له زۆربه‌ی ئه‌و جه‌نگانه‌ی له هاوچه‌رخ روویان داوه چه‌كی جه‌نگ ته‌نیا به پشتبه‌ستن به فیشه‌ك و مووشه‌ك نه‌بووه، به‌ڵكو هه‌ندێك جار خۆراك، ئاو، ده‌رمان و بڕینی سه‌رچاوه‌كانی بژێوی وه‌ك چه‌كێكی كاریگه‌رتر و مه‌ترسیدارتر به‌كار هێنراوه، ده‌ستبردن بۆ سه‌رچاوه‌ی بژێوی و پێداویستییه سه‌ره‌تاییه‌كانی خه‌ڵك، بووه‌ته ئامرازێكی سه‌ربازی و سیاسی. غه‌زه و هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێ وه‌ك نموونه سه‌یر بكرێن.
له كه‌رتی غه‌زه ژماره‌یه‌ك له دامه‌زراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌وانه‌ش نووسینگه‌ی هاوئاهه‌نگیی كاروباری مرۆیی رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، ئاژانسی فریاكه‌وتن و دابینكردنی كار بۆ په‌ناخوازان و ئاواره‌كانی فه‌له‌ستینی، ئۆكسفام و رێكخراوی رزگاركردنی منداڵان و ژماره‌یه‌ك رێكخراوی تری نێوده‌وڵه‌تی له‌باره‌ی دۆخی ناله‌باری خۆراك و ده‌رمان له غه‌زه هۆشدارییان داوه.
زیاتر له 90%ی دانیشتووانی غه‌زه ده‌ستیان به خۆراك راناگات یان له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك كێشه و به‌ربه‌ست به‌ره‌وڕوون، هه‌زاران منداڵ مه‌ترسیی ئه‌وه‌یان له‌سه‌ره له برسان و له نه‌بوونی پێداویستیی ده‌رمانی و پزیشكی بمرن.
جاناتان ڤیتال سه‌رۆكی نووسینگه‌ی هاوئاهه‌نگیی كاروباری مرۆیی له فه‌له‌ستین ده‌ڵێت، ''ئه‌وه‌ی له غه‌زه روو ده‌دات ته‌نیا برسێتی نییه، به‌ڵكو هه‌بوونی سیاسه‌تێكی ئاشكرایه بۆ ئه‌وه‌ی به ئه‌نقه‌ست خه‌ڵكه‌كه برسی بكرێت.
برسیكردن ژێرخانی كۆمه‌ڵایه‌تیی هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك ده‌كاته ئامانج
له‌لایه‌كی تره‌وه كۆمه‌ڵێك دامه‌زراوه‌ی تری مرۆیی له‌وانه‌ش چاودێریی مافی مرۆڤ پێیان وایه، سوودوه‌رگرتن له برسیكردن وه‌ك چه‌ك، شێوازێكی ئامانجدارانه‌یه كه زۆر مه‌ترسیداره و كۆی ژێرخانی كۆمه‌ڵایه‌تیی هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك ده‌خاته ژێر كاریگه‌رییه‌وه.
له كۆنه‌وه سیاسه‌تی برسیكردن ته‌نیا بۆ ئه‌و ئامانجه نه‌بووه ئه‌و خه‌ڵكه له‌ناو ببرێن، به‌ڵكو ئامرازێك بووه بۆ گۆڕانكاری له هاوكێشه‌ی سیاسی و دیموگرافی له یه‌ك ناوچه.
ئوسام خه‌لیفه مێژوونووس و مامۆستای زانكۆ ده‌ڵێت، ''له كۆنه‌وه سیاسه‌تی برسیكردن بۆ سه‌ركوتكردنی خه‌ڵك به‌كار هێنراوه، بۆ نموونه جه‌به‌لی لبنان له میانه‌ی جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی، یان كوشتنی ئه‌رمه‌نییه‌كان و ئاشوورییه‌كان، جه‌نگی بۆسنیا و له هه‌موو ئه‌و حاڵه‌تانه برسیكردن بۆ ئه‌وه بووه قه‌واره‌ی كۆمه‌ڵگه له‌به‌ر یه‌كتر هه‌ڵوه‌شێته‌وه و خه‌ڵك به گشتی خۆیان راده‌ستی باڵاده‌ست بكه‌ن.
به‌گوێره‌ی بی بی سی، ژماره‌یه‌كی زۆری كتێب له‌باره‌ی برسیكردن نووسراوه ئه‌لێس دی ڤال له كتێبی ''برسیكردنی به‌كۆمه‌ڵ، مێژوو و داهاتووی قڕی، زۆر به روونی باس له سیاسه‌ته‌كانی برسیكردن كردووه و له‌وه‌ی كۆڵیوه‌ته‌وه چۆن وڵاتان به ئامرازی برسیكردن، ویستوویانه ده‌ست به سه‌ر ناوچه‌یه‌ك یان نیشتمانێكدا بگرن و بیخه‌نه ژێر ركێفی خۆیان.
