ماڵپه‌ڕی ئه‌مه‌ریكیی ئه‌كسیۆس بڵاوی كرده‌وه، ئه‌گه‌ر ئێران ده‌ست به چالاكییه ئه‌تۆمییه‌كانی بكاته‌وه، ئه‌وا ئیسرائیل لێی قبووڵ ناكات و خۆی بۆ هێرش و گورزێكی نوێ ئاماده ده‌كات.
دوێنێ دووشه‌م بنیامین نه‌ته‌نیاهۆ، ده‌ستی به دیداره‌كانی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا و به‌رپرسانی تری باڵای ئه‌و وڵاته كرد، هه‌ندێك له‌و دیدارانه به ئاشكرا به‌ڕێوه‌چوون و ژماره‌یه‌ك دیداریش به نهێنی یان له پشتی ده‌رگا داخراوه‌كان كران.
سه‌رچاوه‌كه به پشتبه‌ستن به دوو سه‌رچاوه‌ی ئاگادار نووسیویه‌تی، رۆن دێرمێر راوێژكاری باڵای بنیامین نه‌ته‌نیاهۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل، چه‌ند كۆبوونه‌وه‌یه‌كی داخراوی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكا هه‌بووه و ئه‌وه‌ی دركاندووه كه دۆناڵد تره‌مپ، پاڵپشتیی له هێرشی ئیسرائیل بۆ سه‌ر ئێران ده‌كات ئه‌گه‌ر دۆخه‌كه بخوازێت.
به وردی باس له‌وه نه‌كراوه چ كاتێك ئیسرائیل بۆی هه‌بێت هێرش بكاته سه‌ر ئێران، به‌ڵام هه‌ندێك ئه‌گه‌ر خراوه‌ته روو، له‌وانه‌ش ئه‌گه‌ر ئێران بیه‌وێت ئه‌و یۆرانیۆمه‌ی له ژێر وێستگه وێرانبووهكانه، ده‌ربهێنێت و بۆ شوێنێكی تر بیگوازێته‌وه یان ئه‌گه‌ر بیه‌وێت ده‌ست به به‌رنامه‌ی ئه‌تۆمی بكاته‌وه، به‌تایبه‌تی ژێرخانی ئه‌و دامه‌زراوانه‌ی تایبه‌تن به پیتاندنی یۆرانیۆم.
به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكی پێیان وایه ئه‌و 400 كیلۆگرام یۆرانیۆمه پیتێنراوه‌ی ئێران خاوه‌ندارێتیی ده‌كرد، هێشتا له ژێر وێستگهكانه و له‌وانه‌یه به‌شێكی له‌ناوچووبێت و به‌شێكی تری وه‌ك خۆی مابێته‌وه.
ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كانی ئێران و ئه‌مه‌ریكا زۆر به وردی چاودێریی هه‌موو چالاكییه‌كی ئێران له ده‌وروبه‌ری وێستگه ئه‌تۆمییه‌كان ده‌كه‌ن، ده‌یانه‌وێت رێگه له هه‌ر جۆره گواستنه‌وه‌یه‌كی یۆرانیۆم بگرن.
ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا به ئاشكرا له میانه‌ی كۆبوونه‌وه‌كانی له‌گه‌ڵ بنیامین نه‌ته‌نیاهۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل باسی كردووه ئه‌وه‌یه، ئێرانییه‌كان پێیان گوتووه ئاماده‌ن گفتوگۆ بكه‌ن و ته‌نانه‌ت دۆناڵد تره‌مپ شه‌وی رابردوو گوتی، به‌مزووانه له‌گه‌ڵ ئێران ده‌ست به دانوستانی ئه‌تۆمی ده‌كاته‌وه.
ئه‌وه‌ی لای ئه‌مه‌ریكا نه‌گۆڕه و وه‌ك هێڵی سوور باس كراوه ئه‌وه‌یه، نابێت ئێران به هیچ شێوه‌یه‌ك به ئامانجی پیتاندنی یۆرانیۆم هه‌نگاو بنێت.
ئێران و ئه‌مه‌ریكا تا ئێسته پێنج گه‌ڕی دانوستانیان به‌ڕێوه بردووه، له 15ی مانگی حوزه‌یران بڕیار بوو گه‌ڕی شه‌شه‌می دانوستان بكرێت، به‌ڵام به‌هۆی جه‌نگ هه‌ڵوه‌شایه‌وه، چونكه له 13ی مانگ ئیسرائیل هێرشی كرده سه‌ر ئێران و زیانێكی زۆری به دامه‌زراوه ئه‌تۆمی، مووشه‌كی و سه‌ربازییه‌كانی ئێران گه‌یاند، له 22ی مانگ ئه‌مه‌ریكا ئامانجه‌كه‌ی بۆ ته‌واو كرد كه بریتی بوو له له‌ناوبردنی هه‌رسێ وێستگه‌ی ئه‌تۆمیی نه‌ته‌نز، فۆردۆ و ئیسفه‌هان.
له 24ی مانگ جه‌نگه‌كه وه‌ستا، به‌ڵام دیار نییه ئێران به چ رێكارێك درێژه به پلانه‌كه‌ی ده‌دات، به‌رپرسانی باڵای ئێران پیتاندنی یۆرانیۆمیان به مافی خۆیان زانیوه و له قسه‌كانیان وا ده‌رده‌كه‌وێت كه ئه‌وان درێژه به پیتاندن ده‌ده‌نه‌وه.
رافائێل گرووسی سه‌رۆكی ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تیی وزه‌ی ئه‌تۆمی له ماوه‌ی رابردوودا بۆ میدیاكان پێداگریی له‌وه كرد، ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت ته‌واوی پڕۆژه ئه‌تۆمییه‌كانی ئێران له‌ناوچووبن، هێشتا ئه‌و وڵاته توانای پیتاندنی یۆرانیۆمی هه‌یه، چونكه هه‌م زانسته‌كه‌ی هه‌یه و هه‌میش له رووی پیشه‌سازی و ته‌كنه‌لۆجیای ئه‌تۆمی وڵاتێكی پێشكه‌وتووه، ده‌توانێت له ماوه‌ی چه‌ند مانگێكدا ده‌ست به پیتاندنی یۆرانیۆم بكاته‌وه.
ئه‌و ره‌تی كرده‌وه پرسی ئه‌تۆمیی ئێران له رێگه‌ی هێرشی سه‌ربازییه‌وه چاره‌سه‌ر بكرێت، دیپلۆماسی به تاكه رێگه هه‌ژمار كرد.
گرووسی داوای له ئێران كردبوو رێگه به كارمه‌ندانی ئاژانسه‌كه بدات دووباره له ئێران ده‌ست به چالاكییه‌كانیان بكه‌نه‌وه، له نزیكه‌وه چاودێریی دۆخه‌كه بكه‌ن، به‌ڵام ئێران نه‌ك رێی نه‌داوه، به‌ڵكو به یاسا هه‌موو جۆره هاوكارییه‌ك له‌گه‌ڵ ئاژانسه‌كه‌ی هه‌ڵپه‌ساردووه.
ئه‌و ئه‌گه‌ره زۆر به‌هێزه ئیسرائیل له‌و سه‌ردانه‌یدا بۆ ئه‌مه‌ریكا، مافی ئه‌وه له ئه‌مه‌ریكا وه‌ربگرێت هه‌ر كاتێك هه‌ستی به‌وه كرد ئێران هێڵی سووری به‌زاندووه، له ئاسمانه‌وه بیكاته ئامانج.