ده‌ره‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌یه‌كی ناحكوومیی ئه‌مه‌ریكی ده‌یسه‌لمێنێت كه قه‌باره و گوڕی هێرشی 12 رۆژی ئیسرائیل بۆ سه‌ر ئێران، توانیویه‌تی كێشه‌ی زۆر گه‌وره بۆ ئێران بێنێته كایه‌وه و له‌وه‌ته‌ی جه‌نگی ئێران و عێراقه‌وه، ئه‌و وڵاته هێنده‌ی ئه‌م 12 رۆژه تووشی بۆشایی ته‌ناهی نه‌بووه.
دامه‌زراوه‌كه به Amed Conflict Location and Event Data ناسراوه كه كورتكراوه‌كه‌ی ACLEDه، له دوو ده‌یه‌ی رابردووه‌وه كاره‌كه‌ی ئه‌وه بووه وردبینی و لێكۆڵینه‌وه بۆ جه‌نگه‌كان بكات و به نه‌خشه ئاماره‌كان بخاته روو.
به‌پێی نوێترین راپۆرتی دامه‌زراوه‌كه، له ماوه‌ی 12 رۆژی جه‌نگی نێوان ئێران و ئیسرائیل، به‌گشتی 360 هێرش كراوه‌ته سه‌ر ئێران، ئیسرائیل 27 پارێزگای ئێرانی كرده ئامانج و له‌م رووه‌وه تارانی پایته‌خت پشكی شێری به‌ركه‌وت.
به‌گشتی 150 خاڵ له ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی شار و پارێزگاكان كراونه‌ته ئامانج و نزیكه‌ی یه‌ك له‌سه‌ر سێی كۆی هێرشه‌كان بۆ سه‌ر تارانی پایته‌خت بووه. له 22 ناوچه‌ی تاران‌دا 17ی ناوچه له‌لایه‌ن فڕۆكه‌كانی ئیسرائیل كراونه‌ته ئامانج.
به‌گشتی 108 جار هێرش كراوه‌ته سه‌ر تاران و له دوای تاران پارێزگای ئازه‌ربایجانی رۆژهه‌ڵات، ته‌ورێز به 29 جار هێرش له ریزبه‌ندیی دووه‌مدا دێت، پارێزگای كرماشان و ئیسفه‌هانیش هه‌ر كام به 24 جار هێرش له ریزبه‌ندیی سێیه‌می پارێزگاكانی ئێران دێن كه زۆرترین هێرشیان كراوه‌ته سه‌ر.
هه‌ر به‌پێی ئاماره‌كه، 160 هێرشی ئیسرائیل بۆ سه‌ر ئامانجی سه‌ربازی و 10 هێرشیش بۆ سه‌ر ناوه‌ند و باره‌گاكانی پۆلیس بووه. جگه له‌مانه هێرش كراوه‌ته سه‌ر وه‌زاره‌ته‌كانی به‌رگری، ئیتڵاعات، دامه‌زراوه‌ی ته‌له‌ڤزیۆن.
هه‌ر به‌هۆی ئه‌و هێرشانه‌وه 30 فه‌رمانده‌ی باڵای سوپای پاسداران و 11 زانای ئه‌تۆمی كوژران و زۆربه‌یان ته‌نیا له شه‌وی یه‌كه‌می هێرشی ئیسرائیل تێداچوون.
له به‌شێكی تری راپۆرته‌كه‌دا باس له‌وه كراوه، هێرشه‌كانی ئیسرائیل زۆر ورد و ئامانجدارانه بوون و ئامانجه‌كانیان پێكا، هه‌رچه‌نده به‌هۆی ئه‌و هێرشانه‌وه ژماره‌یه‌ك خه‌ڵكی سڤیلیش كوژران یان بریندار بوون. به‌پێی ئه‌و خه‌مڵاندنه‌ی رێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ كردوویانه، 40%ی كوژراوان خه‌ڵكی سڤیل بوون و له‌و هه‌زار و 100 كه‌سه‌ی له ئێران كوژران، 440 كه‌سیان سڤیلن.
جگه له‌مه كاریگه‌رییه‌كانی ئه‌و جه‌نگه بۆ سه‌ر تاران، بووه هۆی ئه‌وه‌ی ژماره‌یه‌كی زۆری دانیشتووانی پایته‌خت شاره‌كه به‌جێبهێڵن، شارێك كه ژماره‌ی دانیشتووانی ده‌گاته زیاتر له 10 ملیۆن كه‌س.
هه‌ر به‌پێی خه‌مڵاندنی دامه‌زراوه ناحكوومییه ئه‌مه‌ریكییه‌كه، 21 ملیۆن كه‌س كه ده‌كاته چاره‌گی كۆی دانیشتووانی ئێران، له به‌رده‌م مه‌ترسیی هێرشه‌كانی ئیسرائیل‌دا بوون و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه هێرشه‌كان زۆر ورد و پلانداڕێژراو بوون، به‌ڵام هێشتا زیانی گیانیی زۆری هه‌بووه.
جێی باسه شه‌ڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران له به‌ره‌به‌یانی 13ی حوزه‌یران ده‌ستی پێ كرد، دوای چه‌ند رۆژ له جه‌نگ، ئیسرائیل به ته‌واوی ئاسمانی ئێرانی كۆنترۆڵ كرد و به دڵی خۆی هه‌ر شوێنێكی ئێران مه‌یلی لێ بوایه، بۆردمانی ده‌كرد و له ناوی ده‌برد.
به‌گوڕترین هێرشی ئاسمانی كاتێك بوو له 22ی مانگی حوزه‌یران، ئه‌مه‌ریكا هاته ناو جه‌نگه‌كه و به فڕۆكه‌ی B2 وێستگه ئه‌تۆمییه‌كانی نه‌ته‌نز، ئیسفه‌هان و فۆردۆی بۆردمان كرد و ژێرخانی ئه‌تۆمیی ئێرانی له‌ناو برد.
پێشبینی ده‌كرێ ئێران له ماوه‌ی ئه‌و 12 رۆژ جه‌نگه‌دا، به سه‌تان ملیار دۆلار زیانی به‌ركه‌وتبێت، چونكه به‌ده‌یان ساڵه وه‌به‌رهێنان له وێستگه ئه‌تۆمییه‌كان ده‌كات و به‌ده‌ر له‌مه، سه‌رمایه‌یه‌كی زۆری بۆ دامه‌زراندنی سیستمه‌كانی به‌رگریی مووشه‌كی ته‌رخان كردووه كه به‌هۆی هێرشه‌كانی ئیسرائیل له‌ناو بران.
ئێران هێشتا ددانی به شكست نه‌هێناوه و له میدیاكانی بانگه‌شه‌ی سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر ئیسرائیل و ته‌نانه‌ت ئه‌مه‌ریكا ده‌كات.