بەرپرسێكی وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان رای دەگەیەنێت، لە رێگەی پڕۆژەیەك لە ماوەی ساڵێكدا، ژمارەی تەواوی باخ و دار زەیتوونەكانی كوردستان تۆمار دەكرێن و پەرەیان پێ دەدرێت، دواتر ئەو زەیتوونە بە جیهانی دەكرێت و دەناسێنرێت.
ئەمڕۆ دووشەم حەوتی تەمووز، هیوا عەلی گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، بە "وشە"ـی راگەیاند، پڕۆژەی كۆریس بۆ پەرەپێدانی كەرتی زەیتوون لە هەرێم دەستی پێ كرد، بۆ پەرەپێدانی بەردەوامی كەرتی زەیتوون و زەیتی زەیتوون لە هەرێمی كوردستان، بە پاڵپشتی پەیمانگەی نێودەوڵەتی "سیهام باری" ئیتاڵی.
دەشڵێت، تیمێكی پسپۆڕی ئیتاڵی گەیشتوونەتە هەرێمی كوردستان و لەگەڵ وەزارەتی كشتوكاڵ و بەشێك لە جووتیاران دەستیان بەكار كردووە، ئەوانە هەڵدەستن بە تۆماری باخی زەیتوون و ژمارەی دار زەیتوونەكان و رووبەری داچێندراوی دارە زەیتوونەكانی كوردستان و چەندان كاری تر.
روونیشی كردەوە، ئامانجی پڕۆژەكە كە ماوەی ساڵێك دەخایەنێت، بریتییە لە پێشخستن و بەرزكردنەوەی توانای جووتیاران و بەكارهێنانی سیستمی پێشكەوتوو، تا دەگاتە بەبڕاندكردن و بەبازاڕكردنی بەرهەمەكانی زەیتوون.
دەشڵێت، چاوەڕوان دەكرێت ئەم پڕۆژەیە ببێتە هۆی خاڵێكی وەرچەرخانی گرنگ لە بواری بەرهەمهێنانی زەیتوون لە هەرێمی كوردستان، دواتر بە نێودەوڵەتیكردنی زەیت و زەیتوونی كوردستان بۆ وڵاتانی تر.
ئەو رێككەوتنە ئەو كاتە كرا كە لە میانی كۆڕبەندی ئابووری هاوبەشی نێوان حكوومەتی ئیتاڵی و هەرێمی كوردستان، رێوڕەسمی واژووكردنی یاداشتی پێكەوە كاركردن و گەشەپێدانی گوندنشینان و زنجیرەی بەهای زەیتوون بەڕێوەچوو.
لە 12ـی شوبات، لە باڵەخانەی كۆنفیدراسیۆنی كۆمپانیاكانی كشتوكاڵی و بازرگانی پیشەسازی و دارایی ئیتاڵی، وەك ناوەندێكی گرنگی جیهانیی سەرمایەگوزاری و ڕاوێژكاری و گەشەپێدان، بەئامادەبوونی بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، سەفین دزەیی سەرۆكی فەرمانگەی پێوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێم، محەمەد شوكری سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان و ستافێكی تەكنیكی و تیمی بەڕێوەبردنی پەیمانگەی سیهام باری و ژمارەیەكی بەرچاو لە وەبەرهێنەران و ژوورە بازرگانییەكانی ئیتاڵی و كوردستانی، رێككەوتن واژوو كرا.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئێستە هەنگاوەكانی بەرەوپێشچوونی كەرتی كشتوكاڵ و ئاودێری و ئاژەڵداریی پێش خستووە، دەرفەتەكانی وەبەرهێنان و ئاڵنگەرییەكانی بەردەم گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا لە ناوچەكە، گرنگیدان بە سەرچاوەكانی داهاتی جووتیاران و بەهێزكردنی پێگەی ئاسایشی خۆراك و ئاوی هەرێمی كوردستانی بە گرنگەوە پێش خستووە.
كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەردەوامە لە پاڵپشتیكردنی كەرتی پیشەسازی و كشتوكاڵی لە هەرێمی كوردستان، ئەوەش بە مەبەستی دابینكردنی ئاسایشی خۆراك و دۆزینەوە و دروستكردنی بازاڕ بۆ جووتیاران.
بەرهەمهێنانی زەیتی زەیتوون لە هەرێمی كوردستان، یەكێك لەو بەرهەمانەیە كە بە پاڵپشتیكردنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان چووەتە قۆناغێكی نوێ، ئێستە لە ڕێگەی حەوت كارگەوە ڕۆژانە نزیكەی 110 تۆن زەیتی زەیتوون لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان بەرهەم دەهێنرێت.
كارگەكانی بەرهەمهێنانی زەیتوون لە هەرێمی كوردستان بە كوالێتییەكی زۆرباش زەیت بەرهەم دەهێنن، ڕۆژانەش لە كاتی پێگەیشتنی زەیتوون، نزیكەی 800 تۆن زەیتوون لە جووتیارانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان وەردەگرن و زەیتەكەش بەهۆی بوونی خواستی زۆر لەسەری، هەر لە ناوخۆ ساغ دەكرێتەوە.
نیعمەت مەولوود سەرۆكی كۆمەڵەی هەرەوەزی زەیتوون، بە "وشە"ـی راگەیاند، بەرهەمەكەی بەپێی ڕۆژە، ڕۆژ هەیە یەك تۆن زەیتوونمان بۆ دێت، ڕۆژیش هەیە 30 تۆن و ڕۆژیش هەیە 10 تۆن زەیتوونمان بۆ دێت، بەڵام بە بەردەوامی ڕۆژانە 20 تۆنی لێ دەكەینە زەیتی زەیتوون.
سەرۆكی كۆمەڵەی هەرەوەزی زەیتوون ئاماژە بەوەش دەكات، ئەو هەنگاوەی حكوومەت زۆرباش بوو بۆ كردنەوەی كارگەی زەیتوون، چونكە پێشتر هەمووی لەلایەن كارگەی ئەهلی، زەیتوونیان ساغ دەكردەوە و هەر شتێك هەبوایە بەسەریان دەسەپێنرا، ئێستەیش جووتیارەكان لە هەموو لایەكەوە دەچن بۆ ئەو كارگەیە حكوومییە.
نیعمەت مەولوود ئاماژەش بەوە دەكات كە خۆشبەختانە زەیتی زەیتوون داواكاریی زۆری لەسەرە لە كوردستان، خەڵك زۆر بەكاری دێنن، ساڵی یەكەم و دووەم داواكاریی زۆر نەبوو لەسەری، بەڵام ئێستە زۆر زۆر بووە لە كوردستان.
جگە لەو ناوچانەی كە بەفراوین و ساردن، تەواوی خاكی هەرێمی كوردستان بۆ چاندنی زەیتوون شیاوە و دەكرێت تێیدا بڕوێنرێت، نزیكەی هەزار و 350 جووتیاریش لەو بوارە كار دەكەن، حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش بەردەوامە لە سیاسەتی پاڵپشتیكردنی جووتیاران و زیادكردنی بەرهەمی ناوخۆیی لە پێناو دەستەبەركردنی ئاسایشی خۆراك.
لە هەرێمی كوردستان ژمارەیەكی زۆری دار زەیتوون هەن و بەگوێرەی ئامارەكانی "وشە"، ملیۆنێك و 500 هەزار دار زەیتوون هەن، تا ساڵی 2023 هەزار و 800 تۆن بەرهەمی زەیتوون بووە.