برسیكردن له یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان
به‌پێی یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، هانابردن بۆ برسیكردنی خه‌ڵك وه‌ك سیاسه‌تێكی جه‌نگی به تاوان هه‌ژمار ده‌كرێت، كۆنڤانسیۆنی جنێڤ له ساڵی 1949 و پرۆتۆكۆڵی 1977 هه‌ر جۆره سیاسه‌تێكی برسیكردن له خه‌ڵكی سڤیلی قه‌ده‌غه كردووه.
به‌رنامه و پێڕه‌وی رۆما كه پێوه‌ندیداره به دادگای نێوده‌وڵه‌تیی تاوان، له ساڵی 1988 برسیكردنی خه‌ڵكی به تاوانی جه‌نگ داناوه به‌تایبه‌تی كاتێك رێگریی له گواستنه‌وه‌ی خۆراك بۆ خه‌ڵكه‌كه ده‌كرێت.
هه‌ر به پێی بڕیارنامه‌ی2417ی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان كه له ساڵی 2018 په‌سند كرا، هه‌ر جۆره سیاسه‌تێكی برسیكردنی سه‌ركۆنه كراوه. سه‌ره‌ڕای ئه‌و یاسا و رێسایانه‌ی هه‌ن به‌گوته‌ی حه‌سه‌ن حه‌تاب كه له دادگای نێوده‌وڵه‌تیی لاهای وه‌ك راوێژكاری یاسایی كار ده‌كات، یاساكان روونن، به‌ڵام ئیراده‌ی سیاسی بۆ جێبه‌جێكردنی یاساكان له ئارادا نییه.
چه‌ند نموونه‌یه‌كی مێژوویی بۆ برسیكردنی خه‌ڵك
گه‌مارۆدانی لینینگرادی رووسیا له نێوان ساڵانی 1941 تا 1944 نموونه‌یه‌كی مێژووییه له سیاسه‌تی برسیكردن، بۆ ماوه‌ی 870 رۆژ ئه‌و شاره گه‌مارۆ درا و برسی كرا به‌و ئامانجه‌ی خه‌ڵكه‌كه خۆ به‌ده‌سته‌وه بده‌ن یان به یه‌كه‌وه له‌ناو بچن، یه‌ك ملیۆن كه‌س له‌م شاره ته‌نیا له برسان مردن.
نموونه‌ی مێژوویی كۆن و نوێ زۆرن و ئه‌و سیاسه‌ته‌ی حكوومه‌تی عێراق به‌رانبه‌ر به خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێی ده‌كات، ده‌كه‌وێته خانه‌ی هه‌مان جۆر تاوانه‌وه.
ژیان و بژێویی ملیۆنان كه‌س له دانیشتووانی هه‌رێمی كوردستان به‌و مووچه‌یه گرێ دراوه كه مانگانه ده‌بێت بۆیان دابین بكرێت، به‌پێی یاسا ئه‌ركی دابینكردنی مووچه له ئه‌ستۆی حكوومه‌تی فیدراڵییه، چونكه زیاتر له دوو ساڵه رێی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی له حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پچڕاندووه و ده‌یه‌وێت به سیاسه‌تی برسیكردن، خه‌ڵكی كوردستان و حكوومه‌ت و قه‌واره‌كه‌ی به ته‌واوی بخاته ژێر ركێفی خۆیه‌وه.
هه‌رێمی كوردستان له ده‌یه‌ی رابردوودا كۆمه‌ڵێك قه‌یرانی وه‌ك سه‌رهه‌ڵدانی داعش، هاتنی شه‌پۆلی ئاواره‌كان، دابه‌زینی نرخی نه‌وت، كۆرۆنای به‌سه‌ردا هاتووه، به‌ڵام دۆخه‌كه تێپه‌ڕێنراوه و رێگه نه‌دراوه خه‌ڵك برسی بێت و به كه‌م و زۆر ئه‌وه‌ی هه‌یه به‌سه‌ر خه‌ڵكدا دابه‌ش كراوه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێسته روو ده‌دات، ته‌نیا بریتی نییه له قه‌یرانێكی دارایی و ئابووری، به‌ڵكو قه‌یرانێكی سیاسییه كه به‌غدا دروستی كردووه و به‌غدا له سیاسه‌تی ئه‌نفال و كیمیابارانه‌وه رووی كردووه‌ته‌وه سیاسه‌تی برسیكردنی خه‌ڵك له پێناو چۆكداهێنان به‌خه‌ڵك، ئه‌مه‌ش سیاسه‌تێكی قێزه‌ونه كه به‌گوێره‌ی یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان به تاوان داده‌نرێت.