ڕەشماری كوردستان یەكەمی دنیایە

:: PM:02:01:09/07/2025 ‌
ڕەشماری كوردستان ئێستە بووەتە جێی سەرنجی توێژەران، جگە لە چەند تایبەتمەندییەك كە هەیەتی و لە ماری تر نییە، ئێستە داواكاریی زۆری لەسەرە كە رەگەزی ئەو مارە ببرێتە وڵاتانی تر، سێ‌ جۆریشی هەیە كە جۆرێكیان زۆر دەگمەنە و لە ساڵێك ڕەنگە دوو دانەی ببینرێت.

ماری ڕەش یان ڕەشمار، یەكێكە لەو مارانەی كە هیچ مارێكی تر توانای شەڕكردنی نییە لەگەڵی، تەنانەت ئەگەر قەبارەی مارەكەی بەرانبەری لە خۆی گەورەتر بێت، ئەو مارە لە خواردندا زۆر حەزی لە گۆشتە و لە میوەدا زۆر حەزی بە كاڵەكە و حەزی زۆری بە شیرە.

ئەمیر حوسێن لە بازاڕی پەلەوەرفرۆشانی هەولێر جگە لە پەلەوەر، ئێستە كاری كڕین و فرۆشتنی ماریش دەكات، بە گوتەی ئەو تا مارێكی ڕەش دەگرن، دەتوانن 10 دانە ماری تر بگرن، بۆیە لە نرخ گرانە و بێ‌ زیانیشە .

بۆ "وشە" دەڵێت، ماری ڕەش زۆر بزۆكە و گرتنی گرانە، تاكە رێگە ڕاوچییەكانی مار بەكاری دەهێنن بۆ گرتنی ئەو جۆرە مارە، عەرەقە، بەڵام سیفەتێكی سەیری هەیە هێندەی عاشقی عەرەقە، ئەگەر بۆی تێبكەیت هەتا دەیكوژێت دەیخواتەوە.

روونی دەكاتەوە، خوای گەورە بە شێوەیەك دروستی كردووە كە بە هیچ شێوەیەك حەز بە شەڕكردن ناكات لەگەڵ مرۆڤ، هەموو كات لە مرۆڤەكان هەڵدێت تا زیانی پێ نەگەیەنی، ئامادە نییە شەڕت لەگەڵدا بكات، بەڵام كاتێ زیانت پێ گەیاند و هەوڵی كوشتنیت دا، ئەویش دەكەوێتە شەڕ لەگەڵت، بەڵام سەیر لەوەدایە ئەگەر پێتەوە بدات (بتگەزێت)، بە هیچ شێوەیەك ژەهرەكەی بەكار ناهێنێ، چونكە ژەهری ماری ڕەش لە هیچ نەخۆشخانەیەك دژەژەهری دەست ناكەوێت.

ئەو دەڵێت، زۆرمان دیوە ئەوانەی كە مار دەگرن و زیاتریش ماری ڕەش دەگرن، چونكە نرخی گرانترە و هەندێ جار مارەكە پێیانەوە دەدات (ئەیانگەزێت)، بەڵام هیچیان لێ بەسەر نایەت جگە لە برینێك وەك برینی دەرزی كاتێك دەچێت بە پێستدا، تەنیا برینێكی بچووك دروست دەكات و بەهیچ شێوەیەك ژەهرەكەی بەكار ناهێنێت.

لەبارەی هۆكاری خواست لەسەر ئەو جۆرە مارە ئەو مارفرۆشە پێی وایە، ئەو جۆرە مارە بەخێرایی دەتوانێ ڕێ بكات و دەتوانێ خۆی هەڵبدات و هێرش بكاتە سەر ئەو كەسەی كە ئازاری دەدات، دەتوانێ بەسەر دار و دیواردا سەربكەوێ.

بەپێی لێدوانی توێژەرێك لە كۆی 32 جۆری ماری دەستنیشانكراو لە هەرێمی كوردستان، تەنیا چوار جۆریان ژەهراوین و جۆرەكانی تر زیانیان بۆ مرۆڤ نییە.

بەندی ساڵح مامۆستای بایۆلۆجی و توێژەر رای دەگەیەنێت، تا ئێستە 32 جۆر مار لە كوردستان تۆمار كراون، لەناو 32 جۆرە مارە چوار جۆریان ماری ڕەشن.

ئەو بۆ "وشە" رای دەگەیەنێت، ئەو چوار جۆرە ڕەشمارەی كوردستان لە بەناوبانگترینەكانی دنیان، چونكە ڕەشماری كوردستان جگە لەوەی ژەهراوی نییە، ڕۆڵی هەیە لە رێكخستنەوەی سروشت و پاراستنی، بەتایبەت لەناوبردنی جرج و مارە زیانبەخشەكان.

ئەو توێژەرە دەڵێت، ڕەشماری كوردستان بۆ توێژنەوەی چەندان وڵات براوە و بە مارە دەگمەنەكان دادەنرێت، ڕۆڵێكی گرنگ دەبینن لە پاراستنی زنجیرەی خۆراكی سروشتیی هەرێمی كوردستان، دەبێت حكوومەتی هەرێمی كورسدتان راستكردنەوە بكات لەوەی ڕەشمار بكوژ نییە و زیانی نییە.

هەرچی خاوەن ناوەندێكی چارەسەری ئاژەڵانە دەڵێت، ڕەشماری كوردستان سێ‌ جۆری هەیە، جۆرێكیان زۆر دەگمەن و بە دەگمەن دەبینرێت و تەنیا لە ناوچە شاخاوییەكانی دوور لە دەستی مرۆڤ هەیە.

یاسین كۆسرەت بۆ "وشە"ـی رای گەیاند، ڕەشمار مارێكی چاونەترس و بەهەڵمەت و ئازایە، وەك پڵینگ هەڵمەت دەبات و وەك تیمساح  نێچیرەكانی قووت دەدات، بە بەراورد بەمارەكانی تر  كەم لە مرۆڤیش دەترسێت، زۆر لە مرۆڤ ورد دەبێتەوە وەك ئەوەی بەنیگا و هەڵسوكەوتەكەی پەیامێك بنێرێت، بڵێ با من و تۆ ببین بەدۆست، یان بڵێ تۆ دۆژمنایەتیم مەكە و من دوژمنەكانی تۆ و كێڵگەكەت قووت دەدەم.

ئەو پزیشكە رای دەگەیەنێت، بەپێی هەندێك سەرچاوەی زانستی، ڕەشمار دوو یان سێ جۆری هەیە، بەڵام بە دڵنیاییەوە لە كوردستان سێ‌ جۆر تۆمار كراوە، ڕەشماری گەردنسووری باریك دواین جار بینراوە لە چیای حەسەن بەگ، لە جۆرە دەگمەنەكانە.

" ئەو ڕەشمارە ئێستە لە كوردستان هەیە، بۆ توێژینەوەی قوتابیان و پەرەپێدانی خواستی لەسەرە، لە بازاڕەكاندا لە دوكانداران داوا كراوە بۆ تاقیگەكانی قوتابیان لە ناوخۆ بۆ تاقیگەكانی قوتابیان لە دەرەوە"، ئەو پزیشكە وای گوت.

تا ئێستە دیار نییە لە كوردستان چەند مار هەیە، بەڵام بەپێی خەملاندنەكان ژمارەی مارەكان لە سەرووی 400 هەزار مارە بەسەرجەم جۆرەكانی كە زۆرینەی بۆرە مارە، ناوچە چیاییەكانیش گەوڕەترین گۆڕەپانی مارەكانە.



وشە - رامیار جەواد