به‌گوێره‌ی ئه‌و پلانه‌ی دانرابوو، ئه‌مڕۆ دووشه‌م بنیامین نه‌ته‌نیاهۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل گه‌یشتووه‌ته ئه‌مه‌ریكا و بڕیاره ئێواره له‌گه‌ڵ دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكادا كۆ ببێته‌وه، قسه له‌وه ده‌كرێ نه‌ته‌نیاهۆ به‌ته‌مای ئه‌وه‌یه ئه‌مڕۆ له تره‌مپ گڵۆپی سه‌وزی هێرشی تر بۆ سه‌ر ئێران وه‌ربگرێت، به‌ڵام دیار نییه تره‌مپ ئه‌و گڵۆپه‌ی بۆ پێ ده‌كات یا نا.
دۆناڵد تره‌مپ حه‌زی له كۆتاهێنان به جه‌نگه‌كانه و كۆمه‌ڵێك جه‌نگی وه‌ك ئۆكراینا و غه‌زه و جه‌نگی تری به‌سه‌ردا كه‌ڵه‌كه بووه، ئه‌و پێی وایه رۆڵی هه‌بووه له كۆتاهێنان به جه‌نگی نێوان پاكستان و هیندستان و له‌مدواییانه‌شدا به فه‌رمانێك، كۆتایی به جه‌نگی نێوان ئێران و ئیسرائیل هێنا، جه‌نگێك كه 12 رۆژی خایاند و دوو رۆژ به‌ر له ته‌واوبوونی جه‌نگه‌كه، ئه‌مه‌ریكا به فڕۆكه‌ی B2 سێ كه گه‌وره‌ترین وێستگه ئه‌تۆمییه‌كانی ئێرانی له‌ناو برد.
ئه‌گه‌ری زۆره له سه‌ردانی ئه‌مڕۆدا یه‌كێك له‌و ته‌وه‌ره سه‌ره‌كییانه‌ی قسه‌وباسی له‌سه‌ر بكرێت و ته‌نانه‌ت هه‌واڵی ئاگربه‌ست و كۆتاهێنان به‌جه‌نگی لێ رابگه‌یه‌نرێت، پرسی غه‌زه بێت، پێشتر میدیاكانی دنیا ئه‌وه‌یان روون كردووه‌ته‌وه كه ئیسرائیل و حه‌ماس به ناوبژیوانیی میسر و قه‌ته‌ر، به كۆمه‌ڵێك لێكتێگه‌یشتن گه‌یشتوون و ماوه‌ته‌وه ئه‌و ئاشتییه له نێوانیان رابگه‌یه‌نرێت و دۆسیه‌ی جه‌نگی غه‌زه به یه‌كجاری دابخرێت كه ده‌ستی تره‌مپ بۆ پرسه‌كانی تر كراوه‌تر ده‌كات.
ئه‌مه‌ریكا له هه‌موو ئه‌و هه‌وڵانه‌ی بۆ كۆتاهێنان به جه‌نگی ئۆكراینا خستیه گه‌ڕ، سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه و وا پێده‌چێت له‌و پرسه كه‌مێك پاشه‌كشه‌ی كردبێت و سه‌رنجی خستبێته سه‌ر غه‌زه و ئێران.
ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه ئێرانه كه لای ئیسرائیل به گه‌وره‌ترین كێشه و به گه‌وره‌ترین مه‌ترسی بۆ سه‌ر مانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل هه‌ژمار ده‌كرێت، ئیسرائیل به‌و هێرشه‌ی له 13ی مانگ كردیه سه‌ر ئێران، توانی زیانێكی یه‌كجار زۆری گیانی و مادی پێوه‌ست به به‌رنامه‌ی ئه‌تۆمی و فه‌رمانده‌كانی سوپای پاسدران و پێگه مووشه‌كییه‌كانی بگه‌یه‌نێت، به‌ڵام هێشتا به ته‌واوی دڵی ئاوی نه‌خواردووه‌ته‌وه.
به‌رپرسانی باڵای كۆماری ئیسلامی له هه‌ڕه‌شه‌كانیان به‌رده‌وامن و ته‌نانه‌ت بانگه‌شه‌ی سه‌ركه‌وتنی جه‌نگ ده‌كه‌ن، هێشتا ئه‌و وڵاته وازی له دروشمی سڕینه‌وه‌ی ئیسرائیل نه‌هێناوه و نیازی ئه‌وه‌ی هه‌یه درێژه به پیتاندنی یۆرانیۆم بدات و گوێ به هیچ رێنوێنییه‌كی ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تیی وزه‌ی ئه‌تۆمی نه‌دات، چونكه هه‌موو جۆره هاوكارییه‌ك له‌گه‌ڵ ئاژانسه‌كه‌ی هه‌ڵپه‌ساردووه. به‌رپرسان و فه‌رمانده باڵاكانی ئێران هاوشێوه‌ی به‌ر له جه‌نگ، سوورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی به دڵی خۆیان یۆرانیۆم بپیتێنن و هه‌ر ئه‌وه‌شه ئیسرائیلییه‌كانی نیگه‌ران كردووه.
دوێنێ یه‌كشه‌م دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، جارێكی تر پێداگریی له‌وه كرد كه پێویسته ئێران واز له هه‌موو ئه‌و شتانه بێنێت كه پێشتر ئه‌مه‌ریكا داوای لێ كردوون. ئه‌وه‌شی بیر هێنایه‌وه پڕۆژه ئه‌تۆمییه‌كانی ئێرانی له‌ناو بردووه و نابێت ئێران ده‌ست بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم بباته‌وه.
له‌لایه‌كی تره‌وه رۆژنامه‌كانی ئیسرائیل بڵاویان كرده‌وه كه بنیامین نه‌ته‌نیاهۆ له گه‌شته‌كه‌ی بۆ ئیسرائیل ئامانجێكی سه‌ره‌كی هه‌یه، ئه‌ویش بریتییه له وه‌رگرتنی گڵۆپی سه‌وزی هێرشكردنه‌سه‌ر ئێران له ئه‌گه‌ری هه‌نگاونانی ئێران بۆ هه‌ر جۆره چالاكییه‌كی ئه‌تۆمی و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی پڕۆژه ئه‌تۆمییه‌كانی.
سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل له‌وه ده‌گه‌ڕێت ئه‌و مافه‌ی به‌سه‌ر لبناندا هه‌یه‌تی بۆ لێدان له بنكه و باره‌گاكانی حزبوڵا، به‌سه‌ر ئێرانیشدا هه‌یبێت و هه‌ر كاتێك پێی خۆش بوو، چالاكیی سه‌ربازی ئه‌نجام بدات و مه‌ترسییه‌كه بڕه‌وێنێته‌وه.
بنیامین نه‌ته‌نیاهۆ ده‌یه‌وێت له دیداری ئه‌مڕۆیدا له‌گه‌ڵ تره‌مپ رێوشوێنی زۆر توندوتۆڵ بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌ر جۆره مه‌ترسییه‌كی ئێران وه‌ربگرێت.
ئاسمانی ئێران له جه‌نگی رابردوودا به ته‌واوی كه‌وته ژێر ده‌ستی ئیسرائیل و ئه‌و وڵاته هه‌ر كه‌س و شوێنێك حه‌زی لێ بوایه، به ئاسانی ده‌یتوانی بیكاته ئامانج و ئێسته‌یش له دوای جه‌نگ، ده‌خوازێت به‌رده‌وام چاوی له‌سه‌ر ئێران بێت و هه‌ر كاتێك ئێران پێی خوار دانا، بۆی راست بكاته‌وه.