لە سێ پارچەی كوردستان مەترسییەكی نوێ لەسەر كورد سەرهەڵدەدات

:: AM:10:22:10/07/2025 ‌
مەترسییەكی نوێ لەسەر كورد لە سێ پارچەی كوردستان سەرهەڵدەدات و چاودێران پێیان وایە، ئاستەنگی نوێ بۆ كورد دێتە پێشەوە.

 دوای 100 ساڵ تێكۆشان و قوربانیدان، كورد ئێستە لە یەك كاتدا  لە سێ پارچەی كوردستان لەسەر مافە رەواكانی خەریكی گفتوگۆیە، ئەگەرچی كێشەكانی لە دنیادا ناسراون، بەڵام هێشتا مەترسی و ئاستەنگ زۆرە، نوێترین مەترسیش هەڵوێستەكانی ئەمەریكایە لە سووریا و توركیا.

ئێستە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دوای چەندان ساڵ خۆبەڕێوەبەری و جۆرێك فیدراڵی لە عێراقدا، لە گفتوگۆیەكی توندایە و لایەنە سیاسییەكان و  بەردەوام كێشە و گرفت بۆ هەرێم دروست دەكەن، بەشێكیان ئەوی بەدەست هاتووە بەزۆری دەزانن و مەترسی لەسەر قەوارەی هەرێم هەیە.

لە رۆژئاوای كوردستانیش دوای چەندان ساڵ بەرگری و قوربانیدان، تونرا بەخوێن  خۆبەڕێوەبەرییەك لە شارە كوردییەكاندا دروست بكرێت. بەگوتەی بەرپرسانی هەسەدە لە ساڵی 2011وە تا ئێستە، ئەو هێزە بۆ پاراستنی رۆژئاوای كوردستان زیاتر لە 11 هەزار شەهیدی داوە.

لەبارەی باكوری كوردستانەوە ئەگەرچی بابەتەكە جیایە، چونكە ئەو هێزە كوردییەی لە سەرەتاوە داوای سەربەخۆیی كوردستانی دەكرد، دوای 40 ساڵ خەبات و قوربانیدان و بەكوشتدانی هەزاران كوڕ و كچی كورد، ئێستە وازی لە داوا نەتەوەییەكان بەتایبەت لە ئاستی سیاسی هێناوە و باسی توركیایەكی دیموكرات دەكات.

گفتوگۆكانی ئەوانیش لەسەر مافی كولتووری كورد بەردەوامە و توركیا بڕیارە هەنگاوی گەورە لەمبارەیەوە بنێت.

نوێترین مەترسی كە لەسەر هەرسێ پارچەكەی كوردستان دروست بووە، هاتنی كەسێكە بەناوی تۆم باراك كە نوێنەری سەرۆكی ئەمەریكایە لە توركیا و سووریا و ئەو باوەڕی بەهیچ خۆبەڕێوەبەرییەكی كوردی نییە، باس لەوە دەكات باشترین شت بۆ كورد تێكەڵبوونیانە لەگەڵ وڵاتانی خۆیان.

تۆم باراك باڵوێزی ئەمەریكایە لە توركیا، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپە بۆ سووریا و عێراق، هەروەها ناوەندگیری نێوان  ترەمپە لەگەڵ میرەكانی كەنداو، بەتایبەتی ئیمارات و سعوودیە و وەك راپۆرتە رۆژنامەوانییەكان دەڵێن: "بەو پێیەی هاوبەشی سەرمایەیە لەگەڵ زۆر لە میرەكانی ناوچەكە و بازرگانیی نەوت و غازیان لەگەڵ دەكات.

هاوكات كەسێكە چەدان ساڵە لەتوركیا بەرژوەندی گەورەی هەیە و وەك دەگوترێ پێوەندی توركیا و ئەمەریكا لەسەردەستی ئەو راگیراوە و دۆستی سەرۆك كۆماری توركیاشە.

باراك لە دیمەشقەوە سەرزەنشتی كوردەكانی كردووە كە لە پرۆسەی دانوستانی نێوان مەزڵووم عەبدی و جۆلانی (ئەحمەد شەرع)دا خاون. دەڵێت: ڕێگەی دانوستان دەبێت بچێتەوە سەر دیمەشق.

ئەو نەك لەگەڵ فیدراڵی بۆ كورد نییە، تەنانەت بەئاشكرا دژایەتی دەكات و گوتی، فیدراڵی بۆ ناوچەكە ناگونجێت.

بەبڕوای چاودێران، ئەم لێدوانانەی نوێنەرەكەی سەرۆكی ئەمەریكا لە ناوچەكە، بەڵگەی پشتگیری دەداتە وڵاتانی داگیركەری كورد تا ئەوەی بەخوێن بەدەستیان هێناوە، لە بەین بچێت.

لەو قسەیەوە سەیری دۆخی ئێستەی كورد بكەین، لە توركیاوە ڕێگەكە دەچێتەوە ئەنكەرە، لە عێراقیشەوە كێشەی نێوان هەرێم و حكوومەتی مەركەزی بەڕوونی دیارە كە تەنیا یەك ڕێگەی ماوەتەوە، ئەویش بەستراوەتەوە بە بەغدا.



وشە - سۆران عەزیز