆڕێكی سیخووڕییەوە هەڵدەبەسترێن بووەتە هۆكاری بڕینی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و ئاراستەكردنی (درۆن) بۆ هەولێر، سلێمانی، زاخۆ، كەركووك و گەرمیان و دروستكردنی هەڵایەكی میدیایی لە ناوخۆی ئێران گوایە (لە ڕێگەی كوردستانەوە ئێران كراوەتە ئامانج).
لە كۆتاییشدا دەڵێ، هەر ئەم تۆمەتانە بەیاننامەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و بەیاننامەی گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراقی لە دژی یەكتر لێكەوتەوە و پێوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدای ئاڵۆزتر كردووە، بۆیە سكاڵا تۆماركردن لەسەر ئەم جۆرە كەسانە، كە مەترسییەكی وا گەورە لەسەر ئاسایشی خەڵك و خاكی كوردستان دروست دەكەن نەك ئاساییە، بەڵكو زۆریش پێویستە، لە هەموو وڵاتانی دنیایش هەر وایە، لە هیچ كەسێك قبووڵ ناكرێت وەها تۆمەتێكی بێ بنەما ئاراستەی وڵاتەكەی خۆی بكات و مەترسی لەسەر ئاسایشی وڵات دروست بكات و تووشی شەڕ و ماڵوێرانیی بكات